ساڵی 1318 لە گوندی کەڵوڕنشینی نێوان شارەکانی #کرماشان# و گێلانی غەرب لە دایک بووە. قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندی هەر لەم شارە تەواوکرد. لە منداڵییەوە زۆر هۆگری فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردی بوو، کۆمەڵێک وتار و نووسین و بابەتی بەپێزی لەسەر دابوونەریت و هەروەها ناوچەکانی کوردەواری هەیە کە بەهۆی دەستتەنگی نەیدەتوانی چاپیان بکات. یەکێکە لە شاعیرە هەست بزوێنەکانی کرماشان کە لە بواری هۆنینەوەی غەزەلدا سەرکەوتوو بوو کە لەلایەن شاعیرانی دیکەوە بە مامۆستای غەزەل دەناسرا.
ئەحمەد حەیدەربەیگی بەهۆی پیشەکەیەوە لە ساڵی 1980وە تا دوایین ساتەکانی ژیانی لە شاری هەمەدان دەژیا و چەندین ساڵ بوو کە بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە دەیناڵاند و بە دوای دەواو دەرمان بە ڕێگای شاری تارانەوە بوو، هەر بەهۆی ئەم نەخۆشییەش لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەمەدان کۆچی دوایی کرد.
ئەحمەد حەیدەربەیگی لە سەردەمی ژیانیدا گۆشەگیر بوو، زۆر هۆگری بە ناساندنی
خۆی لە ڕێگای دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە نەبوو، هەر بۆیەش زۆر بە بێدەنگی دەژیا و هەر بە بێدەنگیش ئەم دنیایەی بەجێهێشت. چەندین کۆمەڵە هۆنراوە لە پاش ئەم شاعیرە مەزنە بە جێ ماوە، کە بەرای شاعیرانی لاو و هەروەها ڕەخنەگرانی هۆنراوە لە ئاستێکی زۆر بەرزدان، لەوانە: تنهاییات ڕا بە دوش من بگزار واتە تەنیاییەکەت لەسەر شانی من دانێ، یک شاخە شعر سرخ واتە شاخە گوڵێک هۆنراوەی سوور و لابیرێنت.
حەیدەربەیگی پێش ئەوەی کە وەکوو شاعیرێک لە بیری شورەت و ناساندنی خۆیدا بێت هەر دەم لە بیری ڕیسالەتی شاعریدا بوو، هەر بەم هۆیەش هۆنراوەەکانی هەموویان ڕەنگ و بۆنی زامی خەڵک و دەردێکی لە مێژینەی مرۆڤیان پێوە دیارە.
ئەحمەد حەیدەربەیگی ئەندامی بنکەی نووسەرانی ئێران بوو، لە ماوەی ساڵانی کار و چالاکی فەرهەنگی و ئەدەبی خۆیدا لە گۆڤارە بەنرخەکانی وڵاتی ئێراندا، لەوانە: کلک، بوخارا، نافە و گۆڤار و بڵاڤۆکەکانی کرماشان و هەمەدان چەندین وتار و نووسینی بە پێزی چاپ و بڵاو کردۆتەوە.