زانا و نووسەر و زمانزان و زمانناسی مەزنی کورد (ئەوڕەحمانی حاجی مارف) ، نیو سەدە بێ پسانەوە کونجکاو بەدوای وشەی کوردی و خجڵی کاری زمانەوانی، ئەمێستاش لەنێو وشە و قەڵەمی هەمووماندا دەژیت، یەکێکە لە سەرچاوە و کۆڵەکە سەرەکی و پتەوەکانی زمانی کوردی، بە نووسین و لێکۆڵینەوە و وەرگێڕان و سەرنجەکانی خزمەتێکی گەورەی پێشکەش بە نەتەوەکەی کردووە و لە زۆربەی لایەنەکانی زمان دواوە و گەلێک دیوی شاراوەشی دەرخستوون و پەردەی لەسەر هەڵماڵیون و ساغیکردوونەتەوە.
زانای گەورەمان (ئەوڕەحمانی حاجی مارف) لە دوای تەواوکردنی قۆناغی ئامادەییدا، بە مەبەستی درێژەدان بە خوێندن ڕوو لە وڵاتی ڕووسیا دەکات، سێزدە ساڵ لەوێ دەمێنێتەوە و بە هەوڵ و کۆشش و توانستی خۆی لە ڕێگەی خوێندنەوەی بەرهەمی نووسەرە گەورەکانی جیهان زمانی ڕووسی فێردەبێت. لە زانکۆی (لینینگراد) بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماجستێر بەدەستدەهێنێت، دواتریش لە (ئامۆژگاری ڕۆژهەڵاتناسیی ئەکادیمیای سۆڤیەتی لینینگراد) بە هاوکاری مامۆستا کوردەکەی پڕۆفیسۆر (#قەناتی کوردۆ# - کوردۆیف) ، کە کەڵک و قازانجێکی زۆری لێبینیوە و بۆ ئەو پاڵپشتێکی بەهێز بووە، نامەی دکتۆرایەکەی لەبارەی (مێژووی فەرهەنگنووسیی کوردی و شێوازی دانانی فەرهەنگی ڕووسی-کوردی) تەواودەکات و بڕوانامەی دکتۆراش بەدەستدەهێنێت.
لە ساڵی (1973) دا دەگەڕێتەوە و نیشتمان و لە کۆڕی زانیاریی کورد و زانکۆیەکانی: (#سلێمانی# و ئیبن ڕوشد و #خانەقین#) قۆڵی خزمەتکردن هەڵدەکات و وانە بە قوتابییانی بەکالۆریۆس و ماجستێر و دکتۆرا دەڵێتەوە و سەرپەرشتی دەیان نامەی ماجسێر و دکتۆرای کردووە، ئاریکار و هاندەری گەورەی قوتابییە کوردەکانی بەشی کوردی بووە لە شاری بەغدا و پاڵپشتێکی بەهێزیان بووە.
لە ماوەی ژیانیدا زیاتر لە بیست پەرتووک و سەدان وتار و لێکۆڵینەوە و چەندین پەرتووک و وتاری وەرگێڕراوی لە بارەی زمان و ئەدەب و کوردناسی و ڕەخنە و فەرهەنگنووسی پێشکەش بە پەرتووکخانەی کوردی کردووە و ئەو بەرهەمانەش گرنگی و تایبەتیی خۆیان هەیە و بوون بە هەوێنی چەندان پەرتووک و وتار و توێژینەوەی دیکە، کە بڕواناکەم نووسەرێک لە سەردەمی ئەو و دوای ئەویش هەبووبێت، دوو قسەی لەسەر زمانی کوردی کردبێت و سوودی لە نووسین و بیروڕایەکانی ئەوڕەحمان وەرنەگرتبێت، ئێستاش نووسینەکانی لە قوتابخانەکان و زانکۆکان دەخوێنرێن و نرخ و بایەخی تایبەتییان هەیە، بە جۆرێک زۆربەی هەرە زۆری خاوەن قەڵەم و خوێندەوارانی ئەم وڵاتە مشتێک لە خەرمانی زۆر و زەوەندی ئەم کەڵە زانایەیان بەرکەوتووە، بەرهەمەکانی پڕن لە داهێنان و بابەتی نوێ، بەردەوام ملی داوەتە بەر ئەو لایەنانەی زمان، کە قسەیان لەسەر نەکراوە یان کەمترین سەرچاوەیان لەسەر هەیە و پەرتووکخانەی کوردی پێویستی پێ هەبووە. لە ڕێگەی وەرگێڕانیشەوە دەیان کوردناس و زمانناس و کەڵەنووسەری جیهانی بە خوێنەرانی کورد ناساندووە.
