لە نێڤەمبەری 1946دا (4ی سەرماوەزی 1325ی کۆچیی ھەتاوی)، پەخشی بەرنامە سیاسییەکانی خۆی بە زاراوەی سنەیی دەسپێکرد، ھۆی سەرەکیی دامەزراندنی ئەم ڕادیۆیە، ڕووداوەکانی پاش سێپتەمبەری 1941 لە ئازەربایجان و کوردستان بوو.
پاییزی 1948 ڕادیۆ کوردیی تاران بە دوو زاراوەی کورمانجی و سۆرانی بەرنامەی پەخش دەکرد، ھەرچەند کە لەو کاتەدا کاتی بەرنامە کەم بوو بەڵام بەرەبەرە لەگەڵ زۆر بوونی کاتی بەرنامە لایەنە فەرھەنگی و کۆمەلایەتی و ھونەریەکانی سەرنجێکی زیاتریان پێدا.
لە کۆتایی یەکانی ئەم قۆناغە دا،(1960-1961) بەرنامەکان لە تاران ئامادە دەکران و بۆ بڵاوبوونەوە بەڕی دەکران بۆ کرماشان. لەگەڵ گواستنەوەی کارگێڕانی ڕادیۆ لە تارانەوە بۆ کرماشان، قۆناغی سێھەمی، (1962 تا 1979) دەبێ بە دەورەیەکی زۆر گرینگی ڕادیۆ کوردی بزانین چوونکو لەم قۆناغە دا جگە لە پێشکەوتنی بواری تەکنیکی، لەڕووی چەندایەتی و چۆنایەتیشەوە ڕادیۆ کوردی گەشەیەکی چاکی کرد، بە جۆرێک کە ماوەی بەرنامەکان لە 5 کاتژمێرەوە لە سەرەتای ئەو قۆناغە، گەیشتە 18 کاتژمێر لە کۆتایی ئەو قۆناغەدا. شەڕی چەکدارانەی کوردەکانی عێراق لەگەڵ حکوومەتی بەغدا، زۆر بوونی ماوەی بەرنامەکانی ڕادیۆ کوردی بەغدا لە 6 سەعاتەوە بۆ 16 سەعات لە لایەکەوە و پێویستیی شوێندانان لەسەر بیروڕای گشتی کوردەکان لە باکووری عێراق، لە لایەکی دیکەوە بوونە ھۆی پەرەی ڕادیۆ کوردیی تاران لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە.
جۆربە جۆر بوونی بابەتەکان، سەرنج دان بە بابەتە فەرھەنگی و کۆمەڵایەتی وھۆنەرییەکان بۆ وێنە ھۆی ھۆگر بوونی ژمارێکی زۆری خەڵک بە ڕادیۆ کوردی تاران بوو.
دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران (ساڵی 1979) لەگەڵ بە دی ھاتنی گۆڕانکارییەکان لە ڕادیۆ و گۆرانی ئامانجە میدیاییەکان، ڕادیۆ کوردیی تاران خولێکی نوێی چالاکییەکانی خۆی لە تاران دەسپێکرد. ھاوکات ماوەی بەرنامەکان لە کرماشان کەم بووە وە و تا ساڵی 1983 پەخشی بەرنامەکان لە کرماشان ڕاگیردرا.
یەکێک لە گرینگترین ئامانجە میدیاییەکان زاڵ بوونی ڕوانگەی ئیسلامی بە سەر ڕادیۆ کوردیی تاران دا بوو، بەڵام ئەم بۆچوونە نەک ھەر لە سەر پێکھاتەی ڕادیۆ و ڕەوتی بەرنامەکان بەڵکوو لەسەر چۆنیەتی ڕەوتی ھەواڵ، فێرکاری و ڕێنوێنیەکان و ھتد شوێنێکی یەکجار زۆری داناوە بە جۆرێک کە ئێستا بابەت و چەمکی دینی و مەزھەبی لە ھەموو بەرنامەکاندا جێگایەکی تایبەتی ھەیە.