- لە پایزی 1966، لە گوندی #گرتک#ی بنار چیای #هەڵگورد# چاوی بەدونیا هەڵێناوه.
- یەکێکە لە نەوەکانی زانای گەورەی کورد موحەمەد ئیبنو ئادەمی باڵەک، کە زانایێکی هاوچەرخی میری گەورەی #سۆران# بووه، خاوەنی دەیان کتێبە لەبوارەکانی فەلەکناسی، ماتماتیک و زانستە ئاینییەکان، مامۆستای #مەولانا خالیدی نەقشبەندی# و #حاجی قادری کۆیی# و چەندین زانای تر بووه.
- لە 1975 لە ئاکامەکانی #شۆڕشی ئەیلول#، پەنایان بردۆتە بەر ئێران و لە 1976 گەڕاونەتەوه. پاشان بەر لەوەی گوندی گرتک لەلایەن دەستەڵاتی داگیرکەری عێراقەوە بسوتێندرێت، ڕوویان کردۆتە شاری #هەولێر# و دوای ماوەیەکی کەم لە شاری ڕوومادی گیرساونەتەوه.
- لە 1981 بەنهێنی گەڕاونەتەوە هەولێر، هەر لەو ساڵەدا پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#ەوە کردووە تا 1984.
- لە 1986 دوای ئەوەی ساڵێک لە کۆلێژی قانونی #زانکۆی سەڵاحەدین# دەخوێنێت، بەهۆی بەشدارینەکردنی لە مەشقی (جەیشی شەعبی)، لەخوێندن دوور دەخرێتەوە تا 1988. دواییش لەگەڵ سەدان خوێندکاری دیکە، بە بڕیارێکی تایبەت ڕێگەیان پێ دەدرێت خوێندنەکەیان تەواو بکەن.
- لە 1991 بەکالۆریۆسی لە قانون وەرگرتووە، پاشان بۆ چەند مانگێک لە پەیمانگای تەکنیکی هەولێر دامەزراوە.
- لە 1992 دەبێتە ئەندامی سەندیکاری پارێزەرانی عێراق و ئینجا دوای دامەزراندنی سەندیکاری پارێزەرانی کوردستان دەبێتە ئەندام تیایدا. پاشان دەستی بە کاری پارێزەری کردووە تا کۆتاییەکانی 1996.
- لە 24 دیسێمبەری 1996 ڕووی لە هەندەران کردووە و دوای شەش مانگ لە هۆڵەندا گیرساوەتەوە. تا ساڵی 2006 لە شاری ئارنهێم لەگەڵ ماڵباتەکەی خۆی ژیانی بردۆتە سەر. هەر لە شاری ئارنهێم چۆتە پەیمانگای (ڕاین ئایسڵ) بۆ ماوەی سێ ساڵ و نیو لەبواری کاری قانونی و کۆمەڵایەتی خوێندوویەتی و دیپلۆمای وەرگرتووە.
- بۆ نزیکەی پێنج ساڵ لە دەزگای یارمەتیدانی پەنابەران SVMG) سەرەتا وەکو سەرپەرشتیاری قانونی، پاشان سەرپەرشتیاری کۆمەڵایەتی تا کۆتایی 2005 کاری کردووه.
- لە 6/6/ 2006 بەخۆی و ماڵباتەوە ڕووی لە بەریتانیا کردووە و تا ئێستاش لە بەریتانیا دەژیت.
- لە 2009 دوای ئەوەی زمانی ئینگلیزی دەخوێنێت، دەستی بە خوێندنی ماستەر کردووە، پاشان بەبێ وەستان دەستی بە خوێندنی دکتۆرا کردووە. لە سەرەتای 2017 خوێندنی دکتۆراش لە بەشی سۆسیۆلۆژیا تەواو دەکات.
- تێزی دکتۆراکەی بریتییە لە: بیناکردنی نەتەوە و جینۆساید، پڕۆسەی شارستانی و شکستی پڕۆسەی شارستانی؛ لێکدانەوەیەکی ڕەخنەگرانەیە لە ڕەگوڕیشەکانی جینۆسایدی کورد لە تەعریبەوە بۆ دواهەمین چارەسەر. مەبەست لە دواهەمین چارەسەر، شاڵاوەکانی #ئەنفال#ە.
