سالی 1968 لە #سنە# لە دایک بووە. 4 ساڵان بووە کە دەستی کردووە بە فێر بوونی سەنتوور لە خزمەت باوکی خۆی، حەسەن کامکار و هەر لە منداڵیەوە لەگەڵ بەشە جۆربەجۆرەکانی ڕادیۆ سنە هاوکاریی بووە. سالی 1979 و لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران دەچێتە تاران لای برای خۆی پەشەنگ کامکار بۆ فێر بوونی تەکنیکەکانی ژەندنی سەنتوور. وردە وردە بە تەواوی لەگەل شێوازی کۆنی ژەندنی سەنتوور و هونەرمەندە پێشووە گەورەکان دا ئاشنا دەبێت بەڵام ئەو شێوازە کۆنە نەیدەتوانی وەلامدەری ڕۆح و بیری داهێنەری ئەو بێت. ئەو بە دوای دۆزینەوەی تەکنیکە نوێکانی سەنتوور ژەنی دا بوو و سەرەنجام توانی شێوازێکی نوێ و تایبەت بۆ ئەم سازە کلاسیکە بدۆزێتەوە.
دەورووبەری 20 سال تەمەنی دەبێت کە لە کۆنسێرتێکی کامکاران لە تاران قەتعەیەکی زۆر بێوێنە پێشکەش دەکات بە ناوی دەریا کە ئێستاکە وەکوو ڕاپەرینێک لە دنیای سەنتوور دا چاوی لێ دەکرێت. دەریا، یەکەم قەتعە بوو کە بە تەواوی ڕەنگ و بۆی تازەی هەبوو و لە تەکنیکەکانی تایبەتی سازی سەنتوور تێیدا بە کار چووبوو و نەدەتوانرا بە هیچ شێوە بە سازگەلێک وەکوو پیانۆ لێبدرێت.
ستایلی سەنتوور لێدانی ئەردەوان و تەکنیکەکانی میزانسازی ئەو بە تەواوی تەنیا تایبەت بە خۆیە. شێوازی سوننەتیی لێدانی سەنتوور وای دادەنا کە دەستی ڕاست لە ڕووی کۆنترۆل و قورسایییەوە بەهێز ترە لە دەستی چەپ. کەوابوو زۆربەی سەرەتای قەتعەکان و هەروەها سترەسی نێوانیان بە دەستی ڕاست لێدەدرا و ئەوە وای دەکرد کە گوێگرێکی کەمێک شارەزا بە ئاسانی بتوانێت بیانناسێتەوە. ئەردەوان جگە لەوە کە چالاکی و توانای دەستی چەپی وەکوو دەستی ڕاست بەرز کردەوە، گۆرەپانی تەکنیکەکانی سەنتووریشی گەلێک پەرە پێ دا. سەرەتای قەتعەکانی ئەو دەتوانرێت بە هەر کام لە دوو دەست لێبدرێت و دەوری (رۆڵ) دەستی ڕاست و چەپ لە ناو قەتعەکان دا توانای گۆرانیان هەیە و ئەمە دەبێتە هۆی ڕەوانبوونی بێ وێنەی ئیجراکەی.