ساڵی 1950 لە گەڕەکی تۆبخانەی قەڵای #هەولێر# لەدایک بووەو دەرچوونی خانەی مامۆستایانی هەولێرە لەنێوان 1969 -1970دا. سێجار لەلایەن بەعسەوە دەستگیرکراوە. ئەندامی یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، ئەندامی دەستەی کارگێڕی تیپی هونەری هەولێر، ئەندامی دەستەی کارگێڕی سەندیکای هونەرمەندانی ئێڕاق/لقی هەولێر، دامەزرێنەر و سەرۆکی تیپی مۆسیقای کاروان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی بزووتنەوەی تورکمانانی بێلایەن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی بێلایەنانی تورکمان، جێگری سەرۆکی بزووتنەوەی تورکمانانی بێلایەن بووە و ئێستاش سەرۆکی پارتی ڕزگاری نەتەوەیی تورکمانە.[1]
هەروەها: #خالید عومەر عوسمان# لە ئەکاونتی خۆی بەو شێوەیە زانیاری وردتری لەسەر ژیانی خستۆتەڕوو:
ناوی تەواوی (شێرزاد ئەنوەر بەکر عەلی) یە، ساڵی 1950 لە شاری هەولێر گەرەکی قەڵات لەدایک بووە، ساڵی 1967 دەستی بەکاری هونەری کردووە، هەر لەو ساڵەدا یەکەم ئاهەنگ کە بەشداری تێدا دەکات لە خانەی مامۆستایان بووە وەکو ژەنیاری کەمان، ئەو تیپانەی کە تێیدا بەشداری کردووە لە دامەزراندنی ئەمانە بەشێکیانن: (نەقابەی مامۆستایان- کۆمەڵ و هونەری وێژەی کوردی- تیپی هونەری هەولێر- تیپی هونەری نوێی کوردی- تیپی مۆسیقای کاروان- تیپی مۆسیقای هەڵگورد)، ئەمە بێجگە لەوەی لە چالاکی قوتابخانەکان و مەڵبەندی لاوان زیاتر لە (40) خولی مۆسیقای کردۆتەوە، لە هەموو ڤیستیڤاڵەکانی ئێڕاق و کوردستان بەشداری کردووە، دوو نامیلکەی بڵاو کردۆتەوە بەناوی (زامەکانم گۆرانی دەڵێن- سێبەری دار گوێزەکە)، هەروەها دەیان سروود و ئاوازی داناوە بۆ گۆرانی بێژان، توانیویەتی خانەوادەیەکی هونەری بۆ خۆی درووست بکات، ئامۆزای هونەرمەندان (تەڵعەت عارف عوزێری و جەودەت شاکر عوزێری) یە، وەکو ڕاهێنەری مۆسیقا لە مەرکەز شەباب دامەزراوە بۆ ئەوەی بتوانن تیپەک درووست بکەن کە بەرهەمی خولەکانی فێر بووانی مۆسیقا بێت بە هاوکاری هونەرمەند لوقمان بەرزنجی و براکانی، ئەوەبوو لە ساڵی 1983 تیپی مۆسیقای کاروانیان درووست کردو یەکەم بەرهەمیان تۆمار کرد، ساڵی 1985 دوا کۆمەڵە بەرهەمێکیان تۆمار کرد و بە سەریدا دەگیرێ و تیپەکەیان لێهەڵوەشاند، هونەرمەند لە ژیانیدا (3) جار گیراوە: جاری یەکەم بەهۆی نامیلکەی (زامەکانم گۆرانی دەڵێن) بوو کە لە شیعرێکیدا دەڵێ (کە دیم قەڵا... شەقەی باڵی کوندە بەبۆ دێ... دەیهەژێنێ) هەرچەندە لە زۆر شوێن نووسیبوی ئەمانە عامە و سەقافەی شەباب ڕێی پێدابوو بۆ ئەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا و پاش هەفتەیەک ئازاد کرا بە مەرجێک باسی ئەو بابەتە نەکات، جاری دووەم جار لەسەر نامیلەکەی (سێبەری دار گوێزەکە) کە ئۆپەرێتی تێدا بووە باس لەوە دەکات کە (شۆڕشگێرەکە شەهید دەبێت- هاوڕێکانی چەکەکەی تەسلیمی خێزانەکەی دەکەن- خێزانەکەشی منداڵی هەیە کە کوڕە) لێرە مەبەست ئەوە بووە شۆڕش بەردەوام دەبێ- لە لێکۆڵینەوە پێی دەڵێن کەی سەربازی ئێڕاقی کوژراوە و چەکەکەی تەسلیمی خێزانەکەی دەکرێتەوە- مەبەستی تۆ پێشمەرگەیە- دوای مانگێک و سێ ڕۆژ ئازادی دەکەن لەلای فندق زەیتونە دایدەنێن و پێی دەڵێن ئاوڕ نەدەیەوە و بڕۆ قسە نەکەیت، جاری سێیەم گوایە تەشکیلێکی مارکسی داناوە ڕاستیەکەش وانەبوو کەونە پێشمەرگەیەکی سۆسیالیست خۆی تەسلیم کردبۆوە ئەمیش لەگەڵی لە شوێنێک دانیشتوە وایان داناوە کە کۆبونەوە دەکەن ماوەیەک دەگیرێ و دواتر ئازاد دەکرێت، بەداخەوە هونەرمەند شێرزاد عوزێری لە #2009-12-2# کۆچی دوایی کردووە.
ئەم ژیاننامەم لە (سالار کۆشار)ی شاعیر و مۆسیقا ژەن وەرگرتووە لە 2021/8/4[2]