- یەکەم شیعری لە 1982 لە ڕۆژنامەی #هاوکاری# بڵاوکردۆتەوه، دوای ئەوەش بەردەوام بەناوی جیاوازەوە لە ڕۆژنامەکاندا دەربارەی جوانی و سروشت بابەتی شیعری هەمەجۆری بڵاوکردوونەتەوە.
- هەر لە 1988 هەوڵ دەدات دیوانێکی شیعری چاپ بکات. دوای ئەوەی مۆڵەتی چاپکردنی پێ دەدەن، بەڵام دوای ئەوەی دەسنوسەکەی لە سانسۆر بۆ دەگەڕێتەوە، دەبینێت بەشێکی زۆری شیعرەکانی خەتی سووریان بەسەردا هێندراوە. بەو پێیەش کە دەبینێت شیعرەکان لەتوپەت دەبن، بڕیار دەدات بڵاویان نەکاتەوە.
- لە 1987 بەوردی دەست دەکات بە خوێندنەوەی فیکری ئیسلامی و شارەزاییەکی قوڵ لە قوتابخانە جیاوازەکانی ئیسلامی سیاسیی پەیدا دەکات.
- لە 1992 لەگەڵ پۆلێک لە برادەرانی دەرچوانی زانکۆ، ڕێکخراوێکی سەربەخۆی خوێندکاران کە ئاڕاستەیەکی ئیسلامیی هەبووە، لەژێر ناوی پەیوەندی ئیسلامی خوێندکاران و لاوان دروست دەکات. لە 1996 بەیەکجاری واز لەو پڕۆژەیە دێنێت و لەهەموو کارێکی ڕێکخراوەیی/ سیاسی/ فیکری دوور دەکەوێتەوە.
- لە 1996تا 1998دونیابینیی بەتەواوی دەگۆڕێت و دین وەکو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی مێژوویی دەبینێت. هەر لەو دوڕیانەشەوە ئیسلامی سیاسی دەبێتە یەکێک لەو بوارانەی کە هەمیشە پانتاییەک بووە بۆ کارلەسەرکردن و ڕەخنەلێگرتن.
- هەر لەسەرەتای نەوەدەکاندا، وێڕای کاری پارێزەری کاری ڕۆژنامەگەریشی کردووه و لە سەرەتای 1993 دەبێتە سەرنوسەری ڕۆژنامەی ڕابوون تا مانگی 12ی 1993. پاشان لە مانگی یەکی 1995 تا ناوەڕاستی 1996.
- لە 1996 نامیلکەیەکی بەناوی قەیرانی فیکری هاوچەرخ لە عەرەبیەوە کردووە بەکوردی، کە کتێبێکی ڕەخنە ئامێزە لە مێژووی ئیسلام.
- لە سەرەتای 2004 تا سەرەتای 2009، ئەندامی ناوەندی چاک دژ بە ئەنفال و جینۆسایدی کورد بووە لە ئەوروپا و چالاکانە کاری تێدا کردووه.
- ئەندامی #یەکێتی مافپەروەرانی کوردستان# بووه،
- تا کۆتایی 2006 ئەندامی ڕێکخراوی نووسەران و ڕۆژنامەنوسانی هؤلەندی (On-File).
- ئەندامی #سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان#ە.
- لە 2009 ڕۆمانێکی بەناوی لەو دیو شەپۆڵی ڕەشەباکانەوە بە چاپ گەیاندووە.
- تا ئێستا سەدان بابەتی شڕۆڤەکاری لە بواری سیاسەت، کۆمەڵایەتی و دینیی/ ئیسلامی، وێڕای چەندین توێژینەوەی ئەکادیمی بڵاوکردوونەتەوە.
- ئەندامی بۆردی گۆڤاری توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، کە لەلایەن سەنتەری کوردستان بۆ توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە زمانی ئینگلیزی دەردەچێت.
- لە 2014 لە بەشی سۆسیۆلۆژیای #زانکۆی کۆیە# دادەمەزرێت. لە کۆتایی 2016 ڕاژەکەی دەگوازێتەوە بۆ #زانکۆی سۆران#، بەشی سۆسیۆلۆژیا، وانەبێژی ماددەی تاوانناسی و جینۆسایدە.