ناوی تەواوی:- ئاشتی عوسمان شەریف, لە ساڵی 1957 لە گەڕەکی #سابونکەران# لە شاری #سلێمانی# لە دایکبووە, سەرجەم قۆناغەکانی خوێندنی لە شاری سلێمانی تەواوکردووە ، لە ساڵی 1970 بوژانەوەیەکی بەرچاو لە بواری ئەدەب و هونەردا سەریهەڵدا بەو پێیەی ئاشتی دانش لە خێزانێکی ڕوو لە تێکۆشانی سیاسی لەدایکبووە و بنەماڵەکەی لەپاڵ تێکۆشانی سیاسی سەرقاڵی کاری هونەری بوون ، بۆیە هونەری نواندنی لا نامۆ نەبووە بە لاساییکردنەوە دەستی پێ کردووە، لە قۆناغی سەرەتایی بەشداری لە چەندین چالاکی قوتابخانەکەی کردووە لە ساڵی 1971 بە هاوبەشی تیپێکی قوتابییانیان دامەزراند، نۆبەرەی بەرهەمی هونەری ئەم تیپە بریتی بوو لە هەریەک لە شانۆگەری (بەڕێوەبەری نوێ، کفر ئەحمەد) وەکوو نواندن بەشداری تێیدا کردبوو لەسەر شانۆی (قوتابخانەی سورکێو) نمایش کرا. دواتر ئەم تیپە درێژەی بە بەرهەمە هونەریەکانیدا و چەندین شانۆگەریان نمایش کرد، لەوانە:
- شانۆگەری (تۆڵەیەکی بەخوێن شۆراو) لە ساڵی 1972
- شانۆگەری (ئەمرەکەی بەگم) لە ساڵی 1973 کە لەسەر شانۆیی ئامادەیی سلێمانی نمایش کرا
- لە ساڵی 1975 بەشداری لە شانۆگەری (کۆتایی زۆردار) کردووە, لە نووسینی #شێرکۆ بێکەس#, کاری دەرهێنانی لەلایەن (#بەدیعە دارتاش#) بوو، لەو ساڵەدا لەسەر ئاستی ئێراق پلەی یەکەمیان بە دەستهێنا، بەرهەمی چالاکی قوتابخانەکان بوو. لە ساڵی 1975 دەچێتە #تیپی نواندنی سلێمانی# وەک ئەکتەر بەشداری لە یەکەمین درامای تەلەڤزیۆنیدا کردووە بە ناوی ( شەمامە و خاڵخاڵ) لە تەلەڤزیۆنی بەغدا پەخشکرا، بەهاوبەشی لەگەڵ (#یاسین قادر بەرزنجی# ) و چەند هونەرمەندێک لەئامادەیی کشتوکاڵی بەکرەجۆ تیپێکی شانۆییان پێکهێنا بۆ ماوەی دووساڵ لەسەر یەک چەندین خەڵاتیان بەدەستهێنا ..
لە ساڵی 1976 بەشداری لە شانۆگەری (فایلی 67)کردووه
کە لەڤێستیڤاڵی سلێمانی پلەی یەکەمی لەنواندن بەدەست هێنا لەگەڵ هونەرمەند (#یاسین قادر بەرزنجی#)دا
لە دەرهێنانی #عوسمان چێوار#. پاشان درێژەی بەکاروانی هونەری دا لە تیپی نواندنی سلێمانی بەهاوبەشی و لەگەڵ چەندین هونەرمەند کاریکردووە لەوانە:
#ئەحمەد سالار#، #غازی بامەڕنی#، بەدیعە دارتاش، #عوسمان چێوار#, #کامەران ڕەووف#، #جەلیل زەنگەنە#, #حسێن میسری#، #ئەرسەلان دەروێش#، #مەریوان ئیبراهیم#, زوهێر عبدالمسیح، عوسمان فارس ، جەعفەر عەلی ، هونەر سەلیم ، دانا عەلی سەعید ، هاوڕێ مستەفا ، جوان بامەڕنی و چەندینی دیکە.
بەشداری زیاتر لە 60 بەرهەمی شانۆیی و دراما و فیلمی سینەمایی کردووە. بەشێک لەو بەرهەمە هونەریانەی وەک نواندن بەشداری تێدا کردووە بریتین لە:
کارە شانۆگەریەکانی (شانۆگەری مۆڵەت، شانۆگەری کاتێک هەڵۆ بەرز ئەفڕێ، شانۆگەری چرا، شانۆگەری دادگا، شانۆگەری من یەکێک نیم لە ئێوە، شانۆگەری فایلی 67، شانۆگەری کۆتایی زۆردار).
کاری فیلم و دراما (درامای ڕەشەی پۆلیس، درامای گەردەلوول بەشی 1-2-3 ، درامای ڕۆژمێری شارێک، درامای خەمی چۆلەکەکان، درامای خەرەند، درامای ئارەزوو، درامای سەراب، فیلمی سینەمایی چاویلکە، فیلمی سینەمایی نێرگز بوکی کوردستان، فیلمی سینەمایی شێرۆ، فیلمی سینەمایی کڵۆڵەکان، فیلمی سینەمایی گردی پیرۆز، تەمسیلی عەلی خانی تەورێزی، تەمسیلی تەپلی پیاوی، تەمسیلی مانگرتن، تەمسیلی فایلی 67).
لە ژیانی هونەریدا لە بەرانبەر بەخشش و بەشدارییە هونەرییەکانی چەندین خەڵاتی پێ بەخشراوە.
لەپاڵ کاری هونەری لە چەندین بواری دیکەدا کاریکردووە وەک ( پێشکەشکردنی بەرنامە و درامای ڕادیۆیی، بڵاوکردنەوەی بابەتی شانۆیی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا، دوو سیناریۆی تەلەفیزیۆنی وەک پەرتووک بڵاوکردووەتەوە بەناوەکانی (شایەت و پێکەنینی گەدا).
لە ساڵی 1984 بەردەوام لە تەنیشت هاوڕێ هونەرمەندەکانی لە #تیپی شانۆیی سالار# کاری کردووە، بۆ ماوەی چەندین ساڵ ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تیپەکە بووە و هەروەها بەڕێوەبەری کارگێڕی گۆڤاری (شانۆ) بووە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی بڵاودەکرایەوە کە 24 ژمارەی لێ چاپ کراوە.
دواین بەرهەمی هونەری وەک نواندن بەشداری لە درامای (سەراب) دا کردووە لە ساڵی 2017 لە دەرهێنانی #مەریوان ئیبراهیم#.
بەدەر لە کاری هونەری, ئاشتی عوسمان فەرمانبەر بووە لە #پەرتووکخانەی گشتی سلێمانی# و بەڕێوەبەری کارگێڕی بووە لە ڕۆژنامەی ئاسۆی پەرتووکخانە.