#موحسین دزەیی# کوڕی حەمەدەمین ئاغای دزەیی و برای بچوکی ئەحمەد حەمەدەمینە، لە ساڵی 1932 لە گوندی دووگردکانی دەشتی دزەیی #هەولێر# لە دایک بووە. لە بارەی ژیانی تایبەتی خۆیەوە دەڵێ وەک هەر تاکێکی ئاسایی لەگەڵ خزم و دۆست و ناسیاوی ناوچەکەمان ژیاوم و بیروباوەڕمان یەک بووە، هەر یەکە و لە ئاستی خۆیەوە خزمەتێکی دەکرد، ئەوسا لە گوندی دووگردکانی دەشتی دزاییەتی قوتابخانە نەبوو، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دوا ناوەندیم لە شاری هەولێر تەواو کردووە.
دزەیی لە ساڵی 1948 بۆ 1949 لە بەشی وێژەیی لە شاری هەولێر خوێندویەتی، دواتر لە ساڵی 1950 چۆتە بەغدا و لە کۆلێژی یاسا وەرگیراوە. لاوێتی موحسین دزەیی وەک هەر لاوێک بووە، ئەو لە کولێژ هاوڕێیەتی لە گەڵ کۆمەڵێک لاوی کورد کردووە، کە ئێستا کەسایەتی ناسراوی کوردن، هەر لە گەڵ ئەو لاوانیش دەستی بە کاری سیاسی کردووە. لەگەڵ کۆمەڵێک گەنج لە شوقەیەکدا ژوورێکمان بە کرێ گرتبوو، کە هەموومان قوتابی کۆلێژی یاسا بووین. بە خۆشی ژیانمان بەسەردەبرد، هەر لە قۆناغی چوارەمی کۆلێژیشدا هاوسەری ژیانم هەڵبژارد.
سەرەتای چوونی دزەیی بۆ بەغدا و وەرگیرانی لە کۆلێژی یاسا، یەکێک لەو لاوە کوردانەی لەوێ ناسیویەتی، عومەر دەبابە بووە. ئەو ساڵە من و #مام جەلال# و چەند قوتابیەکی تر لەو کۆلێژە وەرگیراین. ئەوکات عومەر دەبابە لە قۆناغی سێ بوو، بەردەوام چالاکی سیاسی دەکرد، چەند جارێک دەسگیر کرا. هەندێ جار خۆپیشاندان و مانگرتن لە کۆلێژ دەکرا، زۆری نەدەما دەسگیر بکرێتەوە، بەڵام هەوڵی خۆدەربازکردنی دەدا.
ساڵی 1954 موحسین دزەیی و مام جەلال و جەمال نەبەز، کە قوتابی کۆلێژی پەرەوەردە بووە، لەگەڵ چەند قوتابیەکی کوردی تردا لێژنەک پێک دەهێنن، بۆ مەبەستی ئاهەنگی نەورۆزی ئەو ساڵە سەردانی سەعید قەزازی وەزیری ناوخۆی ئەوکاتی عێراق دەکەن و مۆڵەتی لێ وەردەگرن. دزەیی لە گێڕانەوەی ئەو باسەدا دەڵێ بۆ جێگایەک گەڕاین ئاهەنگی نەورۆزی تێدا بگێڕین. عەبدوڵڵا شەریف هەبوو، خاوەنی چێشتخانەی حەداد بوو لە بەغدا، ویستمان لە باخچەی گازینۆکەیدا نەورۆز بکەین، ئەو زۆری پێخۆش بوو و ڕەزامەندی نواند و مەرجی ئەوەی دانا کە تەواوی پێداویستیەکان لەسەر ئەو بێت.
