لەزمانی خۆیەوە:
من خالد زارعی لە ڕێکەوتی 30ی خەرمانانی 1359ی هەتاوی لە گوندی دەرە شێخانی ناوچەی خوڕخوڕەی #سەقز# لە دایک بووم و لە بنەماڵەیکی 13 کەسیدا کە لە 6 برا و 5 خوشک پێک هاتووین ژیاوم و بۆخۆم منداڵی پێنجەمی بنەماڵە بووم و لە ساڵی 1362ی هەتاوییەوە هاتومەتە شاری سەقز و تا هەنووکە لەم شارە نیشتەجێم.
خوێندنی سەرەتاییم لە قوتابخانەی 7ی تیردا دەس پێکردووە و تا وەرگرتنی دیپلۆم لە ڕشتەی کارەبادا درێژەم بە خویندن داوە. لە دەورانی خوێندنی خۆمدا هەر لە سەرەتاوە خەریکی کار کردن بووم و بە هۆی دەس تەنگی نەمتوانیوە درێژە بە خویندن بدەم و بە ناچار بۆ بەڕێوەبردنی بژێوی ژیان دەستم داوەتە کار کردن و بۆ ئەم مەبەستە بەرەو شاری تاران بەڕێ کەوتم و بە ماوەی دوو ساڵ لەوێ خەریکی کرێکاری بووم. پاش گەڕانەوەم چووم بۆ خزمەتی سەربازی و لە دوای تەواو کردنی سەربازی، بۆ بژێوی ژیانی خۆم دوکانێکی فەنەر سازیم کردەوە و بۆ ماوەی 6 ساڵ درێژەی بەم پیشە داوه.
لە ڕێکەوتی 17ی جۆزەردانی ساڵی 1380ی هەتاوی بە هۆی هۆگریەکی زۆرەوە کە بە وەرزشی یاری ئاسن (پەروەرش ئەندام) بووم لە باشگای ئومیدی لاوان بە مامۆستایەتی کاک جەماڵ ئەردەڵان دەستم بە ڕاهێنان کرد و لە خزمەتی ئەواندا درێژەم بەم وەرزشە دا و پاش 9 مانگ توانیم لەم بوارەدا پلەی سێهەمی فیگۆری شاری سەقز لە کێشی 55 کیلۆدا بە دەس بهێنم.
لە دوای 2 ساڵ کاتێک باشگای (سەمەند) لە گەڕەکی بەهارستان بە فەرمی کرایەوه، بە هۆی نزیک بوون بە دوکان و ماڵەکەمەوە لە کاک جەماڵ ئیزنم وەرگرت و بۆ درێژەدان بەم وەرزشه، لە باشگای سەمەند درێژەم بە ڕاهێنانی لەش و جسمم دا.
لە ڕێکەوتی 20ی ڕەشەمەی ساڵی 1383ی هەتاویدا توانیم پلەی دووهەمی پاور لیفتینگم لە شاری سەقز لە کێشی 52 کیلۆدا بە دەس بهێنم و پاشان لە ڕێکەوتی 25ی جۆزەردانی 84، پلەی دووهەمی فیگۆڕم لە کێشی 55 کیلۆی گەورەساڵانی پارێزگای کوردستان مسۆگەر کرد.
لە ڕێکەوتی 9ی پوشپەڕی ساڵی 1384ی هەتاوی لە کێبڕکێی پری سینەدا لە بەینی باشگاکانی سەقز و #بۆکان#دا و لە کێشی 52 کیلۆدا بەشداریم کرد و توانیم پلەی یەکەم بە دەس بێنم.
لە ڕێکەوتی 2ی پوشپەڕی 1384، لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی تاراندا بەشداریم کرد و لە کێشی 52 کیلۆدا توانیم پلەی یەکەم لە ئاستی هەموو وڵاتی ئێران لە بەشی پرێسینەدا بە دەس بێنم.
لە ڕێکەوتی 30ی بەفرانباری ساڵی 1384، پلەی یەکەمی فیگۆڕم لە کێشی 55کیلۆی گەورەساڵانی پارێزگای کوردستان بەدەس هێنا.
لە ڕێکەوتی 14ی گەلاوێژی ساڵی 1384، لە گەڵ درووست بوونی فدراسیۆنی پەروەرش ئەندامی ئێران، توانیم لە کێشی 55 کیلۆدا پلەی چوارەمی فیگۆر بە دەست بهێنم.
لە ڕێکەوتی 20ی گەلاوێژی 1385، لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی یاری ئاسنی سەقز بەشداریم کرد و پلەی یەکەمم بە دەست هێنا.
لە ڕێکەوتی 19ی جۆزەردانی ساڵی 1385، لە کێبڕکێی و هەڵبژاردنەکانی پارێزگای کوردستان بەشداریم کرد و توانیم لە کێشی 52 کیلۆدا پلەی یەکەم لە ئاستی پارێزگادا بە دەس بێنم.
لە ڕێکەوتی 15ی گەڵارێزانی 1385، لە کێبڕکێی پریسینەدا بەشداریم کرد کە لە نێوان باشگاکانی سەقز و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و لە شاری بۆکان دا بەڕێوەچوو، لەم کێبڕکێدا توانیم لە کێشی 52 کیلۆدا پلەی یەکەم بە دەس بێنم و هەروەها لەو کاتەدا لەوحی سپاس و پێزانین لە لایەن هەیئەتی پەروەرش ئەندامی بۆکانەوە بە بۆنەی بەشداری هەمیشەیی و پڕ لە شانازیم لە وەرزشدا پێشکەش کرا.
لە ساڵی 1385دا بە هۆی گیرو گرفتی ژیانەوە ناچار بووم بە ماوەی ساڵ و نیوێک بنەماڵەو شارەکەم بەجێ بێڵم و لەم ماوەیدا ئەرکی شۆفیری ماشینی سەنگینم لە ئەستۆ گرت، بەڵام هاوکات تێکۆشام کە سەهمێکم لە وەرزشی شارەکەیشم دا هەبێ.
لە ڕێکەوتی 17ی خەرمانانی 1387دا، لەوحی سپاسم بە هۆی بەشدار بوون لە چالاکیە وەرزشیەکاندا وەرگرت.
لە ساڵی 1384دا توانیم کارتی مامۆستای ڕاهێنەری پەروەش ئەندام و بەدەن سازی لە فدراسیۆنی گشتی وڵاتی ئێران وەربگرم.
لە ڕێکەوتی 18ی ڕێبەندانی 1387، لە کێبڕکێی فیگۆ لە ئاستی پارێزگای کوردستان و لە کێشی 55 کیلۆدا بەشداریم کرد و توانیم پلەی دووهەم بە دەس بێنم.
لە ڕێکەوتی 12ی گەڵاڕێزانی 1387، تا ئێستا لە باشگای پەروەردە کردنی لەشی سەمەند وەک بەشدار و (سەهامدار) و ڕاهێنەر خەریکی هەوڵ و تێکۆشان و خۆ پێگەیاندنم.
لە ماوەی پێنج ساڵ لە کاری ڕاهێنانی لەش (پرورش اندام) توانیومە بۆ شارەکەم پلەو پێگەێکی بەرچاو و شیاو دەستەبەر بکەم و ئێستاش بە شێوەی نیوە کارە لە باشگادا خەریکی کارم و بۆ بژێوی ماڵ و منداڵم بەدوای کاردا دەگەرێم.