ساڵی 1932 لە شاری #مەهاباد# لە دایک بووە. ماوەی 60 ساڵە کە ئامێرەکانی دووزەلە و نەرمەنای لێدەدات و بە لێهاتووییەوە دەتوانێت ڕێپرتوارەکانی موزیک و گۆرانی کوردی شارە جۆراوجۆرەکانی وڵاتانی ئێران، هەرێمی کوردستان و ئێراق و هەروەها تورکیا بە ئامێرەکەی بژەنێت.
حەسەن دووزەلە لە ژیانی هونەری خۆیدا لەگەڵ گۆرانیبێژی ناسراوی کورد حەسەن زیرەک، محەمەد ماملێ، مەلا حسێن عەبدوڵڵازادە و کۆمەڵێک لە گۆرانیبێژانی کورد هاوکاری کردووە.
ئەم هونەرمەندە لە ساڵی 1962ەوە تا ساڵی 2007 لە بەرنامە جۆراوجۆرەکانی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنی ناوەندی مەهاباد بە شێوەی بەردەوام هاوکاری کردووە و هەروەها لە فیستیڤاڵەکانی موزیکی سەرتاسەری ئێران ناوبەناو بەشداری کردووە.
حەسەن دووزەلە لە چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی موزیکی فەجر لە ساڵی 1989 بەشداری کرد و پلەی سێیەمی باشترین ئامێرژەنی فیستیڤاڵی بەدەستهێنا و لەلایەن ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانی فیستیڤاڵەوە دیپڵۆمای فەخری و خەڵاتی سکەی برۆنزی فیستیڤاڵی پێ بەخشرا. هەروەها لە دووەمین خولی فیستیڤاڵی موزیکی ئایینی ئێران لە ساڵی 2003 وەکوو هونەرمەندی بەرچاوی ئایینی ئێران دەستنیشان کرا.
هەروەها لە سێیەمین خولی فیستیڤاڵی ناوچەیی موزیکی ئێران لە ساڵی 2001 بەشدارییەکی بەرچاوی کرد و لە 20مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی موزیکی فەجر لە ساڵی 2005 لە بەرنامەیەکی تایبەتدا بە ناوی شەوی نای بە ئامێری دوزەلە، کۆنسێرتێکی توێژینەوەیی پێشکەش کرد.
ئەم ئامێرژەنە کوردە لە ترح تکریم واتە پلانی ڕێزگرتن لە هونەرمەندانی ئێران لەلایەن وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی ئێران، بیمە کراوە و مووچەیەکی بۆ تەرخانکراوە و ئێستا لە ماڵێکی چکۆلەدا لە شاری مەهاباد کرێچییە و بە شارەزایی بەتەواوی مێلۆدی و گۆرانی و موزیکی کوردەوارییەوە لەم شارە ڕۆژگار تێپەڕ دەکات.
شارەزایی و لێهاتوویی حەسەن مستەفاپوور تا ڕادەیەکە کە خەڵکی کوردستان نازناوی حەسەن دووزەلەیان بۆ دیاری کردووە و ئەم هونەرمەندە لە شارە جۆراوجۆرەکانی وڵاتانانی دەوروبەر هەر بەم ناوە دەناسن.[1]