ناوی محەمەد ئەمینی کوڕی مەلا حەسەنی ڕواندزییە کە یەکێک بووە لە کەسایەتییە هەرە ناسراوەکانی سەردەمی خۆی. محەمەد ئەمین پاش تەواوکردنی قۆناغە بەراییەکانی خوێندن لە ڕواندزەوە چووەتە ئەستەمبوڵ و لەوێ کۆلیژی سەربازی تەواوکردووە. ساڵی 1922 بەپلەی ئەفسەری دووەم لەسوپای ئێراقدا وەرگیراوە و هەر ئەو ساڵە بەشداری کردووە لە حکومەتەکەی شێخی نەمردا. تا ساڵی 1946 لە ڕیزەکانی سوپای ئێراقدا ماوەتەوە و دواتر خانەنشین کراوە.
ئەم پیاوە ڕۆشنبیرە کوردپەروەرە ڕۆڵێکی گەورەی بینیوە لە دامەزراندنی (یانەی سەرکەوتن) لە بەغدا و یەکێکیش بوو لەدامەزرێنەری حزبی هیوا. ئەو کاتەش کە ئەفسەرەکانی سەر بەحزبی هیوا لەبزووتنەوەکەی ناوچەی بارزان دا (لیژنەی ئازادی) یان پێک هێنا، ئەمین ڕواندزی ئەندامێکی چالاکی ئەو لیژنەیە بووە.
لەهەراکەی ساڵی 1941 یشدا ڕۆڵێکی گەلێ گرنگی بینی لە شاری هەولێردا و نەیهێشت ئاژاوەکە پەرە بسێنێ و خەڵکی بێ گوناهی تێدا بکوژرێ. ئەمین ڕواندزی لە بواری ڕۆشنبیریشدا بەرهەمی بەپێزی هەبووە و لەرۆژنامەی (ژیانەوە) دا بەرهەم و نووسینی بڵاوکردۆتەوە. ئەم کەسایەتییە نیشتمانپەروەرە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 1955 لە بەغدا کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی (بابولموعەززەم) بەخاک سپێردراوە.