دوای تەمەنێک لە نووسین و خزمەت و خەمخۆری، کاروانی خزمەتی ئەو کەڵە زانایەمان بەردەوام دەبێت و بڕیاری کارێکی درێژخایەن وەکوو دانانی فەرهەنگێکی کوردی-کوردی دەدات، کە خەونێکی لە مێژینەی خۆی بووە و ماوەیەک بەتامەزرۆییەوە خەریکی فەرهەنگەکە دەبێت، بەڵام نەخۆشی بەرۆکی دەگرێت و تا ڕادەیەک لە کاری فەرهەنگەکە دووری دەخاتەوە، دواجاریش مەرگ مەودای تەواوکردنی فەرهەنگەکەی پێنەدا. فەرهەنگەکەی ناوی میدیای لێنابوو، خۆی لە بیست و پێنج بەرگدا دەبینییەوە و بە ڕێوشوێنێکی زانستیی فەرهەنگنووسی دایڕشتبوو و بە پشتبەستن بە یاسا و دەستوورەکانی بواری فەرهەنگسازی وشە و واتایەکانی تۆمارکردبوون و لەسەر هەمان ڕێچکەی فەرهەنگەکەی عەبدولڕەحمانی زەبیحی (قاموسی زبانی کوردی) دەڕۆیشت. مخابن (میدیا) ش وەک فەرهەنگەکەی زەبیحی بە ناموڕادی سەرینایەوە.
ئەوڕەحمانی حاجی مارف نزیکەی چل ساڵ وەک خزمەتکارێکی شارەزا و دڵسۆز شەو و ڕۆژی لێکگرێداوە و لێرە و لەوێ بە وشە و هەڵوێست خزمەتی نەتەوەکەی کردووە، ئەوەتە خاکییانە و لەخۆبوردوانە نووسیویەتی: (کۆڵەوارم و هەر هێندەم لە دەست دێت، خۆزگە کاری گەورەم لە باردا بووایە، خەجاڵەتی قاپیی دڵسۆزی میللەتەکەمم، کە هێندە دڵپاک و لەخۆ بووردوون، دەست بە ڕوومەوە نانێم ئەو جۆرە دیاریانەم لێ وەرگرن) .
لە شەوی 7\08-07-2007 بە کارەساتێکی دڵتەزێن گیانی پاکی سپارد و لە دەست نەتەوەکەی چوو، زمانەکەمان پێویستی زۆری بەم زانایە مەزنە مابوو، هێشتا چەندین مەڵۆ و شارای دیکەی لە باوەش بوو بیانخاتە سەر خەرمانی زانستیی کارەکانی، تا گەلێک مەسەلە و کێشەی دیکەی زمانی کوردیمان بۆ ڕوون و یەکلابکاتەوە.
دانەبڕان و درێژەدان بە کاروانی خزمەتەکانی جوانترین وەفایە پێشکەش بەو پیاوە مەزنەی دەکەین، پێویستیشە لەلایەن حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار و دڵسۆزانەوە، لە ئاست خزمەتە بەرچاوەکانیدا ساڵانە یادی ئەم زانایە بکرێتەوە، پەیکەرێکی شایستەی لە بەردەم کۆلێژی زمان یان کۆڕی زانیاریی کورد بۆ چێبکرێت، هەروەها ئاوڕ لە بەرهەمە چاپ نەکراوەکانی بدرێتەوە و کار بۆ چاپکردنیان بکرێت، بەرهەمە چاپکراوەکانیشی دووبارە چاپ بکرێنەوە، کە هەموویان سەرچاوەی پێویست و گرنگن. هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی (ئەوڕەحمانی حاجی مارف) گۆڕەکەی شاد و پڕ نوور بێت.
$ھەندێک لە پەرتووکە چاپکراوەکانی بریتییە لە:$
=KTML_LIST_icon_book_LISTTYPE=چی لەبارەی زمانی کوردییەوە نووسراوە، بەغدا 1974
وشەی زمانی کوردی، کۆڕی زانیاری کورد، 1975
وشە ڕۆنان لە زمانی کوردیدا، کۆڕی زانیاری کورد، 1977
ڕێزمانی کوردی (وشەسازی-ناو) ، کۆڕی زانیاری ئێراق، 1979
نووسینی کوردی بە ئەلفوبێی عەرەبی، ھەولێر 1986
ڕێزمانی کوردی (وشەسازی-جێناو) ، دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی، بەغدا 1987
لە بواری فەرھەنگ نووسیی کوردیدا، بەغدا 1987
ڕابەری سەرچاوە لەبارەی زمانی کوردییەوە، دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی، بەغدا 1989
ڕێزمانی کوردی (وشەسازی-ئاوەڵناو) ، کۆڕی زانیاری ئێراق، بەغدا 1992
کرداری کارا دیار و کرداری کارای بزر لە زمانی کوردیدا، یەغدا 1994
ڕێزمانی کوردی (وشەسازی-ژمارە و ئاوەڵکردار) ، کۆڕی زانیاری ئێراق، بەغدا 1998
ڕێزمانی کوردی (وشەسازی-کردار) ، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی 2000
مشتێک لە فڕوفێڵی پەرتووکی «چەند ئاسۆیەکی تری زمانەوانی»، بەغدا 2005=KTMLLISTEND=
سوودم لەم سەرچاوانە وەرگرتووە:
1-بەرهەمە زمانەوانییەکانم، ئەوڕەحمانی حاجی مارف، بەرگی یەکەم سلێمانی، 2002.
2-بەرهەمە زمانەوانییەکانم، ئەوڕەحمانی حاجی مارف، بەرگی دووەم، سلێمانی، 2004.
3-نیوسەدە لە ژیان و زانستی پڕۆفیسۆر ئەوڕەحمانی حاجی مارف، نەریمان عەبدوڵڵا خۆشناو و حەمید ئەبوبەکر بەدرخان، چاپی یەکەم، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی بەدرخان، #هەولێر#، 2007.
ئامادەکردنی: دادیار ئازاد [1][2]