لە زمانی خۆیەوە:
ناوم بەختیار نامیق عەبدوڵڵایە لە دایک بووی شاری #سلێمانی#م گەڕەکی ئیبراهیم پاشا ڕۆژی شەشی مانگی مانگی حوزەیرانی ساڵی 1970 لە دایک بوم دەرچوی ئامادەیی پیشەسازی سلێمانیم بەشی دارتاشی ژنم هێناوەو خاوەنی کوڕ و کچێکم بە ناوەکانی سان و پڕوشە.
خاوەنی شەش براو حەوت خوشکم چونکە باوکم دوو ژنی هێناوە، لە دایکم سێ براو پێنج خوشکم هەیە،، دەستپێکی چونە ناو ژیانی هونەریمەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵەکانی هەشتاکان ئەو کاتە خۆێندکار بووم لە قوتابخانەی سەرەتایی ئاراس. زۆر حەزم لە شانۆ بوو بە هیوا بوم ڕۆژێک بێت بچمە سەر شانۆ و کاری نواندن بکەم بەڕێز هونەرمەندی گەورە مامۆستا (#عومەر عەلی ئەمین#) لەو قوتابخانەیە مامۆستام بوو زۆر یارمەتی دام و بە هۆیەوە گەیشتمە مەبەستی خۆم و یەکەم کاری نواندم ئەنجام دا. دوای ئەوە لەساڵی 1984 یەکەم بەرهەمی هونەریم پێشکەش کرد کە شانۆیی (ماف نافەوتی) بوو لەسەر هۆڵی شانۆی پەیمانگای هونەرە جوانەکان نمایش کرا بۆ ماوەی چوار ڕۆژ لەم بەرهەمەدا وەک ئەکتەر و یاریدەری دەرهێنەر بەشداریم کردبوو. ساڵی 1986 شانۆیی (ئەحە شێت) مان پێشکەش کرد، نواندن و دەرهێنانی خۆم بوو، شانۆیی (تاوانێکی ناڕەوا) نوسین و دەرهێنانی خۆم بوو ساڵی 1987 لە سەر هۆڵی فاڕابی نمایش کرا ماوەی یەک مانگ ساڵی 1988 شانۆیی (نالەی حەسەن زیرەک) مان لەسەر هەمان هۆڵ ماوەی سی و سێ ڕۆژ نمایش کرد نوسین و درەهێنانی خۆم بوو، بەڵام بە داخەوە ئەکتەرێک بە ناوی عەتا ئەنوەر لەم شانۆگەریەدا کۆچی دوایی کرد لە سەر شانۆ، لە شانۆیی (خێو) وەک ئەکتەر کارم کردوە لە دوای کۆڕەو ساڵی 1991 لە سەر هۆڵی شانۆی ئامادەیی کوڕان شانۆیی (هەوێنی ڕاپەرین) مان نمایش کرد نوسین و دەرهێنانی خۆم بوو، ساڵی 1992 شانۆیی (تەمەڵ ئەحمەد) م لەسەر شانۆی هۆڵی ئامادەیی سلێمانی بۆ ماوەی چل و پێنج ڕۆژ نمایش کرا، نوسین و دەرهێنانی خۆم بوو وە وەک ئەکتەریش ڕۆڵم بینی پاش ساڵێک یەکەم بەرنامەی هەمە ڕەنگی تەلەفیزێۆنیم دامەزراند لە کەناڵی سۆسیالست بە ناوی بەرنامەی (زەنگ) وە لە ئامادەو پێشکەش کردنی خۆم بوو. ئەم بەرنامەیە تا ساڵی 1999 بەردەوام بوو ماوەی ئەم شەش ساڵە لەم بەرنامەیەدا زیاتر لە سێسەد کاری کارتێرمان لە ئەلقەکانی ئەم بەرنامەیەدا پێشکەش کرد کە هەمووی لە نوسین و نواندنی خۆم و چەن هونەرمەندێکی تر بوو.