گۆڤاری لڤین گۆڤارێکی سەربەخۆ و ئازاد و ئەهلییە، پشت بە داهاتی خۆی دەبەستێت لە ڕێگەی بەشداریکردن لە پڕۆسەی بەرهەمهێنان و قازانجەوە. جەختیش لەسەر بەدواداچوونی ڕووداو و گۆڕانکارییەکان دەکاتەوە و گەیاندنی زانیاریی ورد و دروست بە شێوەیەکی بێلایەن و بە پەیڕەوکردن لە بنەماکانی ئیتیکی ڕۆژنامەوانی، بە ئامانجی بەشداریکردن لە پڕۆسەی کامڵکردنی چەمکی (هاوڵاتیبوون) و چەسپاندنی سیستەمێکی دیموکراسی و شەفافییەت لە بەڕێوەبردنی دامەزراوە دەوڵەتی و حکومی و تایبەتییەکاندا.
لڤین خاوەنی هیچ ئایدۆلۆژیایەکی تایبەت نییە و بەشێکیش نابێت لە گومانەکانی هیچ ئایدۆلۆژیایەکی تایبەت. کارەکەی ئەوەیە بە خەڵک بڵێت چی هەیە، هەرگیز بە خەڵک ناڵێت چی بکەن.
گۆڤاری لڤین بە شێوەیەکی گشتی لە خزمەتی ئەم ئامانجانەی خوارەوەدایە و پەیڕەوی لەم بنەمایانە دەکات:
دروستبوون و گەشەپێدانی میدیای سەربەخۆ و ئازاد لە کوردستاندا.
بڵاوکردنەوەی زانیاری ورد و دروست لەبارەی ئەو ڕووداو و گۆڕانکارییانەوە کە پەیوەندییان بە ژیانی هاوڵاتیانەوە هەیە.
پابەندبوون و پارێزگاریکردن لە ستراتیژی نەتەوەیی گەلی کوردستان لە هەر شوێنێکی دونیادا بێت، بەبێ تێوەگلانی بە بیری شۆڤێنیزم.
دروستکردنی ئەوپەڕی ڕادەی شەفافییەت لە بەڕێوەبردنی ئیدارە و سیاسەتدا لە هەرێمی کوردستان.
چاودێریکردنی دامەزراوە دەوڵەتی و حکومییەکان لە ئاست ئەو ئەرکانەی دەکەوێتە ئەستۆیان بەرامبەر بە هاوڵاتیان.
بەرجەستەکردنی بەهاکانی دیموکراسی و مرۆڤسالاری و فراوانکردنی ئازادیی ڕادەربڕین و چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ.
هۆشیارکردنەوەی جەماوەر لە هەموو ئەو شتانەی کە دەبنە مەترسی بۆ سەر سیستەمی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و بەهەدەردانی سامانی نەتەوەیی.
پابەندبوون بە بنەماو پرەنسیپەکانی ئیتیکی ڕۆژنامەوانییەوە، بەتایبەتی بەندەکانی بەڵێننامەی شەرەفی ڕۆژنامەوانی، کە گۆڤاری لڤین وەک پەیڕەوی تایبەتی خۆی، قبوڵی کردووە.