ساڵی 1980 لە شاری "دێهلۆڕان"ی پارێزگای ئیلام هاتۆتە دنیا. 15 ڕۆژ دوای لە دایک بوونی شەڕی ئێران و ڕژیمی بەعس دەست پێدەکات و لە گەڵ بنەماڵەکەی بەرەو شاری "ئابدانان" کە تەواوی دانیشتۆکانی کوردن، سەفەر دەکەن. تا پۆلی پێنجەمی سەرەتایی لە ئۆردوگای ئاوارەکان وانە دەخوێنێت و هەر لەوێش ژیای ئاسایی بە سەر دەبات و ساڵی 1991 دەگەڕێتەوە بۆ شاری دێهلۆڕان.
خەیروڵاهی دەرچووی لقی ئارشیتێکتە لە کۆلێژی فەنی ئەندازیاری زانکۆی کرماشان. لە ساڵی 2000 دەستی بە نووسین و دەرهێنەری شانۆ کردووە و تاکوو ئێستا چەندین شانۆنامەی نووسیوەو هەروەها بۆ خۆشی دەرهێنەری کردووە، لەوانە: "دایناسۆر کێیە، "رۆستەم و سۆهراب"، "خوێندکار کێیە"، "چریکە"، "خواوەند"، "هاملێتی ئەتۆمی"، "بێتوو ئەم کلیلە ون بێت" و چەندین بەرهەمی شانۆیی دیکە.
سەعید خەیروڵاهی لە زۆربەی فیستیڤاڵەکانی شانۆیی ئێران بەشدارییەکی بەرچاوی کردووە، لەوانە: چەندین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقامی فەجر لە شاری تاران، فیستیڤاڵی سەرتاسەری شانۆی سەرشەقامی مەریوان، چەندین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی خوێندکارانی ئێران لە شاری تاران، فیستیڤاڵی شانۆی مانگ و چەندین فیستیڤاڵی شانۆیی دیکە.