شەهید حەسەن حەمەساڵح مەحمود ناسراو بە (حەسەن #خاوێ#ی)، ساڵی (1940) لە گوندی (خاوێ)ی سەر بە ناوچەی قەرەداخ لەدایکبووه، شەهید حەسەن لە خێزانێکی هەژاری زەحمەتکێش هاتۆتە دنیاوە، بۆیە لەبەر هەژاریی و پەیداکردنی قوتی ڕۆژانە بۆ خێزانەکەی نەخراوەتە بەر خوێندن.
بەڵام شەهید حەسەن مرۆڤێکی هۆشمەندو بیرروناک بووە بەهۆی زیرەکی خۆیەوە توانی زۆر بە باشی فێری خوێندنەوەو نوسین ببێ.
شەهید لە سەرەتای ژیانییەوە هەستی بە چەوساندنەوەی میللەتەکەی کردووە، لەلایەن ڕژێمە جیاجیاکانی عێراقەوه، بۆیە هەر لە سەرەتای گوڕو تینی لاویدا بیروباوەڕی کوردایەتی و خەبات و پێشمەرگایەتی لە هزریدا چەکەرەی کردبوو.
شەهید حەسەن ساڵی (1961) دا کە تەمەنی (21) ساڵ بوو پەیوەندیکردووە بە شۆڕشی ئەیلول-ەوەو بووە بە پێشمەرگه.
لە شۆڕشی ئەیلولدا زۆر بەزوویی پلەکانی پێشمەرگایەتی بڕی تا بوو بە سەرلق، بەشداریی بەرچاوی هەبوو لە شەڕو ڕووبەڕووبوونەوەکانی نێوان ساڵی (1961) بۆ (1962) وەک شەڕەکانی #دەربەندیخان#، دەربەندی بازیان، قیتارەکەی #کفری# و گڵەزەردەو کۆڕەکو سەفینو چەندینو نەبەردی تر.
شەهید حەسەن لەپاش هەرەسی شۆڕشی (1975)، لەگەڵ یەکەم چەخماخەی شۆڕش پەیوەندیکردەوە بە ڕیزەکانی ڕێکخستنو کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان-ەوە، لە ماوەی ژیانی دا بەشداری دەیانو سەدان چالاکی ناوشاری کردووەو دەیانو سەدان تاوانباری بە سزای گەلو شۆڕش گەیاندووه، لە دوای ئاشکرابوونی لەگەڵ هاوڕێیەکی بە ناوی (عەلی چەلەبی)، لە ئەنجامی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی ڕێکخستن لەلایەن ناوەندی ڕێکخستنی کۆمەڵەوه، ساڵی (1976) بڕیاردەدرێت شەهید حەسەن خەباتی شارو شاخ گرێبدات و پەیوەندیدەکات بەهێزی پێشمەرگەوه.
شەهید حەسەن لەم ماوەیەدا زۆر تێکەڵی شەهیدی نەمرو قارەمان (سیروان تاڵەبانی) دەبێت و زۆر یەکتریان خۆشدەوێت، تەنانەت لە خۆشەویستی کاک سیروان کوڕە بچکۆلەکەی ناو دەنێت (سیروان)، دوای چوونە دەرەوەی لە هەرێمی (5)ی قەرداغی ئەوسا دەکرێت بە ئامرکەرت لە کەرتی (2)ی بازیان.
شەهید حەسەن لەبەر لێهاتوویی و زیرەکی خۆی پلە پلە پلەکانی پێشمەرگایەتی دەبڕێو هەمیشە وەک کادێرو فەرماندەی دڵسۆز ئەرکەکانی پێشمەرگایەتی بە ئەنجام دەگەیەنێت.
