محەمەد بەکر وەسمان ناسراو بە محەمەد پاکژ، لە بنەماڵەیەکی شۆڕگێڕ و ناوداری عەشیرەتی جاف ە، لە ساڵی 1971 لە گوندی #حاجیتان# ی بناری چیای پیرەمەگرون سەربە شارەدێی سورداش لە دایکبووە، خوێندنی سەرەتایی لەو گوندە و ناوەندی و ئامادەیی کشتوکاڵی لە شاری #سلێمانی# تەواوکردووە، لە ساڵی 1986 خولیاکانی شیعر ی هێناوەتە بەرهەم و لە ساڵی 1991 بەدواوە کاری ڕۆژنامەنووسی کردووە و زیاتر لە 150 هۆنراوەی کراوە بە گۆرانی و خاوەنی مارشی مافی مرۆڤی کوردستانە و یەکەم لاوە کە لە ساڵی 2007 هۆنراوەی کراوەتە بەشێک لە پرۆگرامەکانی خوێندنی بنەڕەتی، تا ئێستا 15 بەرهەمی هۆنراوەی لە چاپدراون کە 3 یان دیوانە هۆنراوەە و 12 شیان نامیلکەیە.
بنەماڵەکەی محمەد پاکژ ئەگەرچی ئەدەب و هونەردۆست بوون، بەڵام پێش پاکژ هیچ کەس لە بنەماڵەکەدا نووسەر و هونەرمەند نەبووە.
پاکژ لە منداڵییەوە بەهەردوو بواری ئەدەب و هونەری نواندن بەشداری هەموو ئاهەنگ و بۆنەکانی قۆناغەکانی خوێندنگەی کردووە و لەپاڵ هۆنراوەدا لەگەڵ چەندین تیپی شانۆیی لەهۆڵی فارابی یانەی سینەماو شانۆ پێش ڕاپەڕین بەشداریی چەندین شانۆگەریی کرد و لەزوریشاندا ڕۆڵی پاڵەوانی شانۆییەکەی بەجۆری بەزمە سات ( کۆمیدی ) بەشداربووە.
پاکژ سەرەتا تەنیا ئاشقێکی خوێندنەوە بووە و هەرگیز بەخەیاڵییا نەهاتووە ڕۆژێک ببێتە نووسەر، بەڵام لەبەرەبەیانێکی کۆتایی ساڵی ( 1986) خەیاڵێک لە مێشکیا جینگڵ دەدا و دەست دەداتە قەڵەم و بەبڕوای خۆی یەکێک لەجوانترین هۆنراوەەکانی دەنووسێت بەناوی ( بەهار ) لەبەر ئەوەی پێشتر خوێنەرێکی باش بووە و زانیاریی لەسەر جۆری نووسین هەبووە، کاتێک بەرهەمەکەی نیشانی چەند مامۆستایەکی شارەزا و شاعیر و نووسەر دەدات، سەرەتا باوەڕناکەن کەنووسینی خۆیبێت، بەڵام کەنووسینی دیکەی دەبینن، پێیدەڵێن بڕۆ بنووسە، تۆ هەموو تایبەتمەندیی نووسەرت تیایەو بەرهەمەکەشت بەتەواوی مانا نووسینە.
پاکژ بەهۆی ئەوەی باوک و کەسوکارە نزیکەکانی هەوادەری شۆڕش و پێشمەرگە بوون باوکیشی لەئەمن گیرابوو، بەرهەمەکانی زیاتر سیاسی و نیشتمانی بوون، بۆیە لەپێش ڕاپەڕین هیچ بەرهەمێکی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بەختی بڵاوکردنەوەی نەبووە.
ڕاستەوخۆ لە دوای ڕاپەڕین چووەتە بواری ڕۆژنامەوانی ( ڕۆژنامە، ڕادیۆ، تەلەڤزیۆن )
زیاتر لە بوارەکانی ئەنفال و کیمیاباران و ڕاپەڕین و کۆڕەو، کاریکردووە و چەندین ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانیی و بەرنامەیی ڕادیۆیی و تەلەڤزیۆنی لەو بوارانەدا هەیە، سەرباری ئەوەی لە چەندین ڕۆژنامە و گۆڤاردا خاوەنی گۆشەی تایبەت بووە، بەتایبەتیی کەموو کوڕییەکانی ناو کۆمەڵگەی بەشێوازی تەنز باسکردووە، خۆشی سەرنووسەری هەردوو گۆڤاری ئەهلی ( کریڤ) و (ئەلەند) بووە کە لە ساڵانی ( 1999- 2002) دەرچوون.
