یەکەمین ژنی گۆرانیبێژ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، نازناوی هونەری ئێران خانمە و ناوی ڕاستەقینەی ئێران موجەردە. پاش ئەوەی لە ڕادیۆی ئ#ورمێ# دەستی بەکار و تۆمارکردنی گۆرانییەکانی کردووە، لەلایەن بەرپرسانی ڕادیۆ و هونەرمەندانی دیکەوە نازناوی خانمی لەسەر دانراوە.
خانمی دەنگخۆش ئێران، لەساڵی1950-1951 لە بنەماڵەیەکی جووتیار و هەژار لەدایک بووە. ئێران، لە گوندی ئینکەسوی هەرێمی برادۆست لەدایکبووە. ناوی باوکی عەبدولڕەحمان و دایکیشی ناوی پەرێشان بووە. وەک دەگوترێت پەریشان ژنێکی دەنگخۆش بووە ئەوەش وەک میراتێک بۆ ئێرانی کچی ماوەتەوە. جگە لەوەش سروشتی دەستلێنەدراو و ڕەنگینی هەرێمی برادۆست کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر حەز و خۆشەویستی ئێران بۆ هونەر و گۆرانبێژی داناوە. تافی منداڵی و گەنجێتی ئێران خانم، لە گوند دەرباز بووە و ئەو بۆ باشترکردنی بژێوی ژیانی بنەماڵەکەی لەناو گەورەماڵانی هەرێمەکەدا کاری کردووە. ساڵانێکی دوور و درێژ لەماڵی خانمی کیشوەر مامەدیدا وەک کچێکی ماڵ کاری کردووە. بەپێی ئەو شاهیدانەی کە ئەوکات لە نزیکەوە ئێران خانمیان بینیوە، کچێکی زۆر هێژا و شیرین و دەنگخۆش بووە. زۆرجاران لە تەمەنی گەنجی خۆیدا لە دیوانی گەورە ماڵاندا گۆرانییە پیاوانەکانی گوتووەتەوە.
لەو ساڵانەدا دەنگی ئێران خانم شایی و داوەتەکانی خەمڵاندووە و کەم داوەت هەبووە کە ئەو تێیدا بە جلووبەرگی ڕەنگین و گۆ#ڕانیە# خۆشەکانیەوە بەشداری تێدا نەکردبێت. ئێران خانم پاش ئەوەی لەگەڵ سەعیدناوێک زەواج دەکات، لە گوندی سۆمانئاوا نیشتەجێ دەبێت و بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەوێ دەمێنێتەوە. لەو گوندە بەهاریکاری مێردەکەی باشتر لە ساڵانی پێشوو کاری گۆرانیبێژی درێژە پێدەدات. مێردەکەی ڕێی لێ ناگرێت و ئەو هاوکارییەش شیرینی پێکەوە ژیانیان زیاتر دەکات.
لە ساڵی1969 بەدواوە ڕادیۆی شارەکانی ئورمێ، تاران و #کرماشان# پرۆگرامی کوردی- زاراوەی کورمانجییان هەبووە، بەڵام ماوەی پەخشیان لە نیو کاتژمێرەوە بۆ 2 کاتژمێر گۆِردراوە. پاش دامەزراندنی بەشی کوردی ڕادیۆی ئورمێ، ئیتر دەنگی گۆرانبێژانی کورمانجی دەگەیشتە باکوور و باشووری کوردستان، ئەوکات ژنی گۆرانیبێژ لە ڕادیۆکاندا نەبوون. ئێران خانم لە هەرێمەکەدا ژنێکی ناسراو بوو. لەسەر داواکاری گۆرانبێژانی وەک حەمید یوسفی، مستەفا عەلیزادە، ئیبراهیم نەورۆزی و هەروەها گرووپی مۆسیقای ڕادیۆ ئێران خانم، لەساڵی 1971دا لە ڕادیۆی ئورمێ بەشێوەیەکی فەرمی دەستی بە گۆرانیبێژی کرد. ئێران خانم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکەمین ژنی کوردە کە بە زاراوەی کورمانجی سەروو گۆرانی گوتووە و دەنگی لە ڕادیۆ تۆمار کردووە.
