لە ساڵی 1964 دا لە گوندی پاڕەزانی سەربە ناوچەی شارباژێڕی سەخت لەدایک بووە.
خوێندنی سەرەتایی لە پارەزان تەواو کردووە و ئامادەیی لە سلێمانی.
لە ساڵی 1988 دا کۆلێژی ئاداب بەشی زمانی ئینگلیزی لە بەغدا تەواو کردووە.
لە ساڵی 1982 دا بەهۆی ئەندام بوونیەوە لە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستاندا لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەستگیر دەکرێت و دوای خۆڕاگری بەرانبەر ئازار و ئەشکەنجەیەکی کەموێنە لە ئەمنی سلێمانی و هەیئەی کەرکووک لە لێبوردنێکی گشتیدا ئازاد دەکرێت.
نووسەری کورتە یاداشتی زیندانە بەناوی 'لالۆ منیش زیندانی سیاسی بووم' .
لە ساڵی 2002 دا گەیشتووەتە بەریتانیا و لەوێش لە زانکۆی لانکاستەر زانستی کریمینۆڵۆژی خوێندووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی شەرەفی بە پلەی یەکەم وەرگرتووە.
لە گەلێک گۆڤار و ڕۆژنامە و ڕۆژنامەی ئەلەکترۆنیدا بابەتی نووسراو یان وەرگێڕراوی بە کوردی و ئینگلیزی بڵاوکردۆتەوە.
پەڕتووکی 'تیرۆریزم؛ چوونە ناو ناخی دیاردەیەکی جیهاییەوە' ی وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی.
پەڕتووکی 'دەرمان و مادە هۆشبەرەکان' ی نووسیوە و لە ساڵی 2008 دا لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە بڵاو کراوەتەوە.
سەرقاڵی کاری وەرگێڕانە وەکو پیشە لە زمانی کوردی و عەرەبییەوە بۆ ئینگلیزی و لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی سۆرانی وە وەرگێڕی زارەکیشە. خاوەن و بەڕێوەبەری 'وەرگێڕانی پارسیندۆ' یە [1]