ناو: زولەیخا
نازناو: زولەیخا پشدەری
ناوی باوک: وەلی ئیسماعیل
$ژیاننامە$
گۆرانی بێژی میللی زوڵێخا پشدەری
زوڵێخا وەلی ئیسماعیل لەساڵی 1930 لەنزیک مەزاری شێخ باڵەک لە #حاجی ئۆمەران# لەدایکبووە و ساڵی 1956 شووی بە ئامۆزای خۆی کردووە و سێ کچی لێبووە، لەساڵی 1962 بۆ جاری دووەم شووی بە حەمە مەحمود کردووە و لەو پیاوەش سێ کچ و کوڕێکی هەیە، لەساڵی 1969 مێردەکەی دەمرێ.
هەرچەندە زوڵێخا هەر لەمنداڵییەوە وەک ئافرەتێکی کۆچەری و لەنێو کانی و مێرگوزارو دارودرەختە مەڕو ماڵات حەزی لە گۆرانی کردووە، بەڵام داب و نەریتی کوردەواری ڕێگای نەداوە. بەڵام لەدوای نەمانی مێردەکەی و باری ناهەمواری ژیانی چەرمەسەری و لەخۆگرتنی منداڵەکانی، کاری کردۆتە ناخ و دەروونی و دەستی کردووە بە گۆرانی وتن و بەدیهێنانی حەزی سەردەمانی کچێنی و بۆ یەکەمجار لە ئاهەنگی جەژنی کرێکاران لەساڵی 1974 لە #سلێمانی# و #دوکان# ئاهەنگی گێڕاوە. هەر لەو ساڵەدا چۆتە ئێزگەی کوردی و ئەم گۆرانیانەی تۆمارکردووە: لاوکێ مەمێ، لاوکێ میوانۆ، بەستەی وە وەی زارا. هەر لە هەمان ساڵدا چووەتە تەلەفزیۆنی #کەرکووک# بۆ تۆمارکردنی لاوکی دەروێشی عەبدی، لۆرکێ، دەنگیان دێ. بەبۆنەی جەژنە میللیەکان لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆن گۆرانیەکانی تۆمارکردووە و لەشەوی #31-01-1989# وەک میوان لە بەرنامەی لە کەلەپورەوە لە تەلەفزیۆنی کەرکووک بۆ ماوەی 32 خولەک لەگەڵ ئەسعەد عەدۆی ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنامەکە گفتوگۆی کردو گۆرانی چڕی.
هەموو ڕۆژی پێنج شەممە و هەینیەک لە ئاهەنگی بووک گواستنەوە و جەژنە میللیەکاندا گۆرانی دەوت. زولەیخا پشدەری دانیشتووی شارەدێی #حاجیاوە# و #ڕانیە# بوو بەردەوام هاتوچۆی سلێمانی دەکرد و ئەندامی نەقابەی هونەرمەندانی لقی سلێمانی بوو لەساڵانی هەشتاکاندا.
زوڵێخا بەناوبانگترین و دیارترین و یەکەمین خانمە گۆرانیبێژی میلی کوردە کە بە سێ زمانی فارسی و تورکی و کوردی و بە شێوازێکی لێهاتوانە گۆرانی وتوە، هاوکات هەرخۆشی تەپڵ لێدەری گۆرانیەکانی خۆی بووە.
بەداخەوە لە ڕووداوی کوشتن گیانی لەدەستدا. وەکو زانراوە لەلایەن بنەماڵەکەی خۆیەوە کوژراوە، بەدیاریکراوی ساڵی کوشتنی نەزانراوە.[1]