ماداکتۆ، Madakto، دەڕەشار یان شاری مێژوویی سەیمەرە، (بە فارسی: درەشهر) ، یەکێک لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە پارێزگای #ئیلام# هەڵکەوتووە.
ماداکتۆ یەکێک لە مێژووییترین شارەکانی کوردستانە و پێشینەیەکی دوورودرێژی هەیە. بە درێژایی مێژوو ئەم شارە چەندین جارە وێران کراوە و دووبارە ئاوەدان کراوەتەوە. لە هێرشی عەرەب و ئاشوورییەکان دا ئەم شارە چەند جار خاپوور کراوە و سەر نوێ دامەزراوەتەوە. بەپێی بیروڕای شارەزایان، ئەو شارەی کە ئێستا لە ئێران بە دڕەشەهر ناسراوە لەسەر وێرانەکانی ماداکتۆ، پێتەختی ئیلامییەکان ئاودان کراوەتەوە. وا دیارە کە ماداکتۆ یەکەمین شاری ئیلامی بووە کە لە هێرشی ئاشوور بانی پاڵ دا وێران کراوە. لە سەردەمی ئەخمینیەکان دا ئەم شارە یان بە وێرانەیی ماوەتەوە یان چیتر بایەخی و گرینگایەتی پێشووی نەبوو. بەڵام لە سەردەمی ئەشکانییەکان ئەم شارە دووبارە ژیاوەتەوە و نۆژەن کراوەتەوە وە لە سەردەمی ساسانیەکان دا بە تەواوی ئاوەدان کراوەتەوە و پەرەی سەندووە.
سکە و پارە ئاسنیە دۆزراوەکان لە کەلاوەکانی ماداکتۆ دەگەڕێتەوە بۆ خوسرەوی سێیەم و جێنشینەکانی. ئێستاکە ئەم شارە لە بناری کێو و لە داوێنەی کلاوەکانی شارەکەی سەردەمی ساسانی و لەسەر کەناری ڕووباری سەیمەرە دایە. ئەم شارە لە بواری کشتوکاڵ، سەرچاوە ئاوییەکان، لەوەڕگە و دارستانەوە زۆر پڕپیت و بەهێزە.
ماداکتۆ 125 کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای ئیلام، واتە شاری ئیلام دوورە و لە هەڵکەوتەی جوگرافیایی N33 07 50، E47 21 55 دایە و 720 میتر لە ئاستی دەریا بەرزە. ئەم شارە لە بناری کەویرکێو، لە زاگرۆسی ناوەندی دامەزراوە. ئەم ناوچەیە کە جوگرافیزانان، مێژووناسان و شوێنەوارناسان بە دەشتی سەیمرە ناوی دەبەن 1500 کیلۆمتری دووجا یەکێک لە ناوچە مەزنە مێژووییەکانی کوردستانە.
مێژووی ئەم ناوچە دەگەڕێتەوە بۆ دە هەزار ساڵ لەمەوپێش وە دۆزراوە مێژووییەکانی پشتی بەنداوی سەیمەرە و شوێنەوارگەلی نوێسەنگی هەتاوەکوو سەردەمی قاجار ئەمە دەسەلمێنێت.
شاری مێژوویی سەیمەرە (ماداکتۆ) کە ئێستا شاری نوێی دەڕەشار لەلایەنی خۆرهەڵاتی و خۆرهەڵاتی باکووری ئەو ئاوەدان کراوەتەوە، بەشێکی زۆری شارەکە لە خۆ دەگرێت وە ئێستا زیاتر لە نیوەی شوێنەوارە مێژووییەکە ماوەتەوە.
شاری کۆنی بەجێماو لە شارستانییەتی سەردەمی ساسانییەکان هەندێ شوێنەواری مەیدان و خیابان و بازاڕی دانووساتان لە خۆ دەگرێت کە لە ڕووبەرێکی 60 هێکتاری دا خۆی دەنوێنێت. خانوو و بیناکانی ئەم شارە کە لە سەردەمی ساسانییەکان درووست کراون لە بەرد و گیراوەی گەچ (بەرد و سارووج) پێکهاتوون و ژمارەیەکی زۆرە لە تاقە کەوانییەکان شوێنی ژیانی خەڵکی ئەو ساتە بوونە. لە بەرزاییەکانی نزیک بە ڕووبارەی ئەم شارە مێژووییە کلاوەکانی قەڵایەکی گەورە بەدی دەکرێت کە لەوبەرییەوە شوێنەواری ئاتەشگایەکی هەمان سەردەم دەبینرێت.
خاکی ماداکتۆ زۆر بەپیتە و هەر لەبەر ئەمە لە ڕۆژگارانی زۆر کۆنەوە ئەم شارە ئاوەدان بووە و مرۆڤی تێدا ژیاوە. لە ڕاستی دا دوو شاری ماداکتۆ و شیروان گرینگترین شوێنە هەرەباستانیەکانی پارێزگای ئیلامن.
لە پەرتووکی بوومەلەرزەکانی ئێران (زمین لرزە های ایران) باس لە بوومەلەرزەیەک کراوە کە لە ساڵی 258ی کۆچی ناوچەی سەیمەرەی لە ناو بردووە. هەژانەهێزی ئەم بوومەلەرزە ئەوەندە زۆر بووە کە بە پێی بەراوردەکان لەو کاتە دا 20 هەزار کەسی کوشتووە. بە وتەی شوێنەوارناسان لە خودی شاری ئێستای ماداکتۆ و ڕێگای ماداکتۆ بۆ گامێشان لە لای ڕۆژهەڵاتی شارەوە، ڕمان و تێکشکانی بەردەکانی ناوچەکە نیشاندەری بوومەلەرزەیەکی زۆر توندە کە بەتەواوی ئەم شارەی وێران کردووە.
شوێنە گەشتیارییەکان:
دۆڵی بارام
ڕووباری سەیمەرە
کلاوەکانی ماداکتۆ
ئاتەشگای دێی سوورئاوا
قەڵای شێخمەکان
ئیمامزادە باوە سەیفەدین
پردی کۆنی سەیمەرە (دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ساسانییەکان)
قەڵای هاشمئاوا
بەرزاییەکانی کەویرکێو
قەڵای هەزاردەر