ساڵی 1316 هەتاوی لە گەرەکی سەرپەچەی شاری سەقز لە دایک بوە، هونەرمەند ئەحمەدزارعی لە گەڵ ئەوەی کە نەخوێندەواریش بوە پتر لە چوارسەد گۆرانی لە ڕادیو کوردی کرماشان وسنەو مەهابادوتاران وتوەتەوە کە کاتی خۆی هەر لە ڕادیۆدا بە بێ ئەوەی تۆمار بکرێت وتوویەتی کە زیاتر لە پەنجا شریتی ئەو گۆرانی یانەی لە ئارشیوی ماڵی خۆیدا هەڵگرتوه. ساڵی 1337 هەتاوی کە ڕادێۆ کوردی کرماشان دەست بەکار بوە ئەو وەک یەکەم کەسەکان لە خزمەت مەرحوومی "حەسەن کامگار" گۆرانی لەو ڕادێۆیەدا وتوە، لە گەڵ خاتوو "میدیا زەندی "گۆرانی(پاییزە لەمن درەنگە لەتۆ)ی وتوەوتۆماری کردوە. ساڵی 1351 و 52 لە شاری مەهاباد لە گەڵ هونەرمەند ڕەشید فەیزنژادو حەمەی دانش وحسەین ڕەهبەر گۆرانی تۆمار کردوە، لە زۆربەی بۆنەوموناسبەتە میللی ونەتەوەیی یەکانی لەشکری وکشوەری ئەوکات ئاهەنگی گێڕاوەو بەشداری کردوە، لەو گۆرانی یانەی کە بە ناو ئەحمەدزارعی یەوە ئەیناسنەوە ئەتوانین گۆرانی "دووسەر لە سەر سەرینێ، ئەی لە گوڵی من، یاڵا شۆفیڕ. کە تورکی بوەو کردویەتە کوردی وگەلێکی دیکە ناو بەرین لەگەڵ مەرحوومی حەسەن زیرەک دۆستایەتی هەبوەو لە کرماشان و وڵاتی عێراق پێکەوە بون...
بەرهەمەکانی کاک ئەحمەد زارعی هەرچی هەیە لە سەر سەفحەی گراماڤۆن و شریتی کاست دایە کە لەم ڕۆژانەدا هونەرمەند خەلیل سەعیدی لە سەر ئەرکی خۆی چەندگۆرانی یەکی بۆ کلیپ کردوەو هەر ئێستە لە بەردەستی خەڵک وئاشقانی گۆرانی یەکانی کاک ئەحمەد دایە..
هونەرمەند ئەحمەد زارعی ئێستایشی لەگەڵ دابێ پیاوێکی خۆش مەشرەف و تەڕپۆش وتەڕدڵ بوەو هەتا ئێستا 9 ژنی هێناوە !!! کە تەنیا کوڕێکی بە ناوی "هوشیار" هەیەو لە دەرەوەی وڵات دادەنیشێت..
ئەحمەدی زارعی ماوەی پازدەساڵان لە گوندی "قاقڵاوا" ی ناوچەی تورجانی سەقز خزمەتکاری تەکیەوبارەگای شێخانی زەنبیل دەبێ و لە حوجرەو خانەقای سەیدکامیل ئیمامی "ئاوات" ی شاعیردا چایی پەز دەبێت هەر بەو بۆنەوە زۆر لە نزیکەوە شاعیرانی وەک هێمن وهەژاری ناسیوەو دۆستایەتی لە گەڵیاندا هەبوە...
لەم ساڵانەی دوایی دا چوار پێنج کەس وەک هونەرمەندانی کۆن ولە مێژنە لە لایەن وەزارەتی ئیدارەی ئیرشادەوە مووچەی مانگانەیان بۆ دیاری کرا کە کاک ئەحمەد زارعی یەکێک لەو چەندکەسە هونەرمەندانەیە.