ساڵی 1318ی هەتاوی لە شاری مەهاباد لەدایک بووە. لە تەمەنی مێرمنداڵیدا (ساڵی 1332) بۆتە ئەندامێکی چالاکی یەکیەتیی لاوانی دیموکرات و پاشان حیزبی دێموکرات و بە شێوەی نهێنی وێڕای هاوڕێبازانی دەستی بە خەباتی نهێنی کردوە. چالاک بوونو بڕواپێکراویی ناوبراو لەو قۆناغە لە تێکۆشان دا ببوو بەهۆی ئەوەکە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی دیار لە نێو خەڵکی مەهابادو دەوروبەردا وەدەست بێنێ بەچەشنێک کە دەورێکی گرنگی لە وەڕی خرانی یەکەم خۆپێشاندانی خەڵکی کوردستان دژی ڕێژیمی پاشایەتیدا گێڕا کە بە بۆنەی شەهید بوونی عەزیز یوسفی پێک هات. دوا بەدوای ئەو خۆپێشاندانەش لەگەڵ چەند هاوڕێی دیکەی بۆ ماوەیەک زیندانی کران. جێ متمانەیی و بڕوا پێکراوەیی و خەباتگێڕیی ئەم تێکۆشەرە لە ڕادەیەک دابوو کە زۆر لە کادرە چالاکەکانی حیزبو لەنێو ئەوان دا دوکتور قاسملووی شەهید لە کاتی سەردانە نهێنییەکانیان دا لەلای ئەو دەمانەوەو چالاکییەکانیان ڕێک دەخست. شایانی باسە هەر لەو قۆناغە لە تێکۆشان دا بە هەوڵو ماندوو بوونی ئەو یەکەم چاپخانەی حیزب، دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان، دامەزرا.
جگە لەوانە محەمەدی گادانی لە خۆپێشاندانەکانی دیکەی دژ بە ڕێژیمی پەهلەویدا کە سەرەنجام ڕووخانی ئەو ڕێژیمەیان لێ کەوتەوە دەوری بەرچاو و کاریگەری هەبوو. دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتیش کاک محەمەد بە ورەیەکی زیاترەوە درێژەی بە تێکۆشان لە پێناوی مافە نەتەوەییەکانی نەتەوەکەی داو وێڕای ئەندامانی دیکەی حیزبی دێموکرات ژیانی پێشمەرگایەتیی هەڵبژاردو بۆ ماوەی نزیک بە دوو دەیە لە ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی حیزب (کۆمیسیۆنەکانی ماڵی و کۆمەڵایەتی و هەروەها دەبیرخانە) خزمەتی کرد.
لە ساڵی 1371دا محەمەدی گادانی و بنەماڵەکەی ڕوویان لە تاراوگە کردو لە وڵاتی نۆروێژ گیرسانەوە.