خەڵکی شێوەسەڵـی ناوچەی سەردەشت، لە ساڵـی 1326ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێشدا لەدایک بووە. بە هۆی نەبوونی قوتابخانە لە ناوچەدا، لە حوجرەی فەقێیاندا فێری نووسینو خوێندن بە زمانی کوردی و فارسی و بەتایبەت عەرەبی دەبێت. هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ حیزب ئاشنا دەبێت و خولیای بوون بە پێشمەرگەو خزمەت بە گەلو نیشتمان لە مێشکیدا بیچم دەگرێ. لە ساڵەکانی 1340و 1341 بە هاوکاری حیزبو لایەنگری تەشکیلاتیی حیزب وەردەگیرێو لە ساڵـی 1343ەوە بە فەرمی دەبێتە ئەندامی حیزب. لە پاییزی ئەو ساڵەدا لەگەڵ کۆمەڵێک لە مامۆستایانو فەقێکان،یەکیەتیی قوتابیانی ئایینی پێک دێنن. پێش شۆرشی 46ـ 47 دەبێتە کادری پەیوەندیی تەشکیلاتی ناوچەکە. لە سەرەتای پاییزی 1346ی هەتاوی گیراو بۆ ماوەی زیاتر لە 5 ساڵ لە زیندانە جۆراوجۆرەکانی ئێراندا زیندانی کرا. پاش ئازادبوونی، جارێکی دیکە دەگیردرێو ئەمجارە بەناچار ئاوارەی عێراق دەبێت و لە بەغداد قۆناخی ناوەندی خوێندن تەواو دەکات. لە بەغداد دەبێتە بەرپرسی شانەی حیزبی. پاش ئەوەی لە ساڵـی 1357دا کومیتەی زاگرۆسی حیزب لەو کەسانە پێک هات کە ئامادەبوون بێقەیدوشەرت بگەڕێنەوە نێوخۆی وڵات و لە ڕەوتی شۆڕشی گەلانی ئێراندا ڕۆڵـی بەرچاویان هەبێ، کاک مەلا حەسەن دەبێتە ئەندامی زاگرۆسو لە نێوخۆی وڵات دەبێتە بەرپرسی ڕێکخراوی ناوچەی شنۆو هەروەها وەک بەرپرسی سیاسی و نیزامی شیمالی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی بەرپرسایەتییەکەی لە کومیتەی زاگرۆس لە ورمێ جێگیر دەبێ. پاش ماوەیەک بە هاکاریی شەهیدی نەمر دوکتور قاسملوو دەتوانن کومیتەی ورمێ پێک بێنن. لە پاش ئەوەی بەکردەوە، شۆڕشی گەلانی ئێران سەرکەوت و لە کاتێکدا تازەبەدەستەڵاتگەیشتووەکان لە تاران دەیانهەویست شەڕ بەسەر خەڵکی کوردستاندا بسەپێنن، کاک مەلا حەسەن شێوەسەڵـی وەکوو بەرپرسی نیزامیی سەردەشت، فەرماندەیی دەستبەسەرداگرتنی شوێنە نیزامییەکانی دەسەڵاتی پێشووی پێدەسپێدرێو بەوپەڕی لێوەشاوەییەوە لە کۆمەڵە عەمەلیاتێکی مەزندا هەموو ناوچەی سەردەشت دەخاتە دەستی خەڵک. لە کۆنگرەی 4 حیزب لە ساڵـی 1358دا دەبێتە ئەندامی کومیتەی ناوەندی و پاشان دەفتەری سیاسی کە دواتر بە چەندین هۆوە لە ئەندامەتیی دەفتەری سیاسی ئیستعفا دەدا. لە کۆنگرەی 5 بەرپرسایەتیی هێزی مەزنی شەهید موعینی قبووڵ دەکات و دەبێتە ئەندامی جێگری کومیتەی ناوەندی و بەگشتی لە کۆنگرەی 4 هەتا کۆنگرەی 9، جگە لە کۆنگرەی 5 دەبێتە ئەندامی کومیتەی ناوەندی. بەرپرسایەتییەکانی لە سەرەتاوە، بەرپرسی سیاسی نیزامی لە شیمالی کوردستان، لە شەڕی سێ مانگەدا بەرپرسی جیبهەی سەردەشت پیرانشار، لە 59دا فەرماندەی هیزی شەهید ئاوارە، لە 1361 بەرپرسی هێزی شەهید موعینی بووە.
لە 16ی سەرماوەزی 1366دا، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا، کتێبێکی بۆمبڕێژکراو بە ناوی "سپیددندان" (ددان چەرموو) بۆ کاک مەلا حەسەن شێوەسەڵـی دەنێرێ کە بەداخەوە لە دەستیدا دەتەقێتەوە کە هەردوو دەست و هەردوو چاوی بە تەواوی لەدەست دەداو گوێیەکانیشی تا ڕادەیەی 75%و 25% لەدەست دەدا. سەرەڕای ئازای جەستەیی و تەنانەت بە هۆگەلێکیشەوە ئازاری ڕۆحی، هەر درێژە بە خەباتی لێوەشاوەو دیاری خۆی دەداو لە کۆنگرەکانی 8و 9ی حیزبدا بە ئەندامی کومیتەی ناوەندی هەڵدەبژێردرێو کە دواتر ناچار دەبێ لە ساڵـی 1995ی زایینی، ئاوارەی دەرەوەی وڵات بێت. لە دەرەوە بە هۆی ئازاری جەستەییەوە لە سەرەتاوە دەست دەکات بە خوێندن کە پاش وەرگرتنی دیپلۆم، لە زانکۆ وەردەگیردرێو پاش تەواوکردنی چوار تێرمی خوێندنی باڵا، بەهۆی ناراحەتی جەستەییەوە ناچار دەبێ بە پێچەوانەی حەزی بێکۆتایی خۆی واز لە درێژەدانی خوێندن لە زانکۆ بێنێ. ئێستا وەکوو یەکێک لە کەسایەتییە دیارو فیداکارەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی دێموکراتیکی گەلەکەمان هەر بە چاوی دڵەوە ئاگاداری بارودۆخی خەباتی نەتەوەکەمانەو لە کۆنگرەی 13و 14ی حیزب بە ئەندامی ئیفتیخاریی کومیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەڵبژێردراوەتەوە.