ساڵی 1969 لە شاری #ئیلام# لە دایک بووە. دەرچووی بەشی ئەکتەری و دەرهێنەری شانۆیە لە تاران، تا ئێستا کۆمەڵێک شانۆنامەی نووسیوە و هەروەها وەکوو دەرهێنەر ئامادەی کردوون، لەوانە: شانۆگەری کۆچی خوێن، شانۆگەری جەژنی خانەنشینی، شانۆگەری مامەی جەنگەڵوان، شانۆگەری چیرۆکی جەنگەڵ، شانۆگەری باغی پڕ لە ئەستێرە، شانۆگەری نهۆمی چوارەم، شانۆگەری لە دایک بوونێکی دیکە، شانۆگەری براکوشی کە لە یەکەمین خولی فیستیڤاڵی شانۆی کوردی لە #سەقز# نمایش کرا، شانۆگەری سێرکی گەورە و هەروەها شانۆگەری سەمای ئاور کە یەکێکە لە شانۆگەرییە هەمیشە لە یادەکانی مێژووی ئیلام.
نوورمحەمەدی وەکوو ئەکتەر لە چەندین شانۆگەریدا ڕۆڵی بینیوە، لەوانە: هاملێت و فێڵەکانی ئێسکاپێن لە دەرهێنانی شانۆکاری ناوداری کورد دکتۆر قوتبەدین سادقی کە لە کۆمەڵەی شانۆی شاری تاران نمایش کران.
سینەماکاری ئیلامی تا ئێستا کۆمەڵێک فیلمی چیرۆکی بە زاراوە جۆراوجۆرەکانی کوردی و لە شارەکانی ئیلام، #مەریوان#، #مەهاباد#، شیروان لە باکووری خوراسان و لە چەندین جێگای دیکەی کوردستان و ئیلام سازکردووە، لەوانە: کورتە فیلمی کاری دەست، کورتە فیلمی سەرباز، ئامێر، منداڵ، کورتە فیلمی گوڵی ون، کورتە فیلمی زستانی وێنەگرێک، کورتە فیلمی پلکەکان لە بادا ڕەگەزەکان لە خاکدا، کورتە فیلمی فرمێسکی شاراوە، کورتە فیلمی لە ژێر سێبەری بەلووتدا، کورتە فیلمی یەکەمین وێنەی هەتاو، کورتە فیلمی گۆرانی باران، کورتە فیلمی ڕاوچی و کورتە فیلمی هێلانەیەک لەسەر بەرد.
جەعفەر نوورمحەمەدی هەروەها 4 فیلمی دیکۆمێنتیشی سازکردووە، لەوانە: بنێشت، دیمەنە گەشتیارییەکان (لە 7 ئەڵقەدا)، بووکی زاگرۆس و جێی پێی بیاوان.
سینەماکاری کورد جەعفەر نوورمحەمەدی بەم فیلمانەیەوە لە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرەکانی ئێران و هەروەها لە فیستیڤاڵە نێونەتەوەییەکاندا بەشداری کردووە و کۆمەڵێک خەڵاتی پربایخیشی بەدەستهێنانەوە و یەکێکە لە هونەرمەندانەی کە بۆ یەکەم جار شانۆ و سینەمای بۆ شاری ئیلام بردووە و بە دانانی وۆرکشۆپی فێرکاری و وانە گوتنەوە بە منداڵانی کورد لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ئیلام، نەوەیەکی نوێ پەروەردە کردووە کە ئێستا زۆربەیان لە زانکۆکانی ئێران سەرقاڵی خوێندنی بەشی شانۆ و سینەمان و لە بواری هونەردا لە گروپە جۆراوجۆرەکاندا چالاکییان هەیە.