سەرۆکی عەشیرەتی مەنگوڕ و فیداکاری گەورەی ڕێبازی کوردایەتی، هەمزاغای مەنگوڕ یەکێکە لەو تێکۆشەرە دلێرانەی کە بەجوامێری و ڕاستگۆیی و بەخشندەیی خۆی توانی ناوبانگێکی بەرز بۆ بنەماڵە و عەشرەتەکەی بەدەست بهێنێت، شوێنی نیشتەجێ بوونی عەشیرەتی مەنگوڕ لەسنووری نێوان ئێران ودەوڵەتی عوسمانیدا ئەم خێڵەی کردبووە ئامانجی دەستدرێژییە بەردەوامەکانی لەشکری دەوڵەتی عوسمانی و لەشکری شای ئێران. هەمزاغای مەنگوڕ، وەک سەرکردەیەکی خاوەن هەستی نیشتمانی، ڕێگەی خەبات و بەرگریکردنی هەڵبژارد و پەیوەندی کرد بەشێخ عوبەیدوڵای نەهرییەوە و هەموو تواناو دەسەڵاتێکی خۆی و عەشرەتەکەی تەرخان کردبۆ پشتگیری کردنی شێخی نەهری و لەکۆبوونەوەکەی شەمزینانیشدا بەشدارییەکی کاریگەری کرد. هاوینی ساڵی 1880 کاتێک لەشکری شای ئێران بەناوی کۆکردنەوەی سەرانەو باجەوە هەڵی کوتایە سەر ناوچەکانی کوردستان و ڕاپەڕینەکەی شێخی نەهری لێ دروست بوو، هەمزاغا بەخۆی و پێنج هەزار جەنگاوەرەوە چووە پاڵ ڕاپەڕینەکەو لەگەڵشێخ عەبدولقادری کوڕی شێخ عوبەیدوڵادا زنجیرە هەڵمەتێکی سەرکەوتوویان دەست پێ کرد کەناوچەکانی (مەرگەوەر) و (لاهیجان) و (سەردەشت) و (سابڵاخ) و (میانداواو)یان تیا ئازاد کرا. سەرکەوتنەکان هێندە کاریگەر بوون کە تاران و ئەستەمبوڵی پێ نیگەران بوون وسەر لەنوێ کەوتنە داڕشتنی پیلان بۆ لەناو بردنی ڕاپەڕینەکەو بەهاوکاری ئینگلیز و ڕوسیا و نەمسا دژە هێرشی داگیر کەران دەستی پێ کرد. مانگی تشرینی دووەمی ئەو ساڵە و لە کاتێکدا کە شاری ورمێ و دەروازەکانی شاری تەورێز لە ژێر کۆنترۆڵی لایەنگرانی شێخ عوبەیدوڵا دا بوون،دوو بەرەکی کەوتە ناو جەنگاوەرە کوردەکانەوە و پەلاماری لەشکری ئێران هێزەکانی شێخی نەهرییان ناچار کرد پاشە کشێ بکەن و تەنانەت زوربەشیان پەیوەندییان کرد بەدوژمنەوە، بەڵام هەمزاغای مەنگوڕ هەر لەگەڵ شێخدا مایەوەو سەرباری ئەو هەموو زیانە گیانی و ماددییەیکەلەناوچەکەی کەوت، درێژی دا بەشەڕی پارتیزانی و زەبری کاریگەری لەدوژمن وەشاند. سەرەنجام لەسەنگەری بەرگریدا شەهید کرا و پاش شەهید کردنیشی سەریان بڕی و بەدیاری بردیان بۆ فەرماندەی هێزەکانی ورمێ.