لەبەهاری ساڵی 2007 بە تۆمەتی (دژایەتی خودا و یاساکانی خودا) لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری ئیرانەوە حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو بەڵام دواتر لە سەر داوای پارێزەرەکەی جارێکیتر دادگای پێداچوونەوەی ئیران پێداچوونەوەی بە بڕیارەکەی کرد و سزاکەی لە سێدارەدانەوە بۆ 31 ساڵ زیندان گۆڕدرا.
دوای سێ ساڵ لە زیندانی کردنی، پارێزەرەکەی حەسەن پور جارێکیتر لە دادگا تانەی لە سەپاندنی 31 ساڵ زیندانی کردنی عەدنان گرت و دواتر دادگا حوکمەکەی بۆ 15 ساڵ کەمکردەوە و ساڵێک پێش ئیستاش لە 2015دا دوای پەسەند کردنی یاسای تازەی سزادانی ئیسلامی لە پەرلەمانی ئێران حوکمەکەی بۆ 10 ساڵ کەمکرایەوە و ئەمڕۆ ڕێکەوتی 10-09-2016 ئازاد کرا.
عەدنانی حەسەن پور پێش دەستگیرکردنی ئەندامی دەستەی نوسەرانی هەفتەنامەی ئاسۆ بووە کە بە دوو زمانی فارسی و کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاپ دەکرا.
ئەم ڕۆژنامەنوسە کورده لەو ماوەی کە لە زینداندابوو خەڵاتی ئازادی ڕۆژنامەنوسی لە لایەن ڕێکخراوی ڕۆژنامەنوسانی بێ سنورەوە پێ بەخشرا و دواتریش خەڵاتێکی بەهەمان ناونیشان لە ئیتاڵیا پێدرا.