کوردێکی ڕۆژئاوای کوردستانە، لە زانکۆی دیمەشق لەبواری مێژوو و مافپەروەری خوێندویەتی، لە ساڵی 1986 چۆتە چیکسلۆفاکیای پێشوو و لەبواری دەرهێنان و بەتایبەتیش لە فیلمە ڕۆمانییە سینەماییەکان خوێندویەتی و لە ساڵی 1993 بە پلەی نایاب دەرچووە و دواتر پلەی ماستەری لە دەرهێنانی سینەمایی و تەلەفزیۆنی بەدەستهێناوە.
لە کەناڵی تەلەفزیۆنی چیکسلۆفاکیای پێشوو کاری کردووە، لەدوای دابەشکردنی ئەو وڵاتە بۆ دوو بەش، لە کەناڵی تەلەفزیۆنی سلۆفاکیا کاری کردووە.
لەنێوان ساڵانی 1990-1992 وەکو ئەکتەرێک بەشداری لە چەند کارێکی درامایی کردووە، بەڵام لە دوای دەرچوونی لە ساڵی 1994 و تا ئەمرِۆ زیاتر لە هەزار ڕیپۆرتاژی تەلەڤزۆنی و فیلمی ڕیکلامیی وێنەگرتووە، بۆ ماوەی پێنج ساڵ کاری دەرهێنانی بۆ بەرنامەی "پارتی بیوبل" کردووە، هەروەها کاری وێنەگرتنی بۆ بەرنامەیەکی دیکە دەکات بەناوی "کلانز و کلوریا"، ئێستاش بەتەواوەتی خۆی بۆ کاری سینەمایی و تەلەڤزیۆنی تەرخان کردووە و کاری سینەمایی وەکو دەرهێنەر و بەرهمهێنەر و بەرِێوەبەری وێنەگرتنی سەربەخۆی بۆ فیلمە دیکۆمێنتییە ڕۆمانییەکان دەکات.
مانۆ لە ساڵی 1996ەوە لە وڵاتی سویسرا دادەنیشێت، تا ئێستا کاری دەرهێنانی بۆ 14 فیلم کردووە، دوایین فیلمەکانیشی ئەمانە بوون: فیلمی "ئەنفال" لە ساڵی 2005، فیلمی "داڤێد تولهیلدان" لە ساڵی 2006، فیلمی "زیندانەکەم، ماڵەکەم" لە ساڵی 2009، ئەمە جگە لەم فیلمەی ئێستا خەریکییەتی لەسەر باخچەکانی سویسرا و فیلمێکی دیکەی سینەمایی. فیلمەکانی مانۆ لە لایەن ئەو کەناڵە ئەورپییانە بەرهەم دێت و بودجەی بۆ تەرخان دەکرێت کە بەرهەمەکەی پەخش دەکەنەوە.
فیلمەکانی دەرهێنەر چاودێرییەکی زۆری دەکرێت بەهۆی ئەو بابەتانەی کاری لەسەر دەکات، بۆ نموونە چەند کاتژمێرک بەر لە نمایشکردنی فیلمی "داڤێد تولهیلدان" لە فیستیڤاڵی سینەمایی دوبەی، وڵاتی تورکیا لەرێگەی باڵیۆزخانەکەی خۆیەوە لە وڵاتی ئیمارات ڕێگەی بە نمایشکردنی ئەم فیلمە نەدا، وڵاتی تورکیا بەهەمان شێوە توانی ببێتە ڕێگر لەبەردەم نیشان دانی ئەم فیلمە لە فیستیڤاڵی سەنگاپوورە.