لە ساڵی (2001- 2006) بەڕێوبەری ڕاگەیانی وەزارەتی مافی مرۆڤ بووە لە سلێمانی و ئەو شەش ساڵە بەرنامەی ئەنفال و کیمیابارانی لەتەلەڤزیۆنی گەلی کوردستان پێشکەش کردووە، ئەوە دەرفەتێکی باش بووە بۆ هاوکاریی دەرکردنی چەند ژمارەیەکی گۆڤاری ئەنفال و بەڕێوەبردنی چەند فیستڤاڵێکی ئەنفال و کیمیاباران لەو سڵانەدا.
پاکژ خاوەنی چەند کوورتە فیلمێکی دیکیۆمێنارییە لە بوارەکانی مافی مرۆڤ و ئەنفال و کیمیاباران.
هێشتا بەردەوامە لەبەخشین و خاوەنی چەندین دیوان و نامیلکەو نووسینی جیاوازە لەوانە:
. نامیلکەکانی (جەستەی شارێکی مۆمیاکراو، گومان، کاتژمێر سفر ) بۆ کیمیاباران و ئەنفال.
. نامیلکەکانی ( هەناسە تەزیوەکانی با ، شەوێک لەبەر باران ، دەرگا ، درۆکانی دەم ڕەشەبا ، خەمی کۆچە ناوەختەکان ، دڵی تۆ نیشتمانی منە ، هەناسەکانی محەمەد پاکژ ، لەتێ دڵ ، دیلی یاد ، ماچ لەدەمی کەنارییەکاندا ، ژنێک لەپێناسەی ئاودا ، بەسێدارەی لێوەکانتا هەڵمواسە ، چوارینەکانی ماچ ، پێنجەمین وەرزی خەیاڵ ) چیرۆکەکانی منداڵان بەناوی ( چاو گەشەکەم کارمەکە تۆ بخوێنە ، ئێوە پەپوولەو فریشتە بوون ) هەروەها نامیلکە هۆنراوەی منداڵان بەناوی ( فریشتە ) هەروەها دیوانە گەورەکانی هۆنراوە بەناوەکانی
( شەهید ، ئیمپراتۆری ماچ ، فڕین بەباڵی خەیاڵ ، هەمیشە بۆنی تۆم لێدێ ).
بەهاوبەشی لەگەڵ نووسەر سابیر عەبدوڵڵا کەریم وەرگێڕان و ئامادەکردنەوەی دێباجەی ڕێکەوتننامەی مافەکانی منداڵان.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا پاکژ زیاتر لە (150) هۆنراوەی کراوە بەمارش و سروودو گۆرانی.
مارشەکانی ( مافی مرۆڤ ، ئاشتی ، دژی توندو تیژی ، ئەنفال و کیمیاباران ) لەشیعری پاکژن.
پاکژ ئەندامی ئەم شوێنانەیە:
یەکێتی نووسەران ی کوردستان
یەکێتی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان
فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسانی جیهانی
سەنتەری بەرگریی لەمافی منداڵان
هەروەها محمەد پاکژ خاوەنی چەندین خەڵات و ڕێزنامەی ناوخۆیی و ئێراقی و جیهانییە هەندێک لەوانە.
چەند ساڵێک لەسەر یەک خەڵات و ڕێزنامەی نووسەری نموونەیی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان.
خەڵات و ڕێزنامەی ڕێکخراوی ئاشتیی خێرخوازی، بۆ هۆنراوەی مارشی ئاشتی
چەندساڵێک لەسەر یەک خەڵات و ڕێزنامەی نموونەیی خانەی سمۆرە بۆ بواری منداڵان.
خەڵات و ڕێزنامەی نووسەری نموونەیی بواری خاوەن پێداویستی تایبەت.
خەڵاتی میداڵی ئاڵتوون وەکوو تاکە گەنج بۆ هۆنراوەی نەتەوەیی، مارشی سەربەخۆیی.
خەڵات و ڕێزلێنانی یانەی ڕۆشنبیرانی عەرەب وەکوو نووسەری داهێنەر ساڵی 2018
خەڵاتی ڕێکخراوی نێو نەتەوەیی هیوایەک بۆ ئاشتی ساڵی 2019
خەڵاتی درعی ئێراقی بۆ هۆنراوە ساڵی 2021
بڕوانامەی هەڵبژاڕدەی یەکەمی هۆنراوەی ساڵی 2024 لەڕێکخراوو ماڵپەڕیی ( منتدی بسمة الامل الدولي للشعر والتوثیق )
بڕوانامەی باڵوێزی ئاشتی نێودەوڵەتی لەلایەن ڕێکخراوو ماڵپەڕیی ( منتدی بسمة الدولي للشعر والتوثیق )
بڕوانامەی دکتۆرای فەخری لەلایەن ڕێکخراوو ماڵپەڕی ( منتدی بسمة الدولي للشعر والتوثیق).
[1]