لەدایکبووی 1968 شاری #دەربەندیخان#ە، خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی هەر لەو شارە تەواو کردووە، دوای وەرنەگیرانی لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی #سلێمانی# بە ناچاری ڕووی لە ئامادەیی پیشەسازیکردووە. لەتەمەنی مناڵی و گەنجێتیدا تەنها خولیای وێنەکێشان بووە و بەشداری زۆربەی پێشانگاکانی قوتابخانەی کردووە، هەروەها پێشانگای تایبەت بەکارەکانی خۆی کردۆتەوە، خاوەنی چەندین تابلۆیە لەوانە (سێوەکەی #هەڵەبجە# 1988 ڕۆنی). لەساڵی 1987 خێزان پێکەوە دەنێت و دەبێت بە خاوەنی دوو کچ بە ناوەکانی موژدە و خەندە، لەکارەساتێکی دڵتەزێندا پاش ڕاپەڕین خێزانەکەی و خەندەی دووساڵان گیان لەدەست دەدەن. بە هۆی ئاوارەبوون و دەستنەگەشتن بەکهرەستەی پێویستی نیگارکێشان ڕوو دەکاتە دونیای نووسین. لەساڵی 1995 لە ئەڵمانیا دەگیرسێتەوە، چەند ساڵێک ئەندامی پێن PENی کورد بووە لە بەرلین، یەکێک بووە لەو پێنج کەسە خۆبەخشەی کاروانی ئاشتی لە ساڵی 2000دا بە نیازی یەکخستنەوەی ماڵی کورد گەڕانەوە بۆ کوردستان، تا ئێستا چەندین کۆڕی ڕۆشنبیریی لەدەرەوەو ناوەوەی کوردستان بۆ گیراوە، خاوەنی کۆمەڵێک وتار، دیوانێکی شیعر بەناوی ئێوارانی من و نەورەسەکان و کۆمەڵە چیرۆکێکە. لە ساڵی 2004 بۆ جاری دووەم خێزانی پێکەوە ناوەتەوەو لە 2007 ەوە لە وڵاتی سویسرا دەژی و سەرقاڵی چەند پرۆژەو کاری ئەدەبییە.[1]