ژیاننامەی مستەفا چاورەش
پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی سەرکردایەتی.ناوی تەواوی (مستەفا قادر مەحمود).لەدایکبووی ساڵی (1946)ی #سلێمانی#. ساڵی (1954) لە خوێندنگەی مەلیک غازی لە سلێمانی دەستی بە خوێندنی سەرەتایی کردووە و تا سێی ناوەندی بەردەوام بوو لەسەر خوێندن.
ژیانی سیاسی لە ساڵی 1962 دەست پێدەکات، کاتێک پەیوەندی بە پارتی کۆمۆنیستی ئێڕاقەوە کرد. لەکاتی لەتبوونی ئەم حزبەدا لە ساڵی 1967، پشتیوانی لە باڵی سەرکردایەتی ناوەندی کرد بە ڕابەرایەتی عەزیز حاج. لە و ماوەیەدا بوو بە ئەندامی لقی کوردستانی حزب.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2009/1439/0001.JPG=KTML_Photo_Alt=مستەفا چاوڕەش=KTML_Style=width:25%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2009/1439/0001.JPG=KTML_Photo_End=
ساڵی 1973 وازی لە باڵی سەرکردایەتی ناوەندی پارتی کۆمۆنیست هێناو پەیوەندی #پارتی دیموکراتی کوردستان#ەوە کرد. لە ساڵی 1974 پاش دەستپێکردنەوەی شەڕ لەنێوان کورد و حکومەتی ئێڕاقدا، چووە ڕیزی شۆڕشەوە و لە پێشمەرگایەتیدا پلەی سەر لقی وەرگرت. پاش هەرەسهێنانی شۆڕش لە ساڵی 1975دا پەنای بۆ ئێران برد و بۆ ساڵی دواتر ئێرانی بەجێهێشت و لە هۆڵندا گیرسایەوە.
لەوێ پەیوەندی بە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە کردو پشتگیری لە بەرنامەی دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری کرد.. ساڵی 1977 چوو بۆ سووریا و لەوێوە لەگەڵ مەفرەزە سەرەتاییەکاندا بەناو خاکی تورکیادا خۆی گەیاندە ناوچەی برادۆست. پاش گەڕانەوەی تاڵەبانی و ئەنجامدانی یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیتەی سەرکردایەتی یەکێتی لەناو وڵات لە کۆتایی ئاب و سەرەتای ئەیلول، لە کانونی یەکەمدا لەگەڵ کاروانەکەی #نەوشیروان مستەفا#دا کە کرابوو بە فەرماندەی هەرێمی شارباژێر، بەناو خاکی ئێراندا بەرەو شارباژێر بەرێکەوت و ژیانی پێشمەرگایەتی لە شۆڕشی نوێدا دەست پێکرد. بۆ ساڵی دواتر کرایە فەرماندەی هەرێمی 3ی شارباژێر و پاش شەهیدبوونی فەیسەڵ ڕەشید تاڵەبانی فەرماندەی هەرێمی 5ی قەرەداغ لە ساڵی 1979، بوو بە فەرماندەی ئەو هەرێمە و تا ساڵی 1982 لەوێ مایەوە.
لە ماوەی نێوان 1982 - 1985 وەک ئەندامی مەکتەبی عەسکەری دەستبەکار بوو. لەماوەی نێوان 1985 - 1987 کرایە ئەندامی مەکتەبی عەسکەری مەڵبەندی دوو لە سەرگەڵوو، لەم سەروبەندەدا سەرپەرشتی تیپەکانی سنووری #قەڵادزێ# و #ڕانیە# و بیتوێنی کردو بارەگای لە گوندی مەرگە لە بناری چیای ئاسۆس دانا.
لە 24ی تشرینی دووەمی 1987دا نۆکەرێکی ڕژێمی بەعس ژەهری خستە ناو خواردنەکەی لە گوندی مەرگە و لە ئاکامدا دایکی و دوو کەسی تری ناو ماڵەکە شەهید بوون و خۆی و چەند کەسێکی تر لەوانە دکتۆر مەحمود عوسمان و عەدنان موفتی بەرکەوتن و بە پەلەپروزێ بۆ چارەسەر نێردرانە ئێران و لەوێوە بۆ بەریتانیا.
پاش ڕاپەرینی 1991 گەرایەوە بۆ کوردستان و بۆ ساڵی دواتر کرایە سەرلەشکری #هەولێر#. ساڵی 1992 لە کۆنگرەی یەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ئەندامی کۆمیتەی سەرکردایەتی هەڵبژێردرا. هەر ئەو ساڵە لەسەر لیستی سەوز بوو بە ئەندامی پەڕڵەمانی کوردستان و هەمان ساڵ پاش پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی دکتۆر فوئاد مەعسوم، لە پەڕڵەمان دەستی لەکار کێشایەوە و کرایە یەکەم پارێزگاری #کەرکووک# لە #دەربەندیخان#.
ساڵی 1994 وازی لە پارێزگاری هێناو بوو بە لێپرسراوی مەڵبەندی 8ی ڕاپەرین لە ڕانیە و لەکاتی سەرهەڵدانی کێشە لە قەڵادزێ لەنێوان یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکرات، هەموو هەوڵێکی خستەگەر بۆ ڕێگرتن لە تەشەنە سەندنی کێشەکە، بەڵام پەرینەوەی ئاسەواری کێشەکە بۆ ناو ڕانیە، کوردستانی بەرەو تەنگژەی سەخت برد.
ساڵی 1999 بۆ ماوەیەک کرایە لێپرسراوی مەڵبەندی ڕێکخستنی پێشمەرگە و هەر ئەو ساڵە بەرپرسیارێتی مەکتەبی پەیوەندیە کوردستانیەکانی پێ سپێردرا.
لە کۆنگرەی دووی ساڵی 2001 بە ئەندامی سەرکردایەتی هەڵبژێردرایەوە و ساڵی 2006 کرایەوە بە لێپرسراوی مەڵبەندی ڕێکخستنی پێشمەرگە. ساڵی 2010 لە کۆنگرەی سێیەمی یەکێتی بۆ جاری سێیەم بە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەڵبژێردرایەوە. [1]