ناو: شەریف
نازناو: شەریف سنەیی-شەریف حسێن پەناهی
$ژیاننامە$
شەریف حسێن پەناهی ناسراو بە (شەریف سنەیی)، شاعیر و مامۆستای زمانی کوردییە، و یەکێکە لە شاعیرە ناودارەکانی کوردستان، هەرچەندە ئەم شاعیرە خاوەنی پەرتووکی زۆر نییە، بەڵام هاوشێوەی هۆزانوانی گەورە (ئەحمەدی هەردی) خاوەنی چەندین هۆنراوەی کوردی هەستبزوێن و ناخهەژێنە، کە لە پەرتووکدا بە ناوی (#ملوانکەی شین#) چاپ و بڵاوکراونەتەوە، دیوانی ملوانکەی شین زیاتر لە 30 هۆنراوە لە خۆدەگرێت.
لە ساڵی 2008 شەریف سنەیی بەهۆی وتنەوەی وانەی زمانی کوردی لە مزگەوت و خوێندنگەی گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەڕەشەی دەستبەسەرکردنی لێدەکرێت، لە هەمان ساڵدا بە ناچاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەجێ دەهێلێت و ڕوو لە باشووری کوردستان کردوو و لە شاری #سلێمانی# نیشتەجێ بوو. بەڵام پاش ماوەیەک دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ شاری #سنە# و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
جێی باسە چەندین هۆنراوەی شەریف سنەیی لەلایەن چەند هونەرمەندێکی ناودارەوە کراون بە گۆرانی لەوانە: (#مەزهەری خالقی#، #نەجمەدینی غوڵامی#، #میکائیل#، حسێن شەریفی، #جەلال سەعید#).
ناونیشان و ناوی هەندێک لەو هونەرمەندانەی کاریان لەسەر هۆنراوەکانی شیریف سنەیی کردووە و کردوویانە بە گۆرانی:
هۆنراوەی (هەڵاڵە)، لەلایەن جەلال سەعید و نەجمەدینی غولامی و مەزهەر خالقی کراوە بە گۆرانی.
هۆنراوەی (مامە شوانە)، لەلایەن جەلال سەعید کراوە بە گۆرانی.
هۆنراوەی (دایە گیان)، لەلایەن نەجمەدینی غولامی کراوە بە گۆرانی.
هۆنراوەی (خواتان لەگەڵ)، لەلایەن مەزهەر خالقی کراوە بە گۆرانی.
هۆنراوەی (وەکو ئاوی بنی گۆمێ)، لەلایەن جەلال سەعید کراوە بە گۆرانی.
هۆنراوەی (لە داخی مەینەتی دەوران)، لەلایەن جەلال سەعید کراوە بە گۆرانی. [1] [2]