ئوسامە جەمیل - ئەکتەر و دەرهێنەر و نووسەر و شاعیر
ناوی تەواوی (ئوسامە جەمیل عەلی پیرداود یوسف عەبدوڵڵا بەگ) ە، لە 1965/12/23 لە گوندی شاوێس ی شاری هەولێر لەدایک بووە، خوێندنی سەرەتایی لە شاوێس تەواو کردووە، ساڵی 1975 ڕوو دەکەنە شاری هەولێر و قۆناغی ناوەندی لە قوتابخانەی جمهوری کوڕان و ئامادەیی لە قوتابخانەی کوردستان تەواو دەکات،
دەرچووی بەشی مێژووی کۆلیژی ئادابی زانکۆی سەلاحەددینە، بە مامۆستای ئامادەیی قوتابخانەی گەل دادەمەزرێت، نووسەر و شاعیرە لەهەمان کاتیش وەک ئەکتەر و دەرهێنەر کۆمەڵێک زنجیرە تەمسیلی و درامای کوردی کاری کردووە، ساڵی 1995 بە کورتە تەمسیلی ڕادیۆیی دەستی پێکردووە و یەکەم بەرهەمی تەلەفزیۆنیشی لە هەمان ساڵ بەناوی (پەشیمانی) بووە، ساڵی 1998 تا 2004 کارگێڕی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و بەڕێوەبەری دەنگی یەکگرتوو بووە، ساڵی 1998 تا 2002 بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنی یەکگرتوو کەناڵی هەولێر بووە، لە چەندین هەڵبژاردن پشکی شێری بەرکەوتووە تەنانەت لە هەڵبژاردنی شارەوانی ساڵی 2000 لە شاری هەولێر توانی (72000) دەنگ کۆ بکاتەوە بەڵام بە پلانێک بە ئەندام شارەوانی دانەنرا، ساڵی 2010 لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە ڕێژەی (51000) دەنگ بە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژێردرا، لە 2009/4/5 (نیگا ئەبوبەکر) ی خێزانی بە نەخۆشییەکی کوشندە کۆچی دوایی دەکات و لەدوای خۆی کورێک و دوو کچ بەناوی (کارژین و هەژین و هەناسە) بەجێهێشتووە،
دوای چەند ساڵێک هاوسەرگیری لەگەڵ خاتوو (سومەیە جەعفەر) دەکات، ساڵی 2000 - 2001 زنجیرە درامای (کۆچ 1 - 2) بۆ تەلەفزیۆنی یەکگرتوو تۆمار کردووە لە نووسین و دەرهێنانی خۆی، وەک ئەکتەریش بەشداری لە هەردوو زنجیرە درامای (گرێ) لە نووسینی کەریم بایز و دەرهێنانی هیوا سوعاد (مەمی ئالان) لە دەرهێنانی ناسر حەسەن کردووە، هەروەها لە ساڵی 2006 زنجیرە درامای (ئازارەکانی بارام) نووسیوە و دەرهێنانی بۆ ئەنجام داوە، زیاتر لە (50) کورتە تەمسیلی نووسیوە و دەرهێنانی بۆ ئەنجام داوە و ڕۆڵیشی بینیوە، [1]
لەساڵی 1994 تاکو 2000 بەڕێوەبەری ڕادیۆو تەلەفزیۆنی یەکگرتوو بووە.
لەسەر لیستی یەکگرتوو ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقە