لە زمانی خۆیەوە:
باوکی ڕەحمەتیم خەڵکی حەمامیان بوو و دایکی ڕەحمەتیم خەڵکی مەڵڵالەره. هەر دوو لە مەحاڵی بۆکان، بەڵام پێنج کوڕ و دوو کچەکانیان هەموو سابڵاغین. ئەو دوو برایەشم هەروا، کە بەر لەوەی بە خزمەتیان بگەم، مردن! گۆیا لە چلەی هاوینی ساڵی 1962دا لە گەڕەکی سێئاشانی مەهاباد لە دایک بووم. باوکم زۆر حەزی لێبوو ببمە مەلای دوازدە عیلم، بەختەوەرانە نەبووم. خۆم حەزم لە مۆسیقا بوو کە پێی نەگەیشتم. هەروەها لە ڕۆژنامەوانی، کە ئەویش هیچ!
دوازدە ساڵە بووم کە بە پەڕتووکێکی بیست سی لاپەڕەیی کە پێم وایە محەمەدامینی میسری نووسیبووی و هەر خۆشی دەیفرۆشت، بووم بە کوردیزان! زۆر زوو زەندەقم لە نووسەرەکەی چوو چونکە پاش ئەوەی پەڕتووکەکەی پێفرۆشتم، ترساندمی کە نەکا ساواک بەم نهێنییە بزانێ کەوا پاڵەوان پەمۆ شتی قاچاغی دە ماڵێدایه. منیش لە ترسان هەموو ڕۆژێ هەر لە ئاودەستخانەی ماڵێدا هەڵدەترووشکام و تا ئەژنۆم دەتەزین و بۆگەنیو قڕی دەکردم، دەمخوێندەوه. کەچی خۆم پتر لە دوو هەفتە پێڕانەگیراو گرم ڕازەکەم بۆ برا گەورەکەم گێڕایەوه. ئەویش چون زۆر زیرەک و میهرەبان بوو گرم بەڵام سووک، بیرازی کردم. دوایەش وەک پیاوان ئەو پەڕتووکە گرانباییەی لە کونی ئاودەستخانەکەدا ئەنجنی. ورد ورد. دوو سێ مەسینەشی ئاو پێدا کرد.
لە گەرمەی شۆڕشی ئێراندا، ئەو کاتەی کەس تاقەتی وانە خوێندنی نەبوو کاکی خۆت دیپلۆمی علوومی تەجروبی لە تەورێز و ساڵێک دواتر ئەدەبیاتیشی لە مەراغە وەرگرت. خێری لە هیچیشیان نەبینی. بۆیەش ماڵێ هەڵیانداشتمە تەورێز و مەراغەی، تا بەشکی خودێ لە بەڵای لابەلا بەدوور بم. ساڵی1981 وەک کەران چوومە سەربازی و دوای دوو ساڵان بەبرینداری لە بەرەی شەڕی ئێران و ئێراق گەڕامەوه. ڕێک لەو کاتەدا بوو کە وەکی برێی بە عوکمی خودای، گەلەکی حەزم لە ژنهێنانێ بوو بەڵام کەس گووی بە کڵاوان نەپێوام. منیش دەسنوێژم هەروا بە نەشکاوی مایەوه.
هاوینی 1984 لە بەشی کوردیی ڕادیۆ مەهاباددا دەستم بە کار کرد. لە چیرۆکی شەودا دەورم دەگێڕا، بەرنامەم بۆ منداڵان و قوتابییان و پەککەوتان و کابانانی ماڵێ دەنووسی. هەموو ڕۆژێ دەیان لاپەڕە قۆڕیاتم لە فارسییەوە تەرجومە دەکردەوە و بۆ عالەمێم دەخوێندەوه، یان ئەوەی دەیاندا قوڕبەسەرێکیتر بیانخوێنێتەوه. بووبووم بە مامۆستای هونەر و دین و دنیا و ئەدەب و کۆمەڵناسی و کشتوکاڵ و زانست و هتد. هەڕەم لە بڕەی هیچیش نەدەکرد. هەر وەک ئێستا. پاییزی 1985 بووم بە مامۆستای دەورەی ڕاهنومایی قوتابخانەی مەلا جامیی مەهاباد بەڵام چونکە سەرۆکی بەڕێزی ئیدارەی فێرکردن و بارهێنان پێی وابوو زۆر زلقسەم لە شارەوە بۆ دوو گوندی گوێکتەپە و کۆسەکەرێز دووری خستمەوه، دوای ساڵێکیش وەک پیاوان بە یەکجاری دەریکردم!
