ساڵی 1348 هەتاوی لە شاری #سەقز# لە دایک بوە، بە هۆی هۆگرییەک کە بە مۆسیقا بە تایبەت مۆسیقای کوردی بوویەتی زۆر زوو هەڵی داوە و دەستی داوەتە ئامێرەکانی مۆسیقاو بە سەرکەوتوویەوە قۆناخە سەرەتاییەکانی بڕیوە.
دەسپێکی مۆسیقای مامۆستا عەلی تاهیری لە ساڵی 1364 وە لە لای کاک مەسعود پەیامی بە ئامێری تومبەگەوە بوە دواتر لە لای بەڕێزان کاک ڕەشید فەیزنژاد لە شاری سەقزو هەروەها لە شاری تاران لای بەڕێزان: محەمەدئەخەوان، مەرحووم ناسرفەرهەنگ فەڕ، جەمشیدموحەبی و بەهمەن ڕەجەبی، شانازی قوتابی بوونی هەبوەو لە ساڵی 1375 دا لە لای کاک ئازادمیرزاپوور ئەزموونەکانی ئامێری تاری فراوانتر کردوە.
کاک عەلی بە هۆی ئەشق وعەلاقەیەکی فراوان کە بە مۆسیقا بوویەتی هەرلەوقۆناخی فێربوون وخۆ پەروەردەکردنەدا، لە شاری تاران چوەتە خزمەت بەڕێزان : بێهرووز هیمەتی و لای مامۆستا “رەوشەن ڕەوان” موبانی موسیقاوسولفژ ی خوێندوەو بە سەرکەوتوویەوە تەواوی کردوە.
کاک عەلی تاهیری لە بواری خوێندندا بڕوانامەی دیپلۆمی هەیەو ئێستایش بەرپرسی ئەنجومەنی مۆسیقای شاری سەقز سەربە ئیدارەی ئیرشادو بەرپرسی فێرگەی سەربەخۆی مۆسیقای “هۆرە” یە.کە لەگەڵ چەند هەڤاڵێکی دیکەی وەک بەڕێزان :فەڕوخ فوولادی، بێهزاد پەیامی، جەماڵ ئەمینی مامۆستای پەروەردەی مۆسیقان و لە فێرگەی سەربەخۆی “هۆرە” لە شاری سەقزدا ئەرکی پەروەردەکرن وراهێنانی کچان وکوڕانی تامەزرۆی مۆسیقایان بە شانازی یەوە بە ئەستۆ گرتوە.
بەڕێز کاک عەلی تاهیری لە گەلێ فستیواڵ وکۆڕوکۆبوونەوە هونەریەکاندا بەشداری چالاکانەی بوە کە ئەتوانین ئاماژە بە هەندێکیان بکەین وەک : فستیواڵی مۆسیقای کوردی #هەولێر#. فستیواڵی مۆسیقای کوردی سەقز کە لە فستیواڵی مۆسیقای شاری سەقزدا جیا لە بەرهەم پێش کەش کردن بەرپرسی بەڕێوەبردنی فستیواڵەکەیش بوە.
لە شارەکانی تاران، #مەهاباد#، #سنە#، سەقز، #بۆکان#، بانە … لە گەڵ گرووپە بە ئەزموونەکاندا چەندین جار بەرهەمی هونەری پێش کەش کردوە.
هەروەها لەگەڵ گەلێ دەنگ خۆش وخاوەن بەهرەی گۆرانی وتن بەرهەمی تۆمار کردوە کە مامۆستا عەلی تاهیری بە تونبەگ یان بە تارەوە بەشدار بوە وەک بەڕێزانی خوالێخۆشبوو مامۆستا برایم خەیات، کاک سدیق زوهری، هەروەها گۆرانی بێژانی دیکەی وەک ” حەسەن زیافەتی، سەیدعەلی قورەیشی و محەمەدئەفشاری.
لە سەقز ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و هەر لە شاری سەقز دا نیشتەجێ یەو بەردەوامیشە لە چالاکی یە هونەری وپەروەردەیەکانی خۆی دا.