کوڕی عەلامە مەلا محەمەد زاهید زیایی بوو کە دامەزرێنەر و یەکەمین سەرۆکی بەرِێوەبەرایەتی فێرکاری و پەروەدەی شاری پاوە و موفتی ناوداری ناوچەی هەورامان بوو.
دکتۆر محەمەد ناسر زیایی یەکێک بوو لە زانایانی دیار و هەڵکەوتەی ئەهلی سونەت لە کوردستان و دانیشتووی شاری پاوە لە پارێزگای کرماشان بوو، ئەو لە ساڵانی تەمەنی خۆی وەقفی خزمەت کردن بە ئایینی ئیسلام کرد.
خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرای ئیلاهیات و مەعاریفی ئیسلامی لە زانکۆی تاران بوو. ئیمام جومعەی پێشووی شاری پاوە، حاکم و دادوەری شەرع و مامۆستا و وانەبێژی قوتابخانەکانی زانستەکانی ئایینی لە شاری پاوە بوو.
ڕۆڵێکی کاریگەریی لە بواری فێرکاری زانستەکانی ئایینیدا بووە و مامۆستای بەشێکی زۆری زانایانی دیار و بەرجەستەی ناوچەی هەورامان بوو.
ماوەی 30 ساڵ لە پلەی بەرزی مامۆستایەتی قوتابخانەدا لە قۆناغەکانی دواناوەندی و بەر لە زانکۆ لە قوتابخانەکانی شاری پاوە خەریکی وانە وتنەوە بوو.
کاتژمێر 9ی شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی 8ی ژانوییەی 2009 ڕێکەوتی 19ی بەفرانباری 1387 بەهۆی نەخۆشی وەستانی دڵ لە تەمەنی 63 ساڵیدا لە نەخۆشخانەی مودەریس لە شاری تاران کۆچی دوایی کرد.
تەرمی دکتۆر محەمەد ناسر زیایی پاوەیی لە شاری تارانەوە گەیەنرایەوە بۆ زێد و شوێنی لە دایکبوونی واتە پاوە و ڕۆژی هەینی بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە زانایان، شێخەکان و جەماوەر و چین و توێژەکانی جۆراوجۆری خەڵکی کوردستان لە شاری پاوە دوای ڕێوڕەسمی بەڕێکردن بە خاک سپێردرا.