جێی ئاماژەیە کە ئێران بەر لەوەی کاری گۆرانیبێژی لە ڕادیۆدا دەست پێ بکات، ساڵانێک بوو کە ناوبانگی دەنگی لە شار و گوندە کورمانجنشینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو ببوویەوە و هەتا لە باکووری کوردستانیش ئێران خانم، لە ناو خەڵکیدا کەسێکی ناسراو بوو. کاتێک لە ڕادیۆ دا دەستی بەکار کرد، ئیدی وەک کەسێکی بەناوبانگ لە هەر شوێنێکی کوردستان خۆشەویست و ناسراو بوو. لەناو کورد، میراتی ژن لە بواری هونەر و گۆرانیبێژیدا زۆر دەوڵەمەندە، بە هەزاران ژن و کچ هەبوونە و (ئێستاش هەن) کە لە بوارەکانی وەک دەنگخۆشی، داهێنان و گۆرانیبێژیدا سەرمەشقن، بەڵام لەبەر سیستەمە پیاوسالارەکان و هەندێک لە یاسای ئیسلامییە وشکەکان، دەنگەکانیان کپ بووە. لەگەڵ هەموو ئەو ئاستەنگانەدا کە لە بەردەم ژنی کورد بوونە، دیسان ژمارەیەکی کەم لەو ژنانە گوێیان نەداوەتە ئەو عورف و عادەتانەی کە لەگەڵ پێشکەوتنی سەردەم نەبوون. ئەوان کەلام و قەسیدەیان گوتووە، لە شایی و بۆنە کۆمەڵایەتییەکاندا بەشدار بوونە و شانبەشانی پیاوەکانیان شایستەیی خۆیان لە گەلەک بواردا سەلماندووە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەگەڵ ئەوەیدا کە بەر لە ئێران خانم، ژنی دەنگخۆش و هونەرمەند هەبووە، بەڵام ئەوان وەک ئێران خانم بەجەرگ نەبوونە و وەک ئەو نەیانتوانیوە بەشێوەیەکی فەرمی کاری هونەری خۆیان لە ڕادیۆ و ستۆدیۆکان تۆمار بکەن. چونکە ئەو کارە لە کۆمەڵگەی کوردستانی ئەو سەردەمەدا عەیبێکی گەورە بوو و هەمووان گاڵتەیان پێ دەکرد و بەچاوێکی سووکەوە سەیری کارەکانیان دەکرد.
بەڵام ئەو لەسەر هونەری گۆرانیبێژی خۆی پێداگر بوو. لەبەر ئەوەی بۆ ئەو سەرچاوەیەکی بژێوی بوو و هەمیش لە ناخی دڵەوە حەزی لێ دەکرد. لەسەر ئەو بنامەیەش مرۆڤ دەتوانێ بڵێت کە ئێران خانم، ڕەوشێکی فەرمی دابووە کاری هونەری خۆی و وەک یەکەمین ژنی کوردی گۆرانیبێژ لە ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەناسرێت. لەناو کوردەکانی پارێزگای خۆراسانیشدا ژنێک هەبووە بەناوی (بانو شێروانی) کە بە زاراوەی کورمانجی لە ڕادیۆی شاری مەشهەد گۆرانی چڕیوە. بەڵام نازانرێت کە ئایا بەر لە ئێران خانم، دەستی بە گۆرانی کردووە یان نا؟ بەهەر شێوەیەک بێت ئەو دوو ژنە لە ناو کوردە کورمانجەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ڕچەشکێن بوون. لە ناو دراوسێکانی کورددا ئەگەر ژنێک بیویستایە ئەم کارە بکات، زەحمەت بوو کە بتوانێت لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە، بۆیە ناچار ڕووی لە تاران دەکرد و لەوێش بە زمانی فارسی گۆرانی دەگوت، بەڵام بەپێچەوانەی ئەوان، ئێران خانم و بانوو شێروانی وەهایان نەکرد و لەناو گەلدا مانەوە. بەپێی شاهیدان و کەسانی نزیکیان هەردوو ژنەکە لە بواری ئەخلاق و پێوەرە کولتوورییەکانی کۆمەڵگەی ئەو سەردەمە هێژا بوون و خاوەنی کەسایەتی خۆیان بوون. لە هەرێمی ئەردەڵانیش یەکەمین کچ کە بە زارەوەی کورمانجی ناوەڕاست(#سۆران#ی) گۆرانی گوتووە، فەتانە وەلیدی بوو کە بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵ گۆرانییەکانی خۆی لە ڕادیۆی #سنە#دا تۆمار کردووە. لە ناوچەی موکریانیش مەنیج حەیران، یەکەم ژن بووە کە گۆرانی گوتووە، بەڵام بەداخەوە گۆرانیەکانی تۆمار نەکراوە.
