لە ساڵی 1930 دا لە مۆسکۆ لەدایک بووە. زانستی مێژووی لە زانکۆی مۆسکۆ تەواوکردووە و لە ساڵی 1956 دا دوکتۆرای وەرگرتووە. هەر لە تەمەنی لاوێتی و سەرەتای ژیانی خوێندکارییەوە، خولیای شارەزابوونی دەربارەی مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی مێژووی نەتەوەی کورد لەلا درووست بووە. لە ساڵی 1964 دا دوکتۆرای دووەمی بەدەست هێناوە کە کارنامەکەی بریتی بووە لە لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی و زانستی لەسەر مێژووی کورد بەناوی (کوردستان و مەسەلەی کورد، 1890-1917) کە شیکردنەوەی بارودۆخی ڕامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتیی کورد و کوردستان بووە و سەرکەوتنێکی گەورەی تێدا بەدەست هێناوە. لە ساڵی 1970 دا نووسەر خۆی هەندێک گۆڕانکاریی تێدا کردووە و ئەو پەرتووکە گرنگەی لەژێر سەرناوی (مەسەلەی کورد)، لە 400 لاپەڕەدا بە زمانی ڕووسی بڵاوی کردووەتەوە. ئەو پەرتووکە بەهەردوو شێوەزمانە سەرەکییەکەی زمانی کوردی، (کرمانجیی ژووروو و کرمانجیی خواروو)، لە رووسییەوە وەرگێڕدراوە و بڵاوکراوەتەوە.
لازەریف یەکێک بووە لە کوردناسە شارەزا و بەناوبانگەکانی سۆڤێتی جاران و ئەندامی بەشی کوردیی بووە لە زانستگای ڕۆژهەڵاتناسیی سۆڤێتی. لازەریف شارەزا و پسپۆڕ بووە لە مێژووی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکاندا. شایەنی باسە کە بەرهەمەکانی لازەریف پلەیەکی بەرزی ئەکادیمی و زانستییانەی هەیە و خۆیشی وەکوو کەسایەتییەک و مێژوونووسێک هەتا دوا هەناسەکانی ژیانی پەیوەندییەکی دۆستانە و پتەو و بەویژدانانەی لەگەڵ بزووتنەوەی کوردایەتیدا هەبووە. زۆرتر لە 140 بەرهەمی مەزنی بڵاوکردووەتەوە لەشێوەی پەرتووک و نامیلکە و وتاری مێژوویی و ڕامیاری و ڕۆشنبیریدا کە بەشێکی بەرچاو و گرنگیان لەسەر کورد و کوردستانە. شایانی ئاماژەپێدانە کە بەسەدان خوێندکار لەبەردەستی لازەریف، بەسەرپەرشتی و ڕێنیشاندان و هاوکاریی دڵسۆزانەی ئەودا، کارنامەیان نووسیوە و دوکتۆرایان وەرگرتووە کە دەیان خوێنکاری کوردیشیان تێدا بووە. بێگومان لازەریف بە یەکێک لە دۆستە دڵسۆزەکانی کورد و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان دادەنرا کە لە راستیشدا هەر وابووە.
لە #09-03-2010# دا کۆچی دوایی کرد.[1]