قەدری جان-ی شاعیر، ڕامیارکار، چیرۆکنووس، وتارنووس و وەرگێڕ، یەکێک لە شۆڕەسوارەکانی بوارە جیاجیاکان، ساڵی 1911 لە شارۆچکەی دیرک لە نزیک #ماردین# لە دایکبووه.
ساڵی 1928 بۆ 1931 لە خانەی مامۆستایان خوێندوویەتی. بەهۆی جموجووڵی ڕامیارییەوە لە دەست تەنگەتاوی دەسەڵاتی تورک نیشتمانەکەی بەجێهێشتووە و ڕووی کردۆتە ڕۆژاوای کوردستان، لەوێ خوێندنی خانەی کشتوکاڵی تەواوکردووه، بووەتە مامۆستا.
دوای چەند ساڵێک چووەتە مۆسکۆ، لەوێ چاوی بە بارزانی کەوتووه. پاش گەڕانەوەی بارزانی بۆ نیشتمان، قەدری جان ڕوودەکاتە بەغدا و دەبێتە میوانی بارزانی.
لە ساڵی 1939 دا ژنی هێناوه.
لە ساڵی 1959 دا گەڕاتەوە سووریا و لەوێ چەند جارێک بەندکراوه. شاعیر لە دونیای شیعرەکانی دا گەلێک باڵادەست بووه.
زۆربەی ئەو ڕووداوە مێژوویانەی، کە لە کوردستان ڕوویانداوه، جا لە هەر پارچەیەکی بێت، شاعیر لە پەسن و زیندووکردنەوەیان کەمتەرخەمیی نەکردووه.
دەتوانرێت بووترێت، کە مێژوونووسێک ڕاستی ڕووداوەکانی بە شیعر تۆمارکردووه،
بۆ نموونە لە ڕووخانی کۆماری کوردستان و لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد بناغە و کۆڵەکەیەکی دیکەی دوو شیعری قەدری جان-ه، لەناوچوونی ئەم کۆماره، کە لەو سەردەمەدا تەنیا هیوا و مەبەستی هەموو کوردێک بووه، ڕووداوێک نەبووه، کە مرۆڤی کورد لێی بێدەنگ بێت، هەروەها لەسێدارەدانی پێشەوا، کە ویژدانی مرۆڤی هەژاندووه، بەتایبەتیی ئەو کوردانەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا بوون و بێئاگانەبوو.
شاعیر ئەم ڕووداوە پڕ نەهامەتییە دڵ و گیانی بریندار کردووە و لە ناخەوە هەژاندوویەتی. بۆیە لە شیعری شینا پێشەوا ناوەرۆکی تەواوی ڕووداوەکەی وەرگرتووه.
لە شیعرەکەدا نزا لەوانە دەکات، کە هاوکاری شای ئێرانی-یان کردووه، هەروەها لە شیعرەکەدا ئامۆژگاری ئێزگەی تاران دەکاتو دەڵێت: ئیتر با بەس بێت شا پەرستی.
هەروەها دەڵێت: بۆ پاشماوەی کۆمارە خەم هەڵگره، بۆ منداڵانی بێ باوک، بۆ ژنی بێ پیاو بگرین، بۆ دایکی شەهیدان فرمێسک بڕێژه.
شاعیر لە بڵاوکردنەوەی یەکەم شیعری لە ژمارەیەکی گۆڤاری هاوار دا لە ساڵی 1932دا کێشی خۆماڵی بەکارهێناوە و بایەخی بە سامان و کەلەپووری نەتەوەییداوە و سوودی لە ئەفسانە و پەند و کەرەستەی فۆلکۆری وەرگرتووه. جگە لە کاریگەریی وێژەیی کوردی، سوودی لە وێژەی فەڕەنسی و تورکیش وەرگرتووه. وەک شاعیرێکی داهێنەر هاتۆتە گۆڕەپانی نووسین.
قەدریجان بە زمانە پاراوەکەی خۆی لە شیعری کۆن جودا دەکاتەوه. چونکە نەتەوەکەی بەکەم تەماشاکراوە و لە منداڵییەوە هەستی بەم هەڵسوکەوتەی نەیرانی کورد کردووه، هەر بۆیە هەستێکی نەتەوایەتی کوردی لە ناخی دا چەسپییەوەو لە نووسینەکانی دا تیشکیانداوەتەوه.
قەدریجان-ی شاعیر و نیشتمانپەروەر لە 1972-08-09 لە تەمەنی 61 ساڵی دا لە شاری دیمەشق کۆچی دوایی کردووە و تەرمەکەی لە گۆڕستانی مەولانا خالیدی نەقشبەندی بەخاک سپێررا.[1]
لە کارەکانی قەدریجان:
چیرۆک:
1. Tayê Pora Sipî - ڕۆژنامەی ڕۆناهی، ژمارە 3، 1931.2. Hewar hebe، Gazî li dayê - گۆڤاری هاوار ژمارە 1، 1932.3. Gundê Nû Ava - گۆڤاری هاوار ژمارە 2، 1932.4. Silêman Bedirxan - گۆڤاری هاوار ژمارە 3، 1932.5. Hêviya çarde şevî - گۆڤاری هاوار ژمارە 6، 1932.6. Gelo newisan - گۆڤاری هاوار ژمارە 10، 1933.7. Tabûta bi xwînê - گۆڤاری هاوار ژمارە 11، 1933.8. Bihara Dêrikê - گۆڤاری هاوار ژمارە 13، 1933..9. Dabê - گۆڤاری هاوار ژمارە 14، 1933.10. Sehên zozanan - ڕۆژنامەی ڕۆناهی، ژمارە 14، 1933.11. Gulçîn - ڕۆژنامەی ڕۆناهی، ژمارە 16، 1933.12. Guneh - گۆڤاری هاوار ژمارە 16، 1933.13. Rojên Derbasbyî - گۆڤاری هاوار ژمارە 52، 1943.14. Sond - گۆڤاری هاوار ژمارە 33، 1944.
هۆنراوه:
1. Tabûta bi xwînê - گۆڤاری هاوار ژمارە 2، 1932.2. Berdêlk - گۆڤاری هاوار ژمارە 6، 1932.3. Hesinker - گۆڤاری هاوار ژمارە 7، 1932. 4. Di Şorezarekêda - گۆڤاری هاوار ژمارە 10، 1933.5. Cegerxwîn - گۆڤاری هاوار ژمارە 12، 1933.6. Xewna hişyartî - گۆڤاری هاوار ژمارە 13، 1933.7. Dadê - گۆڤاری هاوار ژمارە 14، 1933.