خەڵکی شاری پاوە لە ناوچەی هەورامانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێستا لە وڵاتی ئاڵمان نیشتەجێیە. ئەو تێکۆشانی سیاسیی خۆی لە سەرەتای پەرە ئەستاندنی شۆڕش بە دژی دەسەڵاتی پاشایەتی دەستپێکردووەو لە بەر چاڵاک بوون لە ڕیزی جەماوەردا بە ئەندامی شورای شاری پاوە هەڵبژێردراوە.
پاش فەرمانی جیهادی خومەینی لە 28ی گەلاوێژی 1358 بە دژی ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نەبوونی دەرەتانی خەباتی مەدەنی هێمنانە و ئاشکرا، بە هۆی ناسراوبوون، لە ڕیزی پێشمەرگەی کوردستاندا بەشداری خەباتی بەرگری نیشتمانی کردووە.
لە ماوەی خەباتی بەرگری دا ئەرکی بەڕێوە بردنی ئەم بەرپرسایەتیانەی خراوەتە ئەستۆ:
1- بەرپرسایەتی کۆمیتەکانی حێزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە شارستانەکانی، تکاب و ساینقەلا (هەوشار).
2- ئەندامەتی کۆمسیونی کۆمەڵایەتی حێزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و بەرپرسیاری بەشی شوراکانی کوردستان.
3-بەرپرسایەتی کۆمیتەی شارستانی کرماشان و کامیاران.
4- بەرپرسایەتی کۆمیتەی شارستانی پیرانشار (خانێ).
5- بەرپرسایەتی کۆمیتەی شارستانی مەهــاباد.
6- ئەندامەتی کۆمیتەی ناوەندی حێزبی دێمۆکراتی کۆردستانی ئێران
سدیق بابایی لە ساڵی 1990 ڕا وەک پەنابەر نیشتەجێی وڵاتی ئاڵمانە و لە دەرەوەش تێکۆشان و خەباتی خۆی بە شێوەی جۆراوجۆر درێژە پێداوە و تا ئێستا بە دەیان وتار و بابەتی وەک لێکۆڵینەوەی مێژوویی یان بابەتگەلی پێوەندیدار بە دۆزی هەنووکەیی کورد نوسیوە و بڵاو کردۆتەوە.