ئێران خانم لەساڵی1971 تا ساڵی 1979 کە کۆماری ئیسلامی لەو ساڵەدا دامەزرا مانگی 2 جار لەگەڵ کچەکەی بەناوی گولیستان دەچووە، ڕادیۆی کوردی ئورمێ و گۆرانیەکانی تۆمار دەکرد. کاتێک گۆرانیەکانی لە ڕادیۆوە پێشکەش دەکرد، نامەی هۆگرانی دەنگی جارلەجار زیاتر دەبوو. حەز و خۆشەویستی ئێران بۆ گۆرانی گوتن زۆر بوو، بەڵام بەرپرسانی حکوومەتی پەهلەوی، نەیاندەویست ماوەی کاری ڕادیۆی کوردی زیاتر بکەن. چونکە کارێکی وا ڕێی لە پرۆسەی تواندنەوەی زمان و کولتووری کوردی دەگرت. ئامانجی ئەوان لە دامەزراندنی ڕادیۆی کوردی لە ئورمێ، کرماشان و تاران ئەوە بوو، کە ڕێ لە کوردانی ڕۆژهەڵات بگرن تا تێکەڵ بە شۆِرشی نەمر مستەفا بارزانی لە باشووری کوردستان نەبن.
گۆرانیبێژیی، لە هەرێمی ئورمێ تا #ماکۆ# و کورمانجەکانی خۆراسان لەژێر کاریگەری گۆرانیبێژیی سەرحەدی باکووری کوردستاندا بووە. ئەو کلامە کوردییانەی کە لەرێگای ڕادیۆی ئیریڤانەوە بلاودەکرانەوە، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر گۆرانیبێژی کوردانی ڕۆژهەڵات داناوە. لەبەر ئەوەش کاتێ مرۆڤ گوێ لە گۆرانییەکانی ئێران خانم دەگرێت، کاریگەرییەکی لەو جۆرەی بۆ ئاشکرا دەبێت. ناوەرۆکی زۆربەی گۆرانییەکانی ئێران خانم سەرچاوەیان لە فۆلکلۆری دەوڵەمەندی کوردستانەوە گرتووە. ئەو وەک گوتەبێژێکی گەلی هەرێمەکە گۆرانی گەلەری دەڵێت کە باس لە کێشەکانی ناو کۆمەڵگەی ئەو سەردەمە دەکات. گۆرانی وەک: عاریفۆ لاوۆ، باژۆ ئەمیرێ من، باڤێ لالۆ، دەلال ئەز حەیران، دەلال لۆ، دەلالێ مالێ، دلێ من لۆی لۆی، دۆتمام و پسمام، فلیتێ قوتو، حەدۆ ڕابە، کوڕێ خەلاقێیو دەلال، لێ لێ یەمان(دۆمامێ)، شەڕێ جەز و سالیحبەگێ، یار گەورە و چەندین گۆرانی دیکە کە بە ناوەرۆک لەگەڵ ئەوەدا هەموویان گەلەرین و باس لە ئەڤین و وەفاداری ژنی کورد دەکەن، لەسەر ئاغا و مێرخاس و بەگەکانی کورد گوتراون. کاتێک ئێران خانم گۆرانی ئەڤینداری دەڵێت، هونەری گۆرانیبێژییەکەی باشتر بۆ بیسەرانی ئاشکرا دەبێت، ڕەنگە هۆکارەکەشی ئەوە بووبێت کە ئێران لە ژیانی خێزانی و ئەڤینداری خۆیدا شکستی هێنابێت. هەرچەندە ژمارەی ئەو گۆرانییانەی کە ئێران خانم