رووباری ئەڵوەن یەکێکە لە ڕووبارە کوردستانییەکان هەر لە هەڵقووڵاندییەوە هەتا کۆتایی کە دەرژێتە ڕووباری سیروانەوە. نزیکەی 160 کم درێژە، 120 کم لە ناو سنووری ئێران و بەشەکەی دیکەی لە عێراق. ئاوی ئەڵوەن، لە دووسەرچاوەی (سیاوانە و سەراب ئەسکەندەر) لە شاخی داڵاهو و قەڵاچەئاو پێکدێت، سەرچاوە سەرەکییەکەی لە سەراب ئەسکەندەر کە نزیکەی 1500م لە ڕووی دەریاوە بەرزه، لە ڕۆژئاوای زاگرۆس کە دەکاتە ڕۆژهەڵاتی شاری زەهاو بە 32 کم هەڵدەقوولێت. پاش سێ کیلۆمەتر لەگەڵ ئاوەکەی شاری ڕێژاودا کە لە کێوی قەلاچە هەڵدەقوولێت یەکدەگرێت وەک ڕووباری کفراور نزیکەی 12 کم بەرەو باکووری ڕۆژئاوا بەردەوام دەبێت هەتا دەگاتە دەشتی زەهاو و پاشان بەرەو قەسری شیرین دەروات. لەنزیک شاری سەرپێل زەهاو ناوی ڕووبارەکە دەبێتە ڕووباری حەلوان هەتا دەگاتە دێی جگەرلو سەر بە شاری قەسری شیرین ناوی ڕووبارەکە دەگۆردرێت بە ڕووباری ئەڵوەن. پاشان لەگەڵ ئاوی چەمی ئیمام حەسەن و ڕووباری تەنگاو تێگەڵ دەبێت. پاش تێپەربوونی بە دێی قەرە سەدەفدا دەگاتە سنوور و نزیکەی 5،5 کم سنووری عێراق و ئێران پیک دەهێنێت. پاشان بەرەو خانەقین دێت و شارەکە دەکاتە دوو بەشەوە ئەنجا بەرەو تۆڵەفرۆش، پاشان دەبێتە دوو بەشەوە، بەشی پەل قلە و بەشەکەی دیکە بەهەمان ناوی ئەڵوەنەوە دەمینێتەوە، ئەنجا ڕووەو دێی یوسف بەگ، پاشان جارێکی دیکە دەبێتە دوو بەشەوه، بەشێکی بەرەو ئیمام عەباس و بەشێکی بەرەو ئاوای مەردان. ئەو ناوچانەی کە ئەوی ئەڵوەنی پێدا دەروات هەموو پرە لە باخ و باخات و ناوچەیەکی کشتوکاڵی بەپیت بەرهەم دێنێت. درێژایی ئاوی وەڵوەن لە ناو سنووری عێراق نزیکەی 40 کم دهبێت تا دەگاتە نزیک دێی دەکە ودەرژێتە ڕووباری سیروانەوە. شایانی باسە ڕووبارێکی دیکە هەیە بەهەمان ناوەوە کە لە شاخی ئەڵوەن، نزیک شاری هەمەدان هەڵدەقوڵێت. بەڵام ئەمەیان ڕووبارێکی گەورەترە کە لە دە سەرچاوەوە ئاو وەردەگرێت و بەرەو خوار دەروات تا دەگاتە (شط العرب).
ئەڵوەن واژەیەکی زمانی ئاریایی، بەمانای (لەو بەرزییە یان لەو گەورەیە) دێت. بەهەمان ماناوە ناوی شاخی ئەڵوەن کە دەکەوێتە نزیک شاری هەمەدان (ئەکباتان)نەوە، یەکێکە لە شوێنەوارە دیارەکانی جوگرافیای ئارییەکان. وشەی ئەڵوەن لە (هەرا یا هەلە) بەمانای بڵند و بەرز وە (وەنتا یا وەند) بەمانای لەوێوە دەرکەوتووە. ڕووباریک کە لە بەرزاییەکانی شاخەوە هەڵدەقووڵێت و بەتوند دێتە خوارەوە، بەزمانی ئاریاییەکان بەناوی (هەراوەند یان هەڵەوەند) ناوی هاتووە. ناوی ئێستای ئەڵوەند، هەر لەناوە کۆنەکەیەوە وەرگیراوە و نەختێک گۆڕانی بەسەردا هاتووە. لە مێژووی عەرەبدا و بەزمانی عەرەبی بە (حەڵوان) ناوی هاتووە و خەڵکی ناوچەکەش بە زمانی کوردی بەناوی (ئەڵوەن) ناوی دێنن. لە ڕاستیدا لە ئەدەبیاتی عەرەبیدا، حەلوان ناوی شارێکی کۆنە، کەوتۆتە دامێنی شاخی زاگرۆسەوە کە ئێستا شوێنی شاری سەرپول زەهاوه. هەمان شار لە ئەدەبیاتی پەهلەوی بەناوی (کالە) ناوی هاتووە و لای ئاشوریەکان ناوی (کالمانوو یا کالخ) بووە.