نیکۆس کاسداگلیس ساڵی 1928 لەدوڕگەی کۆس کە ئەو کات لەبندەستی ئیتاڵیا دا بو، چاوی بەژیان هەڵێنا. ساڵی 1933، پاش عەردهەژە گەورەکەی کۆس، وێڕای بنەماڵەکەی کۆچ دەکەن بۆ دوڕگەی ڕۆدۆس. پاش ماوەیەکی کوورت، بەهۆی ئەوەی ڕژێمی داگیرکەری ئیتاڵیا خوێندن بە زمانی یۆنانی قەدەغە دەکات، لەپێناو خوێندنی ناوین، لە ساڵی 1937دا باردەکەنە ئەسینا.
لەکاتی داگیرکرانی یۆنان لەلایەن ئەڵمانیای نازی و ئیتاڵیای فاشیەوه، نیکۆس کاسداگلیس بەشێوەیەکی چالاک بەشداری بەرخۆدان دژی داگیرکەران دەبێت. و دەچێتە ڕیزی ڕاستڕەوەکانەوه. بەهۆی خەبات و تێکۆشانییەوه، ساڵی 1943 لە قوتابخانە دەردەکرێت. ساڵێک دواتر، لەلایەن پارتیزانە چەپڕەوەکانەوە بۆ ماوەی بیست ڕۆژ دەست بەسەر دەکرێت.
پاش ئەوەی لە ساڵی 1947دا، 12 دوورگە لەژێر دەستی ئیتاڵیا ڕزگار دەکرێن و بەیۆنانەوە دەلکێن، سەرەتا لەدوڕگەی کۆس و دواتر لەدوڕگەی ڕۆدۆس نیشتەجێ دەبێت. ناوبراو تا کۆتایی ژیانی لەدوڕگەیە ژیا.
لەجەنگەی شەڕی ناوخۆیی یۆناندا، بەهۆی ئەو ئەرک و ئازارەی چەپڕەوەکان گرتبویانە ئەستۆ، نیکۆس هزری سیاسی دەگۆڕێت و سەنگەرەکەی لەڕاستەوە بۆ چەپ دەگۆڕێتەوه.
ساڵی 1957 ژیانی هاوسەری لەگەڵ هەڵبەستڤان ڕێنا ئاتاناسێدی پێکهێنا. بەرهەمی ئەم زەماوەندە دوو منداڵه.
نیکۆس لە ماوەی ساڵانی 1948 تا 1968 لەلقی ڕۆدۆسی بانکی زرێتدا وەک کارمەند کاری دەکرد. لەکاتی کودەتای سەربازی یۆنان، پاش ئەوەی وێڕای 17 نووسەری بەناوبانگی تر بەیاننامەیەکیان دژی دیکتاتۆری سەربازی ئەو وڵاتە بڵاو کردەوەوە لەکارەکەی دەرکرا. دوابەدوای هەڵوەشاندنەوەی کودەتا ئەم جارە وەک کارمەندێکی سادە نا، بەڵکە وەک جێگری بەڕێوەبەری بانک دەستی بەکار کردەوه.
ساڵی 1982 دەست لەکارکێشانەوەی خۆی لە کاری بانکداری ڕاگەیاند و تا کۆتایی تەمەنی مژوڵی نووسین بو.
نیکۆس کادسداگلیس بەهەموویەوە 18 پەرتووکی نووسیوە و هەروەسا، چەندین پەرتووکیشی لەزمانی فەرەنسیەوە وەڕگێڕاوەتە سەر زمانی یۆنانی. هەندێک لەپەرتووکەکانی بۆ زمانەکانی تر وەرگێڕدراون و چەند بەرهەمێکیشی بوونەتە سیناریۆی فیلم. بابەتەکانی لە زۆربەی گۆڤار و ڕۆژنامەکانی یۆناندا بڵاو کردۆتەوه. ئەندامی یەکێتی وێژەوانانی یۆنان و ئەندامی کارای یەکێتی نووسەران بو. ساڵی 1955 خەڵاتی ئەدەبی دەوڵەتی وەرگرتوه.
نیکۆس کاسداگلیس ساڵانی 1990 پەیوەندی بە کوردەکانەوە دەبەستێ و لەو ساڵانەوە کورد و کێشەکەی دەبێت.ە مژاری سەرەکیی نووسینەکانی. پەرتووکەکانی لەسەر کێشەی کورد ئەمانەن:
1 ئاگری دەبریسکێتەوه، 1994
2 ئەڵاهوئەکبەر، 1998
3 خوێنی بێداری مردوان، 1999
دوایین پەرتووکی کە بڵاو بۆتەوه، نووسینەکانم لەسەر زۆردارییه. ئەم پەرتووکە هەڵبژاردەی بابەتەکانێتی کە لەنێوان ساڵانی 1952 بۆ 1998 بڵاوی کردونەتەوە و لەگەڵیشیدا وێنەی گرافیستی کورد سەرحەد باپیری بڵاو کردۆتەوه. لەم ساڵانەی دواییدا پەرتووکێکی لەبەردەستدا بوو بەناوی هەڵکشان بەرەو ئاگری، بەڵام تا ئێستا دیار نییه، پەرتووکەکەی تەواوکردووە یان نا.
نیکۆس کاسداگلیس نەڤیسکاری مەزنی یۆنانی و دۆستێکی هێژای گەلی کورد بوو و لە ڕێگەی پێنووسەکەیەوه، گەلی کوردی بەنەتەوەی یۆنان ناساند.
ڕۆژی 17-02-2009، کورد دۆست و نووسەری مەزنی یۆنانی، نیکۆس کاسداگلیس لە تەمەنی 81 ساڵیدا لەدوڕگەی ڕۆدۆس بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.