لە(02-06-2010)ەوە ڕادیۆی دەنگ وەکو میدیایەکی کۆمەڵگەیی سەربەخۆ لەگەرمیان لەژێر دروشمی (رادیۆیەکی ئازاد بۆ خزمەتی ئازادیی) دا دەستی بەکار کرد، ئامانجیشی بریتیی بوە لە قسەکردن لەسەر ئازادیی و مافەکانی مرۆڤ و بەرەوپێشەوەبردنی دیموکراسیی.
رادیۆیەکی سەربەخۆیەو ڕۆژانە بۆ ماوەی پێنج کاتژمێر لە ناوچەی گەرمیان بەرنامەکانی بڵاودەکاتەوە. ڕۆژی 04-03-2010 لەلایەن ئاساییشی یەکێتییەوە داخرا.
ناساندن:
رادیۆی دەنگ، یەکەمین ڕادیۆی کۆمەڵگەیی ئەهلیە لە گەرمیان.
لە ساڵی 2010ەوە دامەزراوه و لە بەرواری 6ی شوباتی ئه و ساڵەوە، دەستی کردوە بەپەخشی خۆی لە سنوری قەزای کەلار و دەوروبەری.
ئەم ڕادیۆیە، لەلایەن ڕۆژنامەنوسان (جەزا محەمەد) و (ئازاد عوسمان) و (محەمەد ڕەحیم)ەوە بەهاوکاری ژمارەیەک گەنجی ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی خۆبەخش دامەزراوە، ئامانجیشی بریتیی بوە لە پەرەپێدانی دیموکراسیی و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی هاوڵاتیانی سنوری گەرمیان لەرێگەی ئه و بەرنامه و هەواڵ و بابەتانەی کە بەدواداچونیان بۆ دەکات.
رادیۆکە، بە نوسراوی ژمارە (265) لە بەرواری (2/2/2010) و بەرێگەپێدانی وەزارەتی گواستنەوه و گەیاندن بۆ شەپۆلی ڕادیۆکە بە نوسراوی ژمارە (368) لە بەرواری (2/2/2010) مۆڵەتی کارکردنی وەرگرتوە.
لەئێستادا ڕۆژانە 24 کاتژمێر لە سنوری گەرمیان، لەسەر شەپۆلی 99.9 FM پەخشی بەرنامەکانی دەکات.
رادیۆکە، ڕادیۆیەکی کۆمەڵگەییە، واتا بۆ کۆمەڵگه و ناوچەی گەرمیان بەتایبەتی پەخش دەکات، لەبوارە جیاوازەکانی وەکو: سیاسیی، کۆمەڵایەتیی، ئابوری، ڕۆژشنبیریی، کەرتی خزمەتگوزاریی و حکومیی و وەرزشیی و... هتد، بەدواداچون دەکات. هاوکات بەدواداچونیش بۆ پرسە نیشتمانیی و کێشە سەرانسەریەکان دەکات و ڕەهەندە نیشتمانیی و مرۆڤانەییەکانی بەهەند وەرگرتوە.
ئەنجومەنی دامەزراندن:
- جەزا محەمەد سەمین.
- ئازاد عوسمان محەمەد.
- محەمەد ڕەحیم کەریم.
- بریا ساڵەح
- محەمەد حسێن
دارایی ڕادیۆی دەنگ:
ئەم ڕادیۆیە، ڕادیۆیەکی قازانج نەویستە، بۆ بەڕێوەبردنیشی پشت بە داهاتی ڕیکلامی بازرگانیی و پرۆژه و هاوکاریی ڕێکخراوە ناحکومیی و نا حزبیەکانی ناوخۆ و دەرەوه و هەروەها پیتاکی هاوڵاتیان دەبەستێت، به و مەرجەی کاریگەریی نەکاتە سەر ڕێڕەویی ئیشکردنی ڕادیۆکە.
ئه و داهاتانەی کە بەدەست دێن، بەشێکی بۆ کارمەندانی ڕادیۆکە وەکو کرێی ئیشکردن خەرج دەکرێت و بەشێکی تریش بۆ پەرەپێدانی ڕادیۆکە تەرخان دەکرێت.
رادیۆی دەنگ، بە هیچ شێوەیەک، کۆمەکی دارایی و لۆجستی، لە حزب و ڕێکخراوە حزبیەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقیی وەرناگرێت.
ستافی ڕادیۆی دەنگ:
ئەوانەی کار لە ڕادیۆی دەنگ دەکەن، ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی خەڵکی گەرمیانن، بەشێکیان ڕادیۆی دەنگ خۆی لە ڕوی کاری پیشەیییەوە پێی گەیاندون لەرێگەی ئه و خول و کۆرسانەی کە کردویەتییەوە.
ئەم کارمەندانە، بەرنامه و پرۆگرامەکانی ڕادیۆ ئاماده و پێشکەش دەکەن و بەشدارییش لە چالاکییەکانی دیکەی ڕادیۆ دا دەکەن.
ئەم ستافە بەشێکی بە خۆبەخشیی و بەشێکی تریشیان بە موچه و بەشێکی دیکەشیان بە پاداشت کار دەکەن.
هەمو کارمەندێکیش، پەیوەستە بە پەیماننامەی شەرەفی کارکردن لە ڕادیۆی دەنگەوە.