لە ڕادیۆی کوردی ئورمێ تۆماری کردووە، نازانرێت، بەڵام ئەگەر لەماوەی ئەو 8-9 ساڵەی کاری فەرمی خۆیدا(1971تا1979) مانگێ دووجار چووبێتە ڕادیۆ، ژمارەیەکی زۆری گۆرانی تۆمار کردووە. هاوکات ئەوەش نەزانراوە کە چەند گۆرانی بێ موزیک و بە موزیکەوە تۆمار کردووە. پاش تێکچوونی ڕژێمی شاهەنشاهی، ڕژێمی ئیسلامیش دەرگای ئەرشیفی کوردی ڕادیۆکەی داخستووە و ڕێگە بە کەس نادرێت کە لەوبارەیەوە لێکۆڵینەوە بکات. پێدەچێت کە بەرپرسانی حکوومەتی نوێ لە ساڵانی شەڕی نێوان کورد و پاسدارەکاندا، هەموو ئەرشیفی کلام و گۆرانییە کوردییەکانی لەناو بردبێت. هونەرمەند ئێران خانم لە31 ساڵ خەباتی هونەری خۆیدا زیاتر لە 100 گۆرانی گوتووە کە لە سەرانسەری کوردستاندا بڵاوبووەتەوە. ئەوە تەنیا ژمارەی ئەو گۆرانیانەیە کە بەناوی ئەوەوە لە ناو گەلدا بڵاوبووەتەوە، بەڵام ئێران خانم سەدان گۆرانی فولکلۆری و گەلەری گوتووە و لە ڕادیۆدا تۆماری کردووە.
دوای نزیکەی 30 ساڵ ژیانی هاوبەش لەگەڵ سەعیدی مێردی، کە ببوونە خاوەن کچێک و دوو کوڕ، سەعید بەپێچەوانەی ویستی ئێران خانمەوە ژنی دووهەمی هێنا. ئەوکات ماڵیان لە گوندی سۆمانئاوا بوو. ئەو ڕەوشە لاپەڕەی ژیانی ئێران خانمی گۆڕی و نەیتوانی دەردی هەوێ قبووڵ بکات. پاش شەڕ و پێداگرییەکی زۆر، ئێران خانم بڕیاری جیابوونەوە لە سەعیدی مێردی دەدات. پاش ئەوەش گوندی سۆمانئاوا و منداڵەکانی بەجێدەهێڵێت و ماوەیەکیش لای باوکی دەمێنێتەوە. دواتر بۆ جاری دووهەم لەگەڵ پیاوێک بەناویداداش ناسری ژیانی هاوسەری پێکدێنێت و لەشاری تاران نیشتەجێ دەبێت. سێ ساڵ لەوێ دەمێنێتەوە و پاشان دەگەڕێتەوە #سەڵماس# و15 ساڵیش لەوێ دەژیت. دواتر دێنە ئورمێ و لەگەڵ خێزانەکەیدا لە گەڕەکی ئیسلامئاباد خانوویەک دەکڕن و پێکەوە دووکانداری دەکەن. ئیتر لەو ساڵانەدا بێدەنگ دەبێت و تەنیا لە ناو بۆنە تایبەتی و خێزانییەکان و کەسانی ناسراودا دەنگی دەبیسترێت. لەو ساڵانەی کە ئێران خانم لە تاران بووە، کەس نازانێت لەکوێ بووە و چۆن ژیاوە. منداڵەکانیشی ئاگاداری ڕەوشی ئەوکاتی نین! بەڵام پاشان دەرکەوتووە کە بێدەنگ نەبووە و هونەرەکەی بەشێوەیەکی شاراوە درێژە پێداوە.