پاییزی 1986 چوومە تاران و هاوکات لەگەڵ دەرسخوێندنم لە زانستگا، لە بەشی دەرەوەی سنووری ڕادیۆ تلەفزیۆنی کوردیی تاران درێژەم بە کاری ڕادیۆیی دا. لەوێش کار نەبوو نەیکەم. لە نووسین و وەرگێڕان و وێژەری و دەورگێڕان، هەتا بەڕێوەبەریی دۆبلاژ و تۆمارکردنی دەنگ و ئامادەکاریی بەرنامه. لە حەزلێکردوویی و ئەو شتەی پێم وابوو کوردایەتیی ناوە هەتا بەڕێوەبردنی کۆڕی چەند هەزار کەسەی کۆمەڵایەتی و ئەدەبیی خوێندکاران. یەک دوو ساڵیش لە تلەفزیۆنی کوردی کارم کرد. لەوێش جاروبار جلکی فەقێیانم دەکردە بەر و ئەدەبی ئایینیی کوردیم دەوەشاندەوه. یان مۆنتاژی فیلمم دەکرد و کاری بیلامانێ دەرهێنان و شتی وا. سەر لە ئاخر بە چلەی هاوینی ساڵی 1993 لە ڕادیۆ تلەفزیۆنی کوردیی تارانێش دەریان کردم. ڕەببی خودا خێریان بۆ بنووسێ و ماڵیان سەد جار ئاوەدان بێ!
ساڵی 1992 بەشی ئەندازیاریی سینەما، لقی سیناریۆنووسیم لە زانکۆی سینەما و شانۆی زانستگای هونەری تاران تەواوکرد. جا سینەما چی بە ئەندازیاری داوه، مەگین خودا هەر بۆخۆی بزانێ وەڵڵا، لە من مەپرسن! زستانی 1993 پەڕیوەی وڵات بووم و بە تورکیەدا هاتمە دەرێ و لە ستۆکهۆڵم گیرسامەوه. لە سایەی ڕێنوێنیی وەستایانەی کابرای قاچاغچی، دوو ساڵ و نیوی ڕەبەقی خایاند تا ئیقامەتم وەرگرت. لەو ماوەیەدابۆ ئەوەی لە بەر بێکارییان پیاو نەکوژم لەگەڵ یەک دوو برادەری لە خۆم بێکارتر ڕادیۆیەکی کوردیی ناوچەییمان دامەزراند بەناوی پەنجەرە کە هەفتەی پازدە کاتژمێران وەشانی دەکرد و سەری خۆ و خەڵکمان پێ گەرم دەکرد. دوایەش جەنابم لە ترسی قەرز و قۆڵه، تێم قوولاند و ڕادیۆکەم بە میرات بۆ هاوکارانم بەجێهێشت. دوو ساڵانیش وەختی خۆم بە فیڕۆدا و کۆمپیۆتەر و ماڵپەڕچێکردن و ئەو بەزم و هەڵڵایەم خوێند و هەوەڵین و ئاخرین چەقەخانەی کوردیم دانا و یەکەم ماڵپەڕی کوردی سۆرانیش کە لە بەر ئەوەی هیچ ناوێکیترم بۆ نەدۆزراوە هەر بە ماڵپەڕ نێوکیم بڕی. ئێستاش وا لەو ماڵپەڕە وەڕەز بووم کە ئەوا دوو ساڵ زیاترە تەنانەت بەرگە شڕەکەشیم لێنەگۆڕیوه.
چونکە تازە ئاوی ڕادیۆ تلەفزیۆنم وە وێ کەوتبوو خۆم پێڕانەگیرا و دیسانیش گەڕامەوە ئەوێ. ئەوە بوو کە هاوینی 1996 بووم بە هاوکاری بەشی فارسیی ڕادیۆی نێونەتەوەیی سوید و لە بەهاری 2000دا بەرنامەی کوردیی ئەم ڕادیۆیەم دامەزراند. ئێستاش چونکە هیچ کارێکیتر نازانم هەر تێیدا بەردەوامم. دیارە کاری کولتووریم پێ ناکرێ بۆیە حەزم چووەتە سەر دەنگ و باسی سیاسی. نەک سیاسەت، کە تەنانەت ڕازی نیم سووکە مەلەیەکیشی تێدا بکەم. هۆیەکەشی ئەوەیە کە ژنێکم هەیە زۆرم خۆشدەوێ و کچێکم هەیە پێنج ساڵی تەمەنە و بێچووە کتکێکی ڕەشی سێ مانگانەش. بەم حاڵە خاوێنەوه، کوا وەخت بۆ سیاسەت!
چەند سیناریۆ و شانۆنامەم بە فارسی و کوردی نووسیوه، دوو سێ کاسێتیی چیرۆکم بۆ منداڵان بڵاو کردۆتەوه، چەند شتێکم لە فارسی و سویدییەوە وەرگێڕاوەتە سەر کوردی، لەوانەشە بە پێچەوانه. هەروەها هەندێ ورکە فەرمایشتیتریشم لێر و لەوێ چاپاندووە کە هەر هیچییان تمەنێکی ڕەش ناهێنن.