ئەم هونەرمەندە لەسەرەتای سییەکان لە #سلێمانی# لەدایک بووەو هەر لەمناڵییەوە بەهرەی هونەری وێنەکێشانی تیادەرکەوتووە و بۆ فێربوونی ئەو هونەرە بەشێوەیەکی زانستی بووە بەخوێندکار لەپەیمانگای شێوەکاری لەبەغدا.
ساڵی 1953 بەهۆی هەڵوێستی سیاسییەوە بۆ ماوەی ساڵێک لەگەڵ چەند خوێندکارێکی هاوڕێی دا لەو پەیمانگایە فەسڵ کراوە.
لە 1956 خوێندنی لەپەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدا تەواوکردوو لە 1963 بەشی شانۆیی لە ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی ڕۆما تەواوکرد. وەک مامۆستای هونەریش لەخوێندنگاکانی سلێمانیدا چەند ساڵێک خزمەتی کردووە و دیکۆری چەندین شانۆگەری جێبەجێ کردووە. دوای تەواوکردنی خوێندنی دیکۆر لە ڕۆمادا، لەتەلەفزیۆنی بەغدا بەناونیشانی دیکۆریست دامەزرا پاشان ماوەی ساڵێک لەئەڵمانیای خۆرهەڵات دیکۆری تەلەفزیۆنی خوێند.
کۆتایی پەنجاکان بەشداری کردووە لەدامەزراندنی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کورد- سلێمانی و یەکەم کەس بووە پیشانگای هونەری شێوەکاری لەهەولێر لە 1950 نمایش کردووە.
خالید سەعیدی هونەرمەند سەبارەت بەهونەری دیکۆرکێشان دید و بۆچوونێکی تایبەتی هەبووە، لەبواری هونەری وێنەکێشانیشدا بە یەکەمین هونەرمەندی کورد ئەژمێردرێت کە پردێکی لەنێوان هونەری شێوەکاری ئەوروپا و کورد دروست کرد بێت و ئەم هونەرە گرنگەی لەخۆرسکی و واقعییەتی فۆتۆگرافی ڕزگار کرد. ئەم هونەرمەندە کە لە نێوەندە هونەرییەکانی ئیتاڵیادا ناوبانگێکی گەورەی هەبوو، جگە لەزمانی کوردی، فارسی و عەرەبی و ئینگلیزی و ئەڵمانی و ئیتاڵیشی بەچاکی زانیوە. لە ساڵی 1994دا کۆچی دوایی کردووە.