محەمەد غەفور ئەحمەد ساڵی 1939 لە خێزانێکی کوردپەروەرو ناسراوی شارۆچکەی ئاغجەلەر هاتۆتە دنیاوە.
بنەماڵەی ئەم ڕۆڵە هەڵکەوتووە خاوەنی مێژویەکی پڕ سەروەرییە لە جوامێری و کوردایەتی و فیداکاریدا. شەهیدی نەمر حەمە غەفور ئاغجەلەری ساڵی 1961 پەیوەندی کردووە بە شۆڕشی ئەیلولەوە.
بەهۆی ئازایەتی و لەخۆبوردوویی و ڕەوشت بەرزییەوە لەماوەیەکی کەمدا شەهید حەمەغەفور بووە سەردەستەی هەڤاڵەکانی و فەرماندەیەکی بەناوبانگی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
ئەم فەرماندە کۆڵنەدەرە لەشۆڕشی ئەیلولدا چەندین داستانی بێ وێنەی تۆمارکردووەو هاوڕێ لەگەڵ برا پێشمەرگەکانیدالە ناوچەی #چەمچەماڵ# و ئاغجەلەر دەیان پەلامارو شاڵاوی هێزەکانی ڕژێمیان تێکشکاندووە.
شەهید حەمەغەفور کەهەموو ژیانی خۆی بۆ کوردو کوردستان تەرخان کردبوو، ساڵی 1976 بە بڕوایەکی پۆڵایینەوە پەیوەندی کرد بە شۆڕشی نوێی گەلەکەمانو لێپرسراوێتی سیاسی و عەسکەری مەفرزە سەرەتاییەکانی سنوری #کەرکووک#ی گرتە ئەستۆو لەماوەیەکی کورتدا توانی جەماوەرێکی زۆر لەدەوری مەشخەڵانی شۆڕشی نوێدا کۆبکاتەوە.
چالاکییە سیاسی و عەسکەرییەکانی شەهید حەمەغەفور لەسنوری کەرکووکدا هێندە قوڵو بەرفراوان بوون کە ترسێکی گەورەیان خستە دڵی دوژمنانی ئازادییەوەو بەکرێگیراوەکانی ڕژێم هەموو هێزو توانای خۆیان خستەگەڕ بۆ لەناوبردنی ئەم هەڵۆ بەرزەفڕەی کوردایەتی و سەرەنجام پیلانی ڕەشی بەکرێگیراوان ڕۆژی 23-07-1977 بووبە خەنجەرێکی ژەهراوی و لەپشتەوە خوێنی شەهید حەمەغەفورو حەوت پێشمەرگەی تری بەناحەق ڕشت و ژانێکی بەسۆی خستە دڵی دڵسۆزانی کوردو کوردستانەوە.