بێگومان شۆڕشی نوێ جوڵەو بزاوتێکی نوێتربوو، بۆیە پێویستی بە قوربانی زیاترو خەباتی چڕتر هەبووەو ڕووبەرووی دەیان شەڕ بوونەوە کە پیلان بوون بۆ شکستپێهێنانی (ی.ن.ک)، بەڵام شەهید حەسەن هەمێشە وەک فەرماندەیەکی ئازا بەشداریکردووە لەو شەڕانەدا (شەڕی #گەرمیان#و سەنگاو و داستانی زینانەو داستانەکانی #شارەزوور#و گەرمیانو مەفرەزەکردن بۆ شاری #سلێمانی# و شەڕی بازیانو شەڕی تیمار لە ناوچەی قەرداغ)، کە چەندین ئەفسەرو پلەدار لەم شەڕانەدا کوژران، شەڕی تەنگیسەر کە تەرمی شەهیدی سەرکردە (کاک ئارام)یان دەرکرد، ئەم شەڕە زۆر سەخت بوو، کە لە ئەنجامدازیاتر لە (100) جاشو سەرباز کوژران. تەنانەت شەهید حەسەن لەم شەڕەدا گوللەیەک بەر سەری دەکەوێت بە سەختی بریندار دەبێت.
لە شەڕی گورباز دا بەشداری بەرچاوو قارمانانە دەکات، کە شەڕەکە بە فەرماندەیی خۆی بووه، لەم شەڕەدا مام ڕۆستەمو چەند پێشمەرگەیەک لە لایەن هێزێکی دوژمنەوهگەمارۆ دەدرێن، بەڵام شەهید حەسەن کە لە گوندی هۆمەران دەبێت، بەخێرایی هێز کۆدەکاتەوەو ئابڵوقەی گوندی گورباز دەدەنو مام ڕۆستەمو هەڤاڵەکانی ئازاد دەبن.
شەهید حەسەن لە شەڕەکانی باوەخۆشێنو کانی ساردو فەقێ چنەو ناوچەی دەربەندیخانو کوڵەجۆی سەر بەناوچەی گەرمیانو چەندان داستانو ڕووبەرووبوونەوەی تردا بەشداریکردووە.
شەهید حەسەن یەکێک بووە لە پێشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەکان، لە ساڵی (1979) لەسەر بڕیاری سەرکردایەتی، شەهید حەسەن خاوێی و سیروان تاڵەبانی و هاورێکانی بانگکران بۆ سەرکردایەتی لە ناوزەنگ بەهۆی قارمانێتی و ناوبانگی چاکی شەهید حەسەن خاوێی-یەوە ناوەندی کۆمەڵەو سەرکدایەتی (ی.ن.ک) بریاریاندا پلەی جێگری هەرێمی (5)ی قەرداخی پێببەخشرێت، کە بە تایبەتی لەلایەن بەرێز #مام جەلال#-ەوە بۆ ئەو پلەیە دەستنیشانکرابوو.
بەڵام بەداخەوە کە شەهید حەسەن تەمەنی جێگری هەرێمی زۆر کورت بوو، بۆیە نەیتوانی وەک پێویست خزمەتی زیاتر بە کوردو (ی.ن.ک) بکات و لە کاتێکدا کە سەرکردایەتی بڕێک چەکو تەقەمەنی دابوونێ کە بۆ بەری قەرەداخ-ی بگوێزنەوە، بەڵام لە ڕێگەی گەڕانەوەیاندا بۆ ناوچەی قەرەداغ، کاتژمێر (10)ی شەوی دووشەممە 29-30-04-1979 لە دێی (زێرین جۆ)ی گەورە لە ناوچەی شارەزوور، دەکەونە بۆسەی ڕەوە جاشێکەوەو سەرەنجام لەگەڵ (5) هاوڕێی تردا شەهید دەکرێنو دەگەنە کاروانی پڕ سەروەریی شەهیدانی (ی.ن.ک)، کە ئەوانیش بریتیبوون لە شەهیدان (سیروان تاڵەبانی فەرماندەی هەرێم، حاجی چاوشین کادێر، عەلی چەلەبی کادێر، نەجات ڕەحیم پ.م و محەمەد حاجی کەریم-هاوڵاتی).