ئەم پیاوە ناودارەی کورد کە بە سەید تەهای (نەهری)یش ناسراوە، یەکێکە لە پیاوە ئاینییە هەرەبەناوبانگەکانی کوردستان و لەسەر دەستی مەولانا خالیدی نەقشبەندیدا تەریقەتی وەرگرتووە و لەناوچەکەی خۆیدا ئەو ڕێبازەی بڵاوکردۆتەوە.
سەیید تەهای نەهری سەرەتا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی میری بۆتاندا ژیاوەو وەک شەخسییەتێکی ئاینی پایە بەرز ڕێزی زۆری لێ گیراوەو ئەویش هاوکارو ڕاوێژکارێکی دڵسۆزی بەدرخانییەکان بووە.
پاش تێکچوونی دەسەڵاتی بەدرخانییەکان، سەیید تەها خانەقای نەقشبەندی گواستۆتەوە بۆ گوندی نەهری ناوچەی شەمزینانی ژێر دەسەڵاتی میری هەکاری و لەو کاتەوە ئیتر بەسەیید تەهای نەهری ناوبانگی دەرکردووە.
سەرچاوە مێژووییەکان ئەڵێن لەو سەردەمەی ڕابەرایەتی کردنی سەیید تەهادا تەریقەتی نەقشبەندی لەناوچەی بادیناندا زیاتر لە دە هەزار موریدی هەبووەو خەڵکی لەهەموو لایەکەوە ڕوویان کردۆتە خانەقاکەی سەیید تەها.
ئەم پێگە ئایینی و کۆمەڵایەتییە گەورەیە وای لەپاشای قاجارییەکان کردووە ڕێزی تایبەتی بۆ سەیید تەها دابنێن و پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵدا ببەستن.
سەیید تەها کە بەرەچەڵەک ئەچێتەوە سەر شێخ عەبدولقادری گەیلانی، شەخسییەتێکی نیشتمانپەروەری بەرجەستەی وابوو کە یارمەتی هەموو بزووتنەوەو چالاکییە ڕزگاریخوازەکانی داوەو تەنانەت هەوڵیشی داوە یارمەتی بزووتنەوەکەی خەڵکی داغستانیش بدات کە شێخ شامیل سەرکردایەتی ئەکرد.
ئەم گەورە پیاوەی کورد لەساڵی 1853دا کۆچی دوایی کرد و ماوەی چەند ساڵێک شێخ محەمەد ساڵحی برای ئەرکی ڕابەرایەتی کردنی ڕێبازی نەقشبەندی لەناوچەکەدا گرتەدەست و پاشان ئەو ئەرکە ئایینییە بەشێخ عوبەیدوڵای کوڕی سەیید تەها سپێردرا.