لە دوای ڕوخانی پادشایەتی و گەڕانەوەی بازرانی لە ساڵی 1958 بۆ عێراق، موحسین دزەیی زیاتر تێکەڵ بە کاری سیاسی دەبێت. پاش کودەتای بەعسیەکان لە ساڵی 1963 و گۆڕانی بارودۆخەکان و دژایەتیکردنی کورد، بڕیاری دەسگیرکردنی دەدرێت و ڕوو دەکاتە کۆیە. لەوێ پەیوەندیم کرد بە کاکە زیاد کۆییەوە، کە یەکێک بوو لەو کەسانەی بارزانی بە جێگری خۆی داینابوو و کەسێکی کوردپەروەر بوو. ئەوکات کاک عەلی عەبدوڵڵا و عومەر دەبابەش لەوێ بوون.
دوای مانگێک لە چوونی دزەیی بۆ ناو شۆڕش، شەڕ دەست پێ دەکاتەوە، ئەوکات لە قەڵادزی نیشتەجێ دەبێ و دەکرێ بە دادوەری شۆڕش لە ماوەت و تا ساڵی 1964 لەوێ دەمێنێتەوە. لە هەمان ساڵ ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش دادەمەزرێ و بۆل15
موحسین دزەیی وەک ئەندامی ئەنجومەنەکە بەشی دادوەریی پێ دەسپێردرێت.
دزەیی وەک پاڵێوراوی شۆڕش، لە کاتی شێنەیی و پەیوەندی نێوان شۆڕش و بەغداد چەندین پۆستی حکومی و دیپلۆماسی جۆراوجۆری پێ سپێردراوە، لەو بارەشەوە دەڵێ لە 29-06-1966 لە کاتی حکومەتەکەی عەبدولڕەحمان عارف، بارزانی نەمر بۆ وەزیری کاروباری باکوور دەستنیشانی کردم. دوای 30ی تەموز و کودەتاکەی بەعسیەکان من و ئیسحان شێرزادیان بۆ وەزارەت هەڵبژاردینەوە، پاشان بە هۆی ناکۆکی نێوان کورد و بەعسیەکان دەستمان لە کار کێشایەوە. دواتر دزەیی تا ساڵی 1970 لە شاخ دەمێنێتەوە، لە دوای بەیاننامەی 11ی ئازاری ساڵی 1970، کرا بە باڵیۆزی عێراق لە چکسلۆفاکیا و دوو ساڵ و نیو لەوێ ماوەتەوە، پاشان بۆ ماوەی 4 مانگ ئەرکی باڵیۆزی عێراق لە کەنەدای پێ دەسپێردرێت، دوای ئەوە دەگێڕدێتەوە عێراق و دەکرێ بە وەزیری نیشتەجێکردن.
موحسین دزەیی کەسێکی نزیک بووە لە بارزانیەوە، لە کاتی نەخۆشکەوتنی بارزانیشدا بەردەوام لەگەڵیدا بووە، لە گێڕانەوەی چیرۆکی ئەو ڕۆژانە و نەخۆشیەکەی مەلا مستەفا بارزانیدا دەڵێ شانازی بەوەوە دەکەم کە ئەو ماوەیە لەگەڵ بازرانیدا بوومە، ڕۆژێک لەو کەسایەتیەم نەبیست باس لە ئێش و ئازارەکانی خۆی بکات. شەوێکیان لە خزمەتی دانیشتبوم لێم پرسی کە هەست بە ئێش و ئازار دەکات، بە پێکەنینەوە گوتی چۆن هەستی پێ ناکەم، ئەو نەخۆشیەی من هەمە نەخۆشی میللەتەکەمە. ئەو گوتی کە ئێستا من لێرەم دوور لە کوردستان، خوا دەزانێت میللەتەکەمان لەوێ چی بەسەر دێت! کێ دەڵێ ڕەوانەی شارەکانی خوارویان نەکردون، یا لە زینداندا نین. گوتیشی من لە منداڵیەوە فێربووم کە هیچ ئێش و ئازارێک دەرنەبڕم. ئەو هەرچەند نەخۆشیش بوو، بەڵام بەردەوام پەیوەندی لە گەڵ کەسایەتی و سیاسەتمەداران هەبوو.