ناوی تەواوی (خالید مەغدید تەها) یە، ساڵی 1960 لە (گەرەکی سێتاقان) ی شاری هەولێر لە دایک بووە، خوێندنی سەرەتای لە قوتابخانەی سۆران پاشان گواستراینەوە بۆ قوتابخانەی هەژار لە گەرەکی سێتاقان و ناوەندی لە قوتابخانەی جمهوری و دواناوەندی لە قوتابخانەی ئامادەی کوردستان تەواو کردووە، بڕوانامەی بەکالۆریوس لە زانکۆی بەغدا کۆڵیژی ئاداب بەشی زمانی ئینگلیزی لە ساڵی 1984 بەدەستهێناوە، لەبەر بارودۆخی ڕامیاری لە ساڵی 1986 ناچار بووە ڕوو بکاتە هەندەران و لە ووڵاتی ئەڵمانیا شاری هانۆڤەر نیشتەجێ بوو، بەر لەوەی ئاوارەی هاندەران بێت بەرهەمێکی هۆنراوەی ئامادە کردبوو لە ژێر ناونیشانی (شۆستە خوێناویەکان) کە بەچاپی بگەیەنی بەڵام بار و دۆخی ڕامیاری ڕێی نەدا بەرهەمەکەی بەچاپ بگەیێنێ بووە کۆچی قوربانی هەموو لایەک و فەوتان و لە ناوچوون، ساڵی 1999 ژیانی هاوسەری پێکهێناوە خاوەنی دوو کیژۆڵەی ژیکەڵەیە، بۆ باری ڕامیاری کەسێکی بێڵایەنە و هیوا و ئاواتی کوردستانێکی یەکگرتوو و سەربەخۆیە، خالید شەیدا لە زۆربەی گۆڤار و ڕۆژنامە کۆنەکانی کە لە کوردستان و تاراوگە دەردەچوون بابەتەکانی خۆی بڵاوکراوەتەوە وەکو (ڕۆشنبیری و بەیان و ڕوژی کوردستان و پاشکۆی عیراق و هاوکاری و کاروان) هتد، ساڵی 2019 کتێبی ڕوحە وون بوەکان بەچاپ گەیاندووە،
ماڵئاوا ئەی خەندەی
سەر لێوی نانبڕاو و
سەرلێشێواوە هەژارەکان
مالئاوا ئەی سێبەری
سەر سەری چلەی هاوینی
چەوساوە و لێقەوماوەکان
مالئاوا ئەی چەتری
سەرسەری چلەی زستانی
هەژارە نەدارەکان
مالئاوا ئەی پشت و پەنای
هەوارگە و نەزاری لانەوازان
بۆخۆت بنوو چاو لێکنێ ماڵئاوا
تۆ زۆر ماندوبووی لەم ژیانە
با دڵەکەت تۆزێک پشوو بدا [1]