عەبدولڕەحمان عەزیزی ناسراو بە سۆفی ڕەحمان کوری محەمەد حوسێن لە ساڵی 1922 ڕێکەوتی 1301ی هەتاوی لە گوندی یەکشەوە لە 12 کیلۆمەتری شارستانی بۆکان لە بنەماڵەیەکی هەژاردا هاتە دونیا. لە سەردەمی منداڵیدا بە بێ ئەوەی کە توانایی چوونە قوتابخانەی هەبێت، لە گەڵ بنەماڵەکەی و بە کارەکانی کرێکاری و کشت و کاڵەوە خەریک بوو تا گەیشتە تەمەنی لاوێتی.
بە هۆی ئەو ڕەنج و ئازار و مەینەتەی کە لە دەوروبەری خۆیدا دەیبینی، هەستی خۆشەویستی هاوتوێژ لە ناخی ئەودا زیاتر چەکەرەی کرد و بەهێزتر دەبوو، هەر بۆیە لە بۆنە جۆراوجۆرەکاندا لە کار و بارەکانی خێرخوازیدا چالاکانە بەشداری دەکرد.
لە ساڵی 1975 ڕێکەوتی 1354 لە شاری بۆکان نیشتەجێ بوو. بە هۆی بەشداری لە کار و بارەکانی خێرخوازیدا وردە وردە سۆز و کاریگەری و باوەڕی سۆفی ڕەحمان لە دڵی خەڵکیدا و بە تایبەت هەژاران ڕیشەی داکوتا. هەر چەندە لەو ساڵانەی دواییدا تووشی نەخۆشی دڵ ببوو، بەڵام بە باڵای چەماوە و ڕیشە سپییەکەیەوە هەموو کۆڵانە باریک و تاریکەکانی شارەکە دەگەڕا، بۆ ئەوەی کە سارێژێک بێت بۆ دەرد و ئازارەکان و لە تاریکایی کەسێکدا ببێتە شەمێک.
سۆفی ڕەحمان لەم دواییانەدا وەکوو ساڵانی ڕابردوو بە تەنیا نەبوو، بەڵکوو تاقمێکی لە گەڵدا بوو کە وەکوو پەپوولە بە دەوریدا دەهاتن و هاوسوێند لە گەڵ ئەو تا ساڵانی دواتر لە چوارچێوەی "موسسە خیریە احسان کاران بوکان" واتە ڕێکخراوەی خێرخوازی ئیحسان کارانی بۆکان کە لە ساڵی 2006 ڕێکەوتی (1385) بە فەرمی دامەزراوە، ڕێگایەکەی ئەو درێژە پێدەدەن و ناوی ئەو بەرز ڕادەگرن.
ئەو ڕێکخراوەیە لە ڕێگای کۆکردنەوە و وەرگرتنی خێرات و نەزرەکانی شارۆمەندان و بەخشینی بەو کەسانەی کە پێویستیان هەیە، لەوانە: خوێندکاران، منداڵانی بێ سەرپەرست، ئافرەتانی بێ کەس و چینی هەژاری کۆمەڵگا، بە مەبەستی پاراستنی سەروەری و گەورەیی مرۆڤانە و پێکهێنانی بواری سەلامەتی دەروونی و کۆمەڵایەتی ئەو کەسانە کاری خێرخوازی دەکات. هەروەها خزمەت و چارەسەری دەرمانی نەخۆشانی بێ پارە و دابین کردنی ماڵ و خانوو بۆ هەژاران و چەوساوەکان ئەنجام دەدات.
سۆفی ڕەحمان عەزیزی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 16ی فێبرییەی 2009 ڕێکەوتی 28ی ڕێبەندانی 1387 بە هۆی نەخۆشییەکی درێژخایەن لە تەمەنی 86 ساڵیدا لە شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد.
تەرمی سۆفی ڕەحمان عەزیزی، ئێوارەی هەمان ڕۆژ بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە زانایان و جەماوەر و چین و توێژەکانی جۆراوجۆری خەڵکی کوردستان دوای ڕێوڕەسمی بەڕێکردن لە شەقامەکانی ناو شاری بۆکان لە گۆرستانی گشتی شاری بۆکان بە خاکی نیشتمان سپێردرا.