ئەم نەخشە هەڵکەندراوە لەسەر بەرد لە ساڵی (1337) هەتاوی لە کاتی دروستکردنی جادەی کرماشان- هەمەدان، دۆزرایەوە، نەخشەکە وێنەی پیاوێکی کەڵەگەت و تەواو ڕووت و بەشێوەی ڕاکشاوی شێر ئاسا دەنوێنێ کە لەکاتی ئیسراحەت دایە لە ژێر سێبەری دارێکدا.
لە پشتی سەری ئەم پەیکەرە نەخش و نووسینی بەردینی هەڵکەندراوە، ئەم نەخشانە شێوەی دارێکە و لەسەر لقی دارەکە تیرو کەوان و تیردانەکەی هەڵواسراوە، لە کەناری دارەکە گورزێکی سەر نەخشێراو هەیە، نوسراوێکی یۆنانی لە حەوت دێردا لەسەر تابلۆیەک کە شیوەی پەرستگاکانی یۆنانی دەدات، نووسراوە " لە ساڵی 164 (مانگی پانە موی) هرقول فاتحی (ئازادکەری) بە نێوبانگ بەهۆی هیاکنیتۆس کوڕی پانتیاخوس بە هۆی ڕزگاربوونی فەرماندەی گشتی، ئەم مەراسیمە بەڕیوە چوو"
ئەگەر ئەم ساڵە بەگوێرەی تاریخی سلوکی لێک بدەینەوە دەکاتە 312 پ.ز (پێش زاین).