کوڕی شێخ محەمەدە بچکۆلەی کوڕی کاک ئەحمەدی شێخەو هەر لەزەمانی باپیرییەوە لەهەموو براو ئامۆزاکانی زیاتر ناوبانگی دەرکردووە.
پاش کۆچی دوایی کاک ئەحمەدی شێخ، ئەم بەکردەوە جێی ئەو پیاوە گەورەیەی گرتەوە، بەتایبەت لەسەردەمێکدا کەنەمانی ئەمارەتی بابان بۆشاییەکی گەورەی لەکوردستاندا دروست کرد.
پێگە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکی دەوڵەتی عوسمانی وا لێکرد بایەخی پێبدەن. شێخ سەعید لە شەڕی (بایەزید)و (قارس) دا دژی لەشکری ڕوسیای قەیسەری بەشداری شەڕەکانی دەوڵەتی عوسمانی کردووە، بەم هەڵوێستە ئایینییەش هێندەی تر ڕێزی لای سوڵتان عەبدولحەمید زیادی کرد، ئەو کاتەی کە شێخ مستەفای برای لەحەج کۆچی دوایی کرد، شێخ سەعید شیعرێکی هێندە بەرزی بۆ وت کە لەو سەردەمەدا بوو بەوێردی سەر زمانی زۆر کەس. ئەم گەورە پیاوەی بنەماڵەی کاک ئەحمەدی شێخ.
چەند جارێک لەسەر بانگهێشتی خەلیفەی عوسمانی سەردانی ئەستەمبوڵی کردووە.
پاش برەو پەیدا کردنی کۆمەڵەی (ئیتحاد و تەرەقی) شێخ سەعید ناچار کرا سلێمانی بەجێ بهێڵێ و لەگەڵ شێخ مەحمودی کوڕی و چەند کەسێکی تری بنەماڵەکەیدا لەموسڵ نیشتەجێ بوون، بەڵام لەوێش وازیان لێ نەهێناو لەجەژنی قوربانی ساڵی 1909دا بەپیلانێک کێشەیەکی گەورەیان بۆ دروست کرد و هەر لەوێ شەهید کرا.