ناسراو بە مام میرزا، ساڵی 1316 لە گوندی مەڵڵالەر سەر بە شارستانی بۆکان لەدایک بووە. هەتا پۆلی شەشی سەرەتایی دەرسی خوێندبوو. دواتر خەریکی جووتیاری و کار و کاسبی بوو. لە ساڵەکانی 42 41 ی هەتاوییەوە پێوەندیی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە گرتبوو. لە ساڵی 1358یشەوە هاتبووە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزب. میرزا عەبدوڵڵا لە ساڵی 1360ەوە وەکوو کادری حیزب لە نێو خەڵکی ناوچەکانی بۆکاندا تێکۆشانی دەست پێکرد. مام میرزا لە ساڵی 1367ەوە لەبەر بەساڵداچوویی و هەڵکشانی تەمەن لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزب کاری پێسپێردرا. لەم دوو دەیەی دوایی تەمەنیدا کۆمەڵێک ئەرک و بەرپرسیارێتیی وەک بەرپرسی ئەنباری تەداروکاتی خواردەمەنی، بەرپرسی تەداروکاتی تەقەمەنی، کاری تەداروکاتی و کڕین لە کۆمیسیۆنی ماڵی و ئەرکی بازڕەسی لە کاروباری ماڵیی حیزبی بەڕێوەدەبرد. لە ساڵی 1383وە بە هۆی نەخۆشی نەیتوانی لە کاری حیزبیدا بەردەوام بێت. میرزا عەبدوڵڵا جەهانگیری ماوەی چەند ساڵ بوو لەگەڵ نەخۆشی دەست و پەنجەی نەرم دەکرد. تا سەرەنجام پێشنیوەڕۆی هەینی 26ی پووشپەڕ (17-07-2009) لە تەمەنی 72 ساڵیدا ماڵاوایی یەکجاریی لە هاوڕێیان و هاوسەنگەران و سەرجەم خۆشەویستانی کرد. تەرمی مام میرزا هەر ئەو ڕۆژە لە گۆڕستانی شەهیدانی حیزبی دێموکرات بە خاک سپێردرا.