ساڵی 1325ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەری گوندی عەزیز کەندی شاری #بۆکان#، کاک سەید سەلام عەزیزی چاوی بە ژیان هەڵێنا. قۆناخەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندیو دواناوەندیی لە گوندەکەیو پاشان لە شاری بۆکان تێپەڕ کرد. ساڵی 1350ی هەتاوی، لە بەشی یاسایی زانستگای تاران وەرگیراو دوای تەواو کردنی لە شاری #ورمێ# بوو بە دادوەرو پاشانیش بوو بە سەرۆکی دادگوستەریی شاری بۆکان. هەروەها ماوەیەکیش بە کاری پیرۆزی مامۆستایەتییەوە سەرقاڵ بوو.
ساڵی 1357ی هەتاوی بووەتە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. سەید سەلام عەزیزی لە حیزبی دێموکراتدا لە ئەندامەتیی هەیئەتی ئیجرایی کومیتە شارستانەوە ئەرکی حیزبی ڕاپەڕاندووە. لە کۆنگرەکانی 7، 8، 9، 10و 11دا بە ئەندامی کومیتەی ناوەندی حیزب هەڵبژێردراوە. ئەندامەتیی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکرات بۆ ماوەی 10 ساڵ (68 78)و بەرپرسایەتی کۆمیسیونەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی نیزامیو ماڵی، نوێنەرایەتی حیزب لە بەغدا، پیشان دەدەن کە کاک سەلام مرۆڤی تەنگانەو نموونەیەکی درەوشاوەیە لە مەیدانی تێکۆشانی سیاسیدا.
پابەند بوون بە ئەخلاقی سیاسی، پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی، شەفافییەت لە هەڵوێست و بڕیاردان، سەراحەت و لێبڕاوی، خاکی بوونو خەڵکی بوون، ئازایەتی لە دەربڕیندا، باوەڕمەندی بە ڕێبەریی بەکۆمەڵ، ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەگەڵ هاوڕێیانو قسە خۆشی، کەسایەتیەکان بە کاک سەلام بەخشیبوو کە ببێتە ڕێبەرێکی بەوەجو مودیرێکی سەرکەوتووو خاوەن ئەزموونو دڵسۆز. هەروەها کاک سەلام خاوەن ئەندێشەو خامەرەنگین بوو، بێجگە لە دەوڵەمەند کردنو ڕازاندنەوەی ڕۆژنامەی کوردستان ئۆرگانی کومیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کتێبێکی لە ژێر ناوی سەفەری بێگەڕانەوە نووسیوە کە داستانی کارەساتی میکۆنووس، چۆنیەتی ڕوودانی ئەو جینایەتە، لایەنە شاراوەکانی ئەو تیرۆرە تا کۆتایی هاتنی دادگای میکۆنووسی لەخۆگرتووە.
مەخابن، کاک سەید سەلام عەزیزی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانو کەسایەتی پایەبەرزی سیاسیو کۆمەڵایەتی، سیمای ناسراوی نێو جووڵانەوەی ئازادیخوازییو ڕزگاریخوازیی کوردستان، ڕێکەوتی 24/4/1378ی هەتاوی لە نەخۆشخانەیەکی شاری بەغدا، ماڵئاوایی یەکجاریی لە نیشتمانو خەڵکی کوردستانو هاوسەنگەرانی کردو چووە ڕیزی کاروانی هەرگیز نەمرانو شەهیدانی سەربەرزی نیشتمانەوە.