لەبەر ئەوەی لەو سەردەمە بێدەنگییەدا ئێران خانم، چەند کاسێتی نوێی خۆی بۆ شارەکانی باکووری کوردستان دەنێرێ، پاش بڵاوبوونەوەی کاسێتەکانی لە کوردستان و تورکیا وەها دەزانرێت کە ئێران خانم لە باکووری کوردستانە!(لەوێ دەژی)، بەڵام وەها نەبوو، ئەو لە تاران بوو. ئاشکرایە کە ئەوکات پەیوەندی ئەو لەگەڵ لایەنگرانی هونەری کوردی لە باکووری کوردستان باش بووە و کاتێک کە مافی گۆرانی گوتنی لە ئێران نەبووە، بەنهێنی کاسێتەکانی گەیاندووەتە باکووری کوردستان. ئەوەش زیاتر خۆشەویستی ئێران خانم بۆ هونەری کوردی دەسەلمێنێت. ژیانی ئێران خانم لە سەردەمی بێدەنگیدا ڕەنگێکی تر دەگرێتە خۆی و ئەوەش کاریگەری لەسەر ناوەرۆکی گۆرانییەکانی دادەنێت و بە تەواوەتی دەیگۆڕێت. ناوەرۆکی تەواوی گۆرانیەکانی ئێران خانم، لەدەستپێکی ژیانی لەگەڵ مێردی دووهەمیدا تا ئەوکاتەی دەمرێت، باس لە بێبەختی و زوڵمی پیاوی کورد لەژن دەکات؟! بەڵێ ئەڤینی30 ساڵانی سەعید هەرگیز لەبیری ئێران خانم نەچووەتەوە. ئێران خانم لە مێردی دووهەمی کوڕ و کچێکی هەیە.
ئێران ژنێکی زیرەک و قسەخۆش بوو. تەندروستی باش بوو، لە ساڵانی دوایی ژیانیدا هەمیشە خەریکی دووکانداری بوو. لەرەوشێکی وەهادا و لە 10-08-2001 هەواڵێک لە ناو خەڵکی ئورمێدا بڵاوبووەوە کە لایەنگرانی هونەری کوردی و دۆستانی ئێران خانمی زۆر غەمگین کرد. هەواڵەکە وەها بوو: ئێران موجەرەد بە خنکاندنی خۆی کۆتایی بە ژیانی هێنا!!. ئەو هەواڵە پرسیاری زۆری لای ئەو کەسانە دروست کرد کە لە نزیکەوە دەیانناسی.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لەلای منە و لە هەڤاڵانی نزیکیم بیستووە، ئێران کەسێکی دیندار بووە و زەحمەتە کەسێکی بڕوادار کاری وەها بکات. چونکە لەباری دەروونییەوە نەخۆش نەبوو تا مرۆڤ بتوانێت گومانێکی وا بکات و خۆکوشتنی بسەلمێنێت. لەبارەی مردنەکەیەوە شتی جۆراوجۆر دەگوترێت، بەڵام ئەوەی کە بە فەرمی لەلایەن پزیشکانی نەخۆشخانەی ئورمێیەوە گوترا ئەوە بوو: خۆی کوشتووە....
هۆکاری ئەو ڕووداوە تراژیکە وەک هەندێک لە نزیکانی ئێران خانم کە(نایانەوێت ناویان ئاشکرا ببێت) باسی دەکەن ئەوەیە: لەم ساڵانەی دواییدا ئێران و مێردەکەی بە کاری دووکانداریی زۆر دەوڵەمەند ببوون، بەڵام منداڵانی ژنی پێشووی مێردەکەی چاویان بڕیبووە ئەو سامانەیان و شەڕیان پێ دەفرۆشتن و داوای پارە و پولیان لێ دەکردن. بە مەزندەی ئێمە کوڕی داداشی مێردی لەبەر پارە، ئێران خانمی خنکاندووە....
بەهەرحاڵ تا ئێستا هیچ کەس شتێکی ڕوون لەبارەی مردنەکەیەوە نازانێت و بەداخەوە لێکۆڵینەوەیەکی ئەوتۆ لەبارەی هۆکاری خنکاندنەکەیەوە نەکراوە. ناوی ئێران خانم دەچێتە پاڵ ژنانێکی وەک مریەم خان، نەسرین شێروان، ئایشێ شان، گوڵبەهار، مەرزیە فەریقی، فەتانە وەلیدی و گەلێک هونەرمەندی کورد.[2]