پەیماننامەی شەرەفی کارکردنی ڕادیۆی دەنگ:
بەپشت بەستن بە پەیماننامەیمیثاق شەرەفی ڕۆژنامەنوسانی نێودەوڵەتی، ڕادیۆی دەنگ وەکو پرنسیپ و بنەما، پەیماننامەیەکی بۆخۆی داڕێژارەوە، کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
پەیماننامەی شەرەفی کارکردنی ڕۆژنامەنوسی (رادیۆی دەنگ)
لەژێر ڕۆشنایی پەیماننامەی شەرەفی کارکردنی ڕۆژنامەنوسی جیهانی، (رادیۆی دەنگ) ئەم پەیماننامە (8) خاڵییەی پەسەند کردوه و پێویستە کارمەندەکانی پێوەی پابەند بن
1. ئەرکی سەرەکییمان، داکۆکی کردنە لە (ئازادیی)، چەمکی ئازادیی وەک لە (جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ) دا هاتوە، هیچ کارێکی ڕۆژنامەنوسی لە ڕادیۆدا ناکرێت پێچەوانەی ئەم پرنسیپە.
2. ڕێزگرتن لە وەرگران بە پێشکەشکردنی هەواڵ و زانیاریی ڕاست، دروستنەکردن و بڵاونەکردنەوەی هیچ هەواڵێکی ناڕاست و بێ بنەما.
3. بەکارنەهێنانی سەکۆی ڕادیۆ بۆ هێرشکردن و سوکایەتییکردن بە هەر: ئاین، بیروڕایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، نەتەوە، مەزهەب، ڕەگەز و گروپێک، بەپێچەوانەوە کارکردن بۆ قوڵکردنەوەی گیانی گفتوگۆ و یەکتر قبوڵ کردن.
4. دەرفەتدان بە ڕا و ڕای پێچەوانە، بەرکارنەهێنانی مینبەری ڕادیۆ بۆ: هێرشی تاکەکەسیی، جنێودان، ناوزڕاندن و سوکایەتی.
5. بەکارهێنانی شێوازی ڕێپێدراو مشروع بۆ گەیشتن بە هەواڵ و زانیاریی، دورکەوتنەوە لە هەڵبەستن و ساختە، دڵنیابون لە دروستی بەڵگه و زانیارییەکان.
6. لەکاتی هەڵەکردن، هەڵەکە بەزویی چاک دەکرێتەوه و ئەگەر پێویستی کرد پۆزش دەهێنرێتەوە.
7. پاراستنی سەرچاوەی هەواڵەکان و نەدرکاندنی ناوی سەرچاوەکان لە هەر بارێک دا بێت.
8. وەرنەگرتنی پاداشت و دیاریی و پارە لەبەرامبەر بڵاوکردنەوە یان شاردنەوەی هەواڵ و زانیاریی.
پرۆژەکانی ڕادیۆی دەنگ:
رادیۆی دەنگ لە ماوەی تەمەنیدا، چەندین پرۆژەی هاوبەش و تەنیای لە بوارە جیاوازەکان ئەنجامداوە، هەندێک بەهاوکاری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و هەندێکی تریشی بە هاوکاری دەزگاو کەناڵەکانی دیکە.
ئه و ڕێکخراوانەی کە ڕادیۆی دەنگ کاری لەگەڵدا کردون، بریتیین لە:
- کۆمەڵەی لاوانی زەنور.
- ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی.
- ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان.
رێکخراوی ئاسودە.
- ڕێکخراوی کۆمەڵگەی کراوە OSI.
- ڕێکخراوی سندوقی پاڵپشتی دیموکراسی NED.
هەروەها بەشداریی لە چەندین هەڵمەتی جیاجیای هۆشیاریی فەرمانگه و بەڕێوەبەرایەتیەکانی سنورەکە کردوە، بەتایبەت هەڵمەتەکانی هۆشیاریی تەندروستی.
ماڵپەڕی ڕادیۆی دەنگ:
ماڵپەڕی ڕادیۆی دەنگ، خزمەتگوزاریی ئۆنلاینی ڕادیۆکەیە، تیایدا هەمو ئه و هەواڵ و بەرنامه و ڕاپۆرت و دیدار و بەداواداچونانە بڵاودەکرێتەوە، کە ڕادیۆکە لەسەر شەپۆلی زەمینی خۆی پەخشی دەکات. هاوکات، هەندێک بەرهەم و بابەتی دیکەش تایبەت بە ماڵپەڕەکە بڵاودەکاتەوە.
لەگەڵ گەشەسەندنی تۆڕی ئینتەرنێت و بەکارهێنانی بە بەرفراوانی لەلایەن هاوڵاتیانەوە، ڕادیۆی دەنگ دەیەوێت لەرێگەی ئەم ماڵپەڕەوە بەشێک لە بەرهەمەکانی خۆی بۆ وەرگران بخاتە ڕو، بە ئامانجی سود بینین لە ناوەڕۆکەکەیان.
ئەم ماڵپەڕە، بە هاوکاریی دارایی سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسیی NED دروستکراوه و کاری تێدا دەکرێت.
لەروی پیشەییەوە، کارکردن لە ماڵپەڕەکە، بەهەمان شێوەی کارکردنە لە ڕادیۆکە و ئەمیش پابەندە بە پەیمانی شەرەفی ڕۆژنامەنوسی ڕادیۆی دەنگ.
چالاکی دیکە:
جگە لە ئەنجامدانی چەندین بەرنامه و پرۆژەی هاوبەشی ڕادیۆیی و ڕاگەیاندن، ڕادیۆی دەنگ چەندین پرۆژەی دیکەی لە بوارە جیاوازەکان ئەنجام داوە لە دەرەوەی کاری میدیایی، لەوانە:
- کردنەوەی خول و کۆرسی ڕاهێنانی ڕۆژنامەنوسی.
- ئەنجامدانی هەڵمەتی هۆشیاریی ژینگەیی.
- ئەنجامدانی هەڵمەتی کۆکردنەوەی جلوبەرگ بۆ ئاوارەکانی ڕۆژئاوا.
- ئەنجامدانی چەندین کۆڕ و سیمینار.
لەگەڵ چەندین پرۆژەی تر.