ناوی تەواوی فایەق عەبدولکەریم سەعیدە، لەسالی 1960 لە#کەرکووک# لەدایک بووە. دوای هاتنە سەرتەختی عەرەبە توندرەوەکان لەگەل چەندین خێزانی کوردی دیکەدا ڕەوانەی ناوچەکانی ڕومادی کراون و دواتریش جارێکی دیکە بۆ خوارووی عیراق دەرکراون. لەسالی 1974 جاریکی دیکە گەراونەتەوە کوردستان و لەکەرکووک نیشتەجێبوون. قوتابخانەی سەرەتایی لەرومادی و ناسریەو کەرکووک تەواو کردووەو قۆناغەکانی دیکەشی لەکەرکووک تەواو کردووە. لەسالی 1985 بەشی ئابوری زانکۆی موستەنسریەی لەبەغدا تەواو کردووە. لەسالی 2001 زانکۆی مامۆستایانی لەستۆکهۆلم تەوا کردووە. لەو کاتەوە وەکو مامۆستای زانستە سرۆشتیەکان و توێژەرێک لەبواری زانستەکانی پەروەردەدا کار دەکات. یەکێک بووە لەوانەی بەبەردەوامی لەسەر ڕەوشی پەروەردەو زانستی پەروەردەی نووسیوەو چەندین لێکۆلینەوەو وتارو کتێبی لەم بوارەدا بەچاپ گەیاندووە. هەمیشە داوای تازەکردنەوەی سیستمی فیرکاری و پەروەردەیی کردووەو و یەکێک بووە لەبەشداربووە ئەکتیڤەکانی کۆنگرەی پەروەردەیی کەلەمانگی ئایاری لەسالی 2007 لە#هەولێر# بەسترا. لەو کۆنگرەیەدا لێکۆلینەوەیەکی 360 لاپەرەیی لەسەر هەراسانکردن لەنێوان مال و قوتابخانەدا پێشکەش بەکۆنگرە کرد بەو هیوایەی ببێتە بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنی گرفتی توندوتیژی لەقوتابخانەکانی کوردستاندا. تا ئێستا 8 کتێبی هەیەو کۆمەلێک سیمینارو ۆرکشۆپی بۆ کادیرە پەروەردەییەکانی کوردستان لەبارەی گەشەسەندنی مەعریفی منداڵ، دیداکتیک و گەشەسەندنی سیستمی نوێی پەروەردە ساز کردووە. بەبەردەوامی ڕەخنەو هەلسەنگاندنەکانی خۆی لەسەر سیستمی پەروەردەیی کوردستان لەرۆژنامەکانی هاولاتی، ئاوێنەو لڤیندا بلاوکردۆتەوەو لەسەر بیرمەندەکانی بواری پەروەردەی نووسیوە. لەسالی 2007 دا گۆشەیەکی بەناوی ئەمیلی لەگۆڤاری لڤیندا هەبووە کەتایبەت بووە بەپەروەردە. لەسالی 2009 وە گۆشەیەکی تایبەتی بەپەروەردە لەهەفتەنامەی دەستۆر هەیە بەناوی جیهانبینی پەروەردە.
تاوەکو ئێستا ئەم ئەم بەرهەمانەی هەیە:
1) حەوت ڕۆژ لەگەل قەرەداخیدا. دەزگای سەردەم 2002.
2) دابەشکردنی دەسەڵات. دەزگای سەردەم 2003. (وەرگێران لەسویدییەوە)
3) تێکشکانی بەهاکانی خوێندکار. چاپخانەی ڕەنج 2004.
4) دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لەئێران. دەزگای ئاراس 2004. (وەرگێران لەسویدییەوە)
5) یەکەمین مامۆستا. دەزگای سەردەم 2005. (وەرگێران لەفارسیەوە)
6) هەراسانکردنی منداڵ لەنێوان مال و قوتابخانەدا. دەزگای ئاراس 2007
7) قوتابخانەکان ڕوویان لەقیبلە نیە. دەزگای ئاراس 2008
8) خۆکوژی منداڵ. چاپخانەی ڕەنج 2010
9) ستروکتوورەکانی بیرکردنەوە و گەشەسەندنی مەعریفیی منداڵان. غەزەلنووس 2015
10) پۆستتراومای منداڵان و جەنگ و تیرۆر. دەزگای جەمال